9/12/2019 07:55 PM

بەبێ تایبەتمەندی خاوەن پێداویستی تایبەت مۆڵەت بە پرۆژەكان نادرێت

لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی سلێمانی، بڕیاردرا مۆڵەت بەهیچ بیناو پڕۆژەو شوێنێك نەدرێت ئەگەر تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێ نەكات، هەروەها لەهەر فەرمانگەیەكیش دوو كارمەند بۆ راییكردنی‌ مامەڵەی‌ خاوەن پێداویستییە‌ تایبەتەكان تەرخان بكرێت.

بە ئامادەبوونی‌ د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی ‌‌و ئازاد حەمە ئەمین سەرۆكی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌ و عومەر گوڵپی‌ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی ‌‌و سالار محەمەد شەریف نوێنەری‌ فەرمانگەی‌ داواكاری‌ گشتی‌‌ و میدیا شێخ ئەحمەدو حاجی‌ رێبوار ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و نوێنەری‌ زۆرینەی‌ فەرمانگەكانی‌ سلێمانی‌‌و ژمارەیەك لە ڕێكخراوەكانی‌ بواری‌ مافی‌ كەمئەندامان، كۆبوونەوەیەكی‌ فراوان بە ناونیشانی‌ (سلێمانی‌ بەرەو ئامانجی‌ باشترین ژینگە بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت) بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای‌ كۆبوونەوەكەدا، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ ئامانجەكانی‌ كۆبوونەوەكەی‌ خستەڕوو كە مەبەست لە هەڵسەنگاندنی‌ ئەو كارو خزمەتانەیە كە لە ئێستادا بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئەنجامدەدرێن ‌و دانانی‌ پلان‌و بەرنامە بۆ داهاتووی‌ كاری‌ فەرمانگەكان ئەوەش بۆ بەرزكردنەوەی‌ ئاستی‌ خزمەتگوزاری‌ تایبەت بە هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت لە سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.

وتیشی‌: بەپێی‌ بەڵگەو داتاكان، پارێزگای‌ سلێمانی‌ پێشەنگە لە بواری‌ كاركردن بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت ‌و هوشیاری‌ هاووڵاتیان بەرانبەر مافەكانی‌ كەمئەندامان‌و چۆنیەتی‌ بەجێهێنانی‌ ئەركەكان لەلایەن دامەزراوەكانی‌ حكومەت‌و كەرتی‌ تایبەت‌و رای‌ گشتی‌، بەڵام ئەم دەرئەنجامە بەهیچ جۆرێك لەئاست كێشەو گرفتی‌ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت نییە، چونكە سەرجەم فەرمانگەكان بەو توانایانەی‌ ئێستایان دەتوانن كاری‌ باشتر ئەنجامبدەن.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری‌ سلێمانی‌ و ئازاد حەمەد ئەمین سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشتی‌ خۆیان بۆ كۆبوونەوەكەو بۆ فەرمانگەكان دەربڕی‌ بۆ هێنانەدی‌ ئەو ئامانجەی‌ كۆبوونەوەكەی‌ بۆ رێكخراوە.

بەشی‌ دووەمی‌ كۆبوونەوەكە پێكهاتبوو لە خستنەڕووی‌ راپۆرتی‌ فەرمانگەكان و بەشداربووان سەبارەت بەو پرۆسە كارگێڕی‌ و یاساییانەی‌ لە دامەزراوەكانیانە تایبەت بە كەمئەندامان بەڕێوەدەچێت‌و ئەو ئاسانكارییانەی‌ كە بۆ هاووڵاتیانی‌ كەمئەندام بەڕێوەدەچن.

لە بەشی‌ سێیەمی‌ كۆبوونەوەكەدا، ئامادەبووان گفتوگۆی‌ راپۆرت‌و ئەو بڕگانەی‌ یاسای‌ ژمارەی‌ 22ی‌ ساڵی‌ 2011ی‌ ماف‌و ئیمتیازی‌ كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەت جێبەجێ نەكراون، هەروها پێشنیاركردنی‌ باشترین رێوشوێن بۆ ئەوەی‌ باشتر ئەو یاسایە جێبەجێبكرێت و لە ئاستێكی‌ بەرزدا ژینگەی‌ گونجاو بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت فەراهەمبكرێت.

لە ئەنجامی‌ كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان كۆكبوون لەسەر ئەم خاڵانەی‌ خوارەوە:

1ـ مۆڵەت بەهیچ بیناو پڕۆژەیە‌و شوێنێكی‌ ئیش نەدرێت ئەگەر تایبەتمەندی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت رەچاو نەكات‌و جێبەجێ نەكات.

2ـ فەرمانگەكان كۆبوونەوەیەكی‌ بەڕێوەبەرایەتی‌‌و فەرمانگەكانیان تەرخانبكەن بە گفتوگۆی‌ ئەو پرۆسە كارگێڕییانەی‌ بۆ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت بەڕێوەدەچن.

3ـ لەهەر فەرمانگەیەك دوو كارمەند تەرخانبكرێت بۆ راییكردنی‌ مامەڵەی‌ هاووڵاتیانی‌ خاوەن پێداویستی‌ تایبەت.

4ـ كارئاسانی‌ تەواو بكرێت بۆ كەمئەندامان‌و ئیش‌و كارەكانیان لەسەر قورس نەكرێت.

5ـ لە سەرجەم شوێنەكانی‌ وەستانی‌ ئۆتۆمبیل شوێنی‌ تایبەت بە ئۆتۆمبێلی‌ كەمئەندامان تەرخانبكرێت.

6ـ بەشی‌ ئەندازیاری‌ لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ ئامادەی‌ پێشكەشكردنی‌ هاوكارییە بۆ سەرجەم فەرمانگەكان بۆ جێبەجێكردنی‌ رێبەری‌ ستانداردە ئەندازیارییەكان بۆ رەچاوكردنی‌ تایبەتمەندی‌ كەمئەندامان لە پڕۆژەو بیناو باڵەخانەكاندا.

ئەمە بێجگە لە گەڵاڵەكردنی‌ چەند پێشنیارێكی‌ تری‌ گونجاو بۆ دامەزراوەكان لەئاستی‌ وەزارەت بۆ دەركردنی‌ رێنمایی‌‌و بۆ پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی‌ یاسا.

كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی‌ بەشی‌ پلان‌و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەڕێوەچوو و تیایدا سەرجەم ئەو بەرپرس‌و بەڕێوەبەرانە ئامادەبوون كە پەیوەندیدارن بە خزمەتگوزاری‌ كۆمەڵایەتی‌‌و ماف‌و تایبەتمەندی‌ كەمئەندامان‌و خاوەن پێداویستی‌ تایبەتەوە.

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved