14/12/2019 08:26 PM

له‌باره‌ی كیتۆ دایت-ەوە

رێجیمی كیتۆنی (كیتۆ دایت) رێجیمێكی كەم كاربۆهێدرات و دەوڵەمەند لە چەورییەكانە، دەبێتە هۆی دابەزاندنی خێرای كێش و رێگری لە هەندێك نەخۆشیش دەكات.

لەشكر حەمید ئەندازیاری خۆراك لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك لەبارەی رێجیمی كیتۆنی (كیتۆ دایت) نووسیوێتی، لەم رێجیمەدا كەسەكە رێژەی كاربۆهێدرات (شەكرو نیشاستەو هاوپۆلەكانیان) ئێجگار كەمدەكاتەوە لە ژەمەكانیداو لەبری ئەمە چەوری زیاتر دەخوات. بەجۆرێك كەسەكە زۆربەی كالۆرییەكانی (70- 90%) لە چەوری وەردەگرێ، پاشان بڕێكی دیكە لە پڕۆتین، بەڵام بڕێكی ئێجگار كەم لە كاربۆهێدرات (شیرینی و نیشاستەكان) وەردەگرێت (كەمتر 5%). ئەم گۆڕانكارییە جەستە دەخاتە باری كیتۆنی، واتە بەكاربردنی چەوریی لەش بۆ دەستكەوتنی وزە.

ئەم رێجیمە چۆن كار دەكات؟
كاربۆهێدرات (شیرینی و نیشاستەكان) لە جەستەدا دەگۆڕێن بۆ گلوكۆز كە جەستە دەیسوتێنێ و دەیكات بە وزە. بۆیە كاتێك كاربۆهێدرات (شیرینی و نیشاستەكان) كەمدەكەیتەوە لە ژەمەكانتدا، جەستە بۆ سەرچاوەیەكی دیكەی وزە دەگەڕێت و روودەكاتە چەورییە هەڵگیراوەكانی جەستەو دەیانكات بە تەنی (كیتۆن)ی و وەكو جێگرەوەی گلوكۆز بۆ وزە سوودیان لێدەبینێ. سووتاندنی چەورییەكان و بەرهەمهێنانی كیتۆن دەبێتە هۆی دابەزاندنی كێشی جەستە.

لەبارەی كیتۆنیدا توانای جەستە بۆ سووتاندنی چەوری ئێجگار زیاد دەكات. لە جگەردا چەورییەكانن دەگۆڕێن بۆ تەنی كیتۆنی، كە ئەو تەنە كیتۆنییانە دەبنە جێگرەوەی شەكر وەكو سەرچاوەی وزە بۆ جەستە بەگشتی و مێشك بەتایبەتی.

لەباری كیتۆنیدا ئاستی شەكرو ئینسۆلینی جەستە بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێ، ئەمەو هەبوونی كیتۆنەكان وەكو سەرچاوەی سەرەكی وزە، چەندین سوودی بە تەندروستی گشتی جەستە دەگەیەنێت.

رێجیمی كیتۆنی بە خێرایی كێش دادەبەزێنێ
لەم رێجیمەدا پێویست بە ورد ژماردنی كالۆرییەكان و خۆبرسیكردنێكی ئەوتۆ ناكات.

توێژینەوەی زانستی دەریخستووە ئەوانەی كیتۆ دایت جێبەجێدەكەن ٢.٢ هێندەی ئەوانە كێشیان دادەبەزێ كە رێجیمی كەم چەوری و كەم وزە جێبەجێدەكەن. توێژینەوەیەكی دیكە دەریخستووە ئەوانەی كیتۆ دایت جێبەجێدەكەن، سێ ئەوەندی ئەوانە كێشیان دادەبەزێ كە پەیڕەوی رێجیمی ستانداردی كۆمەڵەی شەكرەی بەریتانی دەكەن.

جێبەجێكەرانی رێجیمی كیتۆ ئاستی چەورییە زیانبەخشەكانیشیان لە جێبەجێكارانی رێجیمەكانی دیكە كەمترە.

لەم رێجیمەدا پرۆتینیش زۆر دەخورێت، ئەوەش هۆكارێكی دیكەی سوودە زۆرەكانی ئەم رێجیمەیە.

كیتۆدایت وەكو چارەسەری شەكرەو رێگری لە توشبوون بە شەكرە

لە شەكرەدا هەریەكە لە پرۆسەی زیندەپاڵ (هاوكێشەی خۆراك و وزە لە لەشدا)، ئاستی شەكری خوێن و كاری هۆرمۆنی ئینسۆلین تێكدەچن!

لە رێجیمی كیتۆنیدا چەوری كەڵەكەبووی لەش لەكۆڵدەكرێتەوە، لە بەشێكی زۆری حاڵەتەكانیشدا كەڵەكەبوونی چەوری پەیوەندی هەیە بە بەرزبوونەوەی شەكری خوێن و ناكارابوونی ئینسۆلین.

لە توێژینەوەیەكدا كاركردنی ئینسۆلین لەوانەی كیتۆدایت دەكەن بە راددەی ٧٥٪ زیادیكرد، لە توێژینەوەیەكی دیكەدا لەكۆی ٢١ تووشبووی شەكرە ٧ دانەیان پاش جێبەجێكردنی كیتۆدایت چیدیكە پێویستیان بە بەكارهێنانی دەرمانی چارەسەری شەكرە نەما.

لە توێژینەوەیەی دیكەدا ٩٥٪ی جێبەجێكارانی كیتۆدایت توانیان دەرمانی چارەسەری شەكرە كەمبكەنەوە یان راوەستێنن، كێشیشیان بە تێكڕا ١١.١ كیلۆگرام دابەزی.

لە هەمان ئەو توێژینەوەدا ئەوانەی جۆری دیكەی رێجیمیان جێبەجێكرد كە كاربۆهێدراتی زیاتر بوو، چەوری كەمتر بوو، بە تێكڕا ٦.٩ كیلۆگرام كێشی لەشیان دابەزی و ٦٢٪یان توانییان دەرمانی چارەسەری شەكرە كەمكبەنەوە یان راوەستێنن.

سوودەكانی دیكەی كیتۆدایت
تێژینەوەكان ئاماژە بە سوودەكانی كیتۆدایت دەكەن بەدەر لە دابەزاندنی كێشیش، لەوانە:

- نەخۆشییەكانی دڵ: كیتۆدایت دەبێتەهۆی دابەزاندنی چەوری كەڵەكەبووی لەش، چەورییە زیانبەخشەكانی خوێن، فشاری خوێن و شەكری خوێن. هەموو ئەوانەش ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكەنەوە
- شێرپەنجە: بەشێك لە شێرپەنجەكان بە كیتۆدیت گەشەیان هێواشدەبێتەوە
- گەشكە و فێ: تێژینەوە دەریخستووە كیتۆدایت بەشێوەیەكی بەرچاو نۆرەكانی گەشكە و فێ لە منداڵاندا كەمدەكاتەوە
- پاركینسۆن: توێژینەوەیەك دەریخستووە كیتۆدایت نیشانەكانی نەخۆشی پاركینسۆن (لەرزۆكی) هێواشدەكاتەوە
- فرەكیسیی هێلكەدان (PCOS): كیتۆدایت ئاستی هۆرمۆنی ئینسۆلینن دادەبەزێنێ، دەریشكەوتووە بەرزیی ئینسۆلین لە هۆكارە سەرەكییەكانی تووشبوونی خانمانە بە نەخۆشیی فرەكیسیی هێلكەدان
- زیپكە: كەمبوونەوەی ئاستی ئینسۆلین و كەمخواردنی شەكر و خواردنە لەقوتونراوەكان هەموویان ئەگەری درووستبونی زیپكە و راددەی توندییەكەی كەمدەكەنەوە.

ئەو خواردنانەی نابێ لە كیتۆدایتدا بخورێن
هەموو خواردنێكی دەوڵەمەند بە كاربۆهێدرات نابێ زۆری لێبخورێت.

لە كیتۆدا ئەم خواردنانە نابێ بخورێن، یان كە خوران دەبێ زۆر كەمیان لێبخورێ:
- خواردنە شەكرییەكان: سۆدا و هەمو خواردنەوە گازییەكان، شەربەتی میوە، سمووزی، كێك، ئایسكرێم، كاندی و هاوپۆلەكانیان
- دانەوێڵەكان: هەرچی لە گەنم درووستبكرێ، برنج، پاستا، سیریاڵ و هاوپۆلەكانیان
- میوە: هەموو میوەكان جگە لە پارچەی بچووك بچووكی جۆرەكانی بێری (بلوبێری، بلاكبێری، شلك)
- خواردنە بنئەرزییەكان: پەتاتە، پەتاتەی شیرین، گێزەر و هاوپۆلەكانیان
- چەورییە ناتەندروستەكان: وەكو زەیتی ئاسایی و مایۆنیز
- مەی: بەهۆی پێكهاتەی كاربۆهێدراتییانەوە، زۆر لە خواردنە كحولییەكان پرۆسەی كیتۆنی رادەوەستێنن

ئەی چی بخوات؟
دەبێ ئەم خواردنانە زۆرینەی پێكهاتە ژەمەكانت پێكبهێنێت:
- گۆشت: گۆشتی سوور، ستیك، سۆسج، مریشك و قەل
- ماسیی چەور: وەكو سەلەمۆن، تونە و ماكرێڵ
- هێلكە
- پەنیر
- كەرە
- چەرەس و ناووكەكان
- چەورییە سوودبەخشەكان: رۆنی زەیتوون، رۆنی گوێزهیندی و ئاڤۆكادۆ
- بەهارات و خوێ و هاوپۆلەكانیان رێگەپێدراوە

ئەمە نموونەیەكە لە رێجیمی كیتۆنی كە د. كامەران ژاژڵەیی پزیشكی خۆراكناس روونیكردووەتەوە:
# یەكەم رۆژ:
بەیانی : دوو هێلكەی سووركراوە لەنێو رۆن + سەوزە وەك مەعدەنووس یان كەرەوز + یەك كووپ نیسكافە‌
نیوەڕۆ : یەك هەمبەرگر + سەوزە
ئێوارە :یەك قاپ ماستی تەواو چەوری + سێ دەنك شلك + یەك دەنك بادام
# دووەم رۆژ:
بەیانی : یەك هێلكە سووركراوە لە نێو رۆن + یەك پەنیری ڤیتا + یەك كووپ نیسكافە‌
نیوڕۆ :ماسی سەلەموون + سەوزە
ئێوارە : دوو شیش گۆشتی برژاو + یەك قاپ برۆكڵی كوڵاو
#سێیەم رۆژ:
بەیانی :دوو هێلكەی سووركراو لە نێو رۆن + سەوزە + یەك كووپ نیسكافە‌
نیوەرۆ: یەك چارەك مریشكی برژاو + یەك قاپ زەڵاتە + دوو كەوچك زەیتی زەیتوون
ئێوارە : یەك ستیكی سووركراوە + یەك قاپ زەڵاتە + دوو كەوچك زەیتی زەیتوون
# چوارەم رۆژ:
بەیانی: دوو هێلكە بەڕێگەی ئۆملێت + سەوزە
نیوەرۆ: دوو یان سێ شیش گۆشتی برژاو + سەوزە
ئێوارە : یەك پەرداخ شەربەت لەگەڵ شیر + سێ دەنك شلك + چەرەس ( یەك چنگ واتە یەك مست )
# پێنجەم رۆژ:
بەیانی :نیو قاپ گۆشتی سووركراوە لەگەڵ دوو هێلكە.
نیوەرۆ: دوو شیش رانی مریشك + سەوزە
ئێوارە :یەك قاپ زەڵاتەی مریشك + یەك كەوچك زەیتی زەیتوون
# شەشەم رۆژ:
بەیانی : دوو هێلكە بەڕێگەی ئۆملێت + سەوزە
نیوەرۆ: یەك قاپ قیمەی سووركراوە + سەوزە
ئێوارە: یەك قاپ كەرەی ئاژەڵ + چەرەس (یەك چنگ واتە یەك مست)
# حەوتەم رۆژ:
بەیانی :نیو قاپ گۆشتی سووركراوە لەگەڵ دوو هێلكە.
نیوەڕۆ: یەك چارەك یان نیو مریشكی سووركراوە + سپێناخ
ئێوارە :یەك پەرداخ شەربەتی فرێش + یەك قاپ ماست + شلك

خاك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved