HIV کورتکراوەی دەستەواژەی Human Immunodeficiency Virusـە و واتە "ڤایرۆسی کەموکووڕی سیستەمی بەرگری لەشی مرۆڤ". ئەم ڤایرۆسە ئەبێتە هۆی هەو کردنی HIV و گەر چارەسەری بۆ نەکرێت ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئازاری ئایدز(AIDS)، کە لە ڕاستیدا پێشکەوتووترین قۆناغی ئەم جۆرە هەو کردنەیە. ڤایرۆسیHIV هێرش ئەکاتە سەر خانەکانی CD4ـی سیستەمی بەرگری لەش و لاوازیان ئەکات و ئیتر لەشی مرۆڤ لە بەرامبەر بچووکترین هەو کردندا توانای بەرگری نامێنێت. دەگوترێ سەرچاوەی سەرەکی ئەم ڤایرۆسە لە لەشی مەیموونێکی تایبەتدا بەدی هاتووە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ لەشی مرۆڤ. کاتێک کەسێک ئەم ڤایرۆسە بێتە ناو لەشییەوە، سێ قۆناغ ڕوو ئەدات. یەکەمیان پاش ٢ یا ٤ هەفتە خۆی نیشان ئەدات و بریتیه لە کۆمەڵێک نیشانه کە هاوشێوەی ئازاری پەتا و هەڵامەتە و بەداخەوە مرۆڤەکان به هەندی وەرناگرن. دواتر قۆناغی نوستنی ڤایرۆسەکەیە و لەوانەیە ١٠ ساڵ یان کەمتر بخایەنێت. پاشان قۆناغی ئایدز دەست پێ ئەکات کە کوشەندەترین قۆناغی ئەم هەو کردەوە و بە بچووکترین ئازار، مرۆڤی تووشبوو ئەمرێت. ڕێگای گوازرانەوەی ئەم ڤایرۆسە بریتین لە: * پەیوەندی سێکسی نەپارێزراو *بەکارهێنانی دەرزی شرینقە کە پێشتر بەکار هێنراوە *شیری دایکێک کە ئەم ڤایرۆسە لە لەشیدا بوونی هەیە. ئەم ڤایرۆسە لە ڕێگای تۆقە کردن، ماچ کردن، بەکارهێنانی خاولی هاوبەش و شتی لەم چەشنەوە ناگوازرێتەوە. باشترین ڕێگا بۆ دڵنیابوونەوە لە بوون یان نەبوونی ئەم ڤایرۆسە لە لەشدا، ئەوەیه کە پشکنینی خوێن ئەنجام بدەیت.
سەرچاوە: aidsinfo
خاک _ پشکۆ کامەران
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure