10/12/2019 09:48 PM

سیستمێكی نوێی جیهانی سزا دادەمەزرێنرێت

بەپێی داوایەكی نوێنەری باڵای تازەی سیاسەتی دەرەوەی ئەوروپا، یەكێتی ئەوروپا سیستمێكی نوێی سزای جیهانی وەك كاردانەوەیەك لە بەردەم پێشێلكاريیەكانی مافی مرۆڤ دادەمەزرێنێت و بەپێی ئەو سیستمەش یەكێتی ئەوروپا لەتوانایدایە سزای توند بەسەر ئەو ناوچانەی وەك سوریاو فەنزویلادا بسەپێنێت.

وەزیرانی دەرەوەی ولاتانی یەكێتی ئەوروپا لەسەر دامەزراندنی سیستمێكی نوێ بۆ ڕوبەڕووبونەوەی پێشێلكاريیەكانی مافی مرۆڤ كۆك و هاوڕا بوون.

ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات كە بەرپرسی باڵای كاروباری دەرەوەو سیاسەتی ئەمنی نوێی یەكێتی ئەوروپا جوزیب بوریل، هۆشداریدایە كۆمەڵگەی ئەوروپی بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی نوێ كە متمانەی یەكێتی ئەوروپا لە سیاسەتی دەرەوەدا زیاتربكات و بە زمانی هێز قسەبكات و خۆیان لە گۆشەگیری و بەستەڵەكی لەدوورەوە سەیركردن ڕزگاربكەن.

بەپێی ئەو سیستمە نوێیە دۆسیەی پێشێلكاریيەكانی مافی مرۆڤ كاری لەپێشینەی یەكێتی ئەوروپا دەبێت. بەوپێیە یەكێتی ئەوروپا لەتوانایدایە بە زمانی هێز مامەڵە بكات و لەڕێگەی سەپاندنی سزاوە بەسەر قەوارەو ئەو تاكە گومانلێكراوانەی كە مافەكانی مرۆڤ لە ململانێ جیاوازەكانی سەرتاسەری جیهاندا پێشێل دەكەن مامەڵە بكات و لەمبارەیەوە سوریاو فەنزویلا دوو نموونەی لەبەرچاون.

بەرپرسی باڵای كاروباری دەرەوەو ئەمنی یەكێتی ئەوروپا جوزیب بوریل وتیشی: لەبەر رۆشنایی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپاو لەسەر داوای ژمارەیەك لە دەوڵەتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لەسەر كاری ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی سیستمێكی نوێی جیهانی بۆ چارەسەری پێشێلكاریيە مەترسیدارەكانی مافەكانی مرۆڤ ڕێكەوتن.

وتیشی: كۆبونەوەكە هاوڕایی و بۆچوونی هاوبەشی هەبوو سەبارەت بەو كەیسەو ئاماژەی بەوەشدا هەندێك لە ولاتانی یەكێتیيەكە هێشتا خۆیان ساغنەكردۆتەوەو ترس و دوودڵیان هەیە.

لای خۆشیەوە هایكۆماسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پشتگیری ولاتەكەی بۆ بۆ ئەو سیستمە نوێیەی جیهانی دووپاتكردەوەو جەختیشیكردەوە لەوەی یەكێتی ئەوروپا  دەبێت ڕوبەڕووی سەرەنجامەكانی ئەو پێشێلكاریانە ببێتەوە كە بەرامبەر بە مرۆڤ چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوە.

بەرپرسی كاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیەكە "جوزیب بوریل" بەر لەو كۆبونەوەیە وتارێكی لەبەردەم وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپادا خوێندەوەو لە بەشێكی وتارەكەیدا وتی: پێویستە پێكەوە بەیەك زمانی هاوبەش قسەبكەین و بایەخ بە نەریتەكانمان بدەین. پێویستیمان بە زمانی بەهێزتر هەیە نەك بۆ داگیركاری بەڵكو لەپێناوی هاوبەشیكردن لە جیهانێكی ئارام و ئاسوودەو بەدیهێنانی دادپەروەری و جیهانی ئەمڕۆ جیهانی نائارامی و پڕ نیگەرانیيە.


خاك - شیهاب عوسمان – ئەڵمانیا
س: دۆیچە ڤیللە




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved