12/12/2019 12:27 PM

بۆ هەمیشە تینوومانه؟ رێکارەکانی چارەسەرکردنی تینوویەتی لەڕادەبەدەر

ئەگەر بەردەوام ئاو ئەخۆن بەڵام ئارەزووتان ناشکێ لەوانەیه تووشی گرفتێکی جەستەیی بووبێتن. لە درێژەدا باس لە هۆکار و رێکارەکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە ئەکەین.

کەمئاوی جەستە
ئەگەر جەستە کەمئاو بێت ناتوانێ بەباشی ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات و هەست بە تینوویەتی نیشانەی ئەم کێشەیەیە. کەمئاوی جەستە هۆکاری زۆرە بۆ نموونە: وەرزشکردن، سکچوون، رشانەوە و عارەقەکردنەوەی لەڕادەبەدەر. نیشانەکانی کەمئاوی جەستە جگه لە هەست بە تینوویەتی بریتین لە:
*میزی لێڵ
*وشکبوونی دەم
*وشکبوونی پێست
*ژانەسەر و سەروگێژه

نەخۆشی شەکرە
ئەو تینوویەتییەی کە بەخواردنەوەی ئاو چارەسەر نابێت، کێشەیەکە کە پزیشکان پێی ئەڵێن "پۆلی‌دیسپی" و یەکێک لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرەیه. ئەگەر تووشی ئەم نەخۆشییه بن، جەستەتان بەڕادەی پێویست هۆرمۆنی ئانسۆلین بەرهەم ناهێنێت(شەکرەی جۆری 1) یان ئەوەیکە توانای بەکارهێنانی ئەم هۆرمۆنەی نییه(شەکرەی جۆری 2). هەر بۆیه شەکری خوێن بەرز ئەبێتەوە و لەجیاتی ئەوەی ببێت بە وزه، ئەڕواتە ناو خوێنەوە و لەکاتی هاتنەدەر لە جەستە ئاوێکی زۆر لەگەڵ خۆیدا دێنێتە دەرەوە.

شەکرەی بێ تام
نەخۆشی شەکرەی بێ تام سەرەڕای ناوەکەی، هیچ پەیوەندییەکی بە شەکرەوە نییه. ئەم کێشەیە کاتێک دێتە ئاراوە کە جەستە نەتوانێ ئەو هۆرمۆنەی کەوا رادەی ئاوی جەستە لە گورچیلەکاندا رێک ئەکات، بەرهەم بهێنێت. تینوویەتی لەڕادەبەدەر یەکێک لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەیە.

کەمخوێنی
کەمخوێنی یان "ئانێمی" واتە جەستەی ئێوە بەڕادەی پێویست خرۆکەی سووری تەندروستی نییە. هەندێک کەس بەم نەخۆشییەوە لەدایک ئەبن، بەڵام هەندێکی دیکە دواتر تووشی ئەبن. کەمخوێنی ئەگەر لە ئاستێکی کەمدا بێت نابێته هۆی تینوویەتی لەڕادەبەدەر، بەڵام ئەگەر رادەی کەمخوێنی زۆر بێت کەسی تووشبوو زوو زوو ئارەزووی خواردنەوەی ئاو ئەکات. لێدانی خێرای دڵ، زەردهەڵگەڕانی پێست و سەرەگێژە بەشێکن لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییه.

 

سەرچاوە: webmd

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved