ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی دنیا به‌جۆرێك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، به‌ئاراسته‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و تازه‌گه‌رییدا گه‌شه‌ی سه‌ندووه، به‌جۆرێك گه‌لێك كه‌س پێیان وابوو سه‌رده‌می ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت شیعر به‌سه‌رچووه، به‌ڵام له دنیای شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا كه بوارێكی نوخبه‌ییه، پیشه‌ی كه‌مینه‌یه‌كی تایبه‌ته هێشتا گه‌لێك شاعیری ده‌سته‌بژێر هه‌ن كه خاوه‌نی ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندن له شیعر و چیرۆك و رۆمان، له راستیدا ئه‌وه دنیای ته‌كنه‌لۆژیا و تیژڕه‌وی زه‌مه‌ن نییه كه شیعری كوشتووه، یان خوێنه‌ری له شیعر تۆراندووه، به‌ڵكو زۆر و بۆری نا شاعیره‌كانن كه هه‌ر خه‌ریكی رسته و وشه ریزكردنن و بوون به له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م شیعری جوان‌دا. هونه‌ری شیعر نووسین نه‌ك هه‌ر له‌ناو كوردا به‌ڵكو له كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیشدا ناشیرین و نابووت كراوه، شێخ ره‌زا وته‌نی بووه به‌حه‌شری نێره‌كه‌ر و هه‌رچی هه‌ڵده‌سێ و شیعر ده‌نووسێ و كه‌میان شیعرن، له نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بیشدا له‌پاڵ ره‌وه‌یه‌ك ناشاعیردا هێشتا شاعیری جددی هه‌یه و یه‌كێك له‌وانه عه‌بدولعه‌زیم فنجانه ئه‌و شاعیره‌ی چاوی خوێنه‌ر تێر ناخوات له شیعره‌كانی. عه‌بدولعه‌زیم فنجان یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ی كه ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌یه له شیعردا و نووسه‌ری چه‌ند دیوانێكه و ئێستاش دیوانه شیعرێكی كراوه به‌كوردی، له لایه‌ن شاعیرێكی به‌ئه‌زموونی كورده‌وه وه‌رگێڕدراوه، ئه‌ویش شاعیر ته‌یب جه‌باره، كه خۆی یه‌كێكه له شاعیره باشه‌كانی نێوه‌ندی ئه‌ده‌بی كوردی، ئه‌م دیوانه مشتێك په‌پووله كۆمه‌ڵێك له شیعره‌كانی شاعیر عه‌بدولعه‌زیم فنجانه له‌گه‌ڵ دیدارێكدا كه رۆژنامه‌ی العربی الجدید له‌گه‌ڵ شاعیردا سازی كردووه، له‌گه‌ڵ پێشه‌كییه‌كی وه‌رگێڕ و گوته‌یه‌كی شاعیر. ناوه‌ڕۆكی ئه‌م كتێبه له كۆمه‌ڵێك شیعر پێكدێ له‌وانه: واز له‌خۆم ده‌هێنم، غه‌ریب، شیعر هه‌یه، چۆن جیهان له دایك بوو، كاتێك رووخسارت هه‌ڵدێ، له‌ژێر دره‌ختی مه‌عریفه‌دا، لانه‌ی بومه‌له‌رزه، دواهه‌واڵی تۆفانه‌كه… ئه‌م كتێبه له دووتوێی 121 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه، له بڵاوكراوه‌كانی ناوه‌ندی باڵنده‌یه، عه‌بدولعه‌زیم فنجان شاعیرێكی عیراقییه و له ناوه‌ڕاستی په‌نجاكاندا له ناسریه له دایك بووه و یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری ساڵی 1993 بڵاوكردوه‌ته‌وه، تاوه‌كو ئێستا شه‌ش كۆمه‌ڵه شیعری بڵاوكردۆته‌وه، له ساڵی 1996ه‌وه ئاواره‌ی ئێران بووه، و ساڵانی 2000 تا 2003 له سلێمانی ژیاوه و ئێستا له كه‌ركوك ده‌ژی. هه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م كورته‌یه‌ی ته‌مه‌نی شاعیردا كه وه‌ك غه‌واره‌یه‌ك هه‌ر چه‌ند ساڵێك و له شوێنێك ژیاوه، ئه‌وه بۆ خۆی خامه‌ی قه‌سیده‌یه‌كی غه‌مگینه، ژیانێك به‌شارانه‌وه، فنجان كوڕی سه‌رده‌مێكی خوێناوییه، بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆژیا و ئاین و نه‌ته‌وه نه‌ك هه‌ر ژیانی عه‌بدولعه‌زیم فنجان بگره ژیانی ته‌واوی خه‌ڵكی عیراق به‌هه‌موو كه‌مینه و زۆرینه‌كانه‌وه فه‌وتاند، ته‌نانه‌ت ئه‌و توێژه ده‌سه‌ڵاتداره‌ی عیراقی سه‌رده‌می به‌عسیش كه زۆردار بوون به‌هه‌مان شێوه ژیانیان له نێو غه‌در و زۆر و زوڵمدا به‌سه‌ربرد، به‌جۆرێك له مرۆڤایه‌تی داماڵران، كاتێ شیعری فنجان ده‌خوێنینه‌وه ته‌نانه‌ت له ناونیشانی شیعره‌كانه‌وه هه‌ست به‌و غه‌مه قووڵه ده‌كه‌ین كه له رۆحی ئه‌و شاعیره‌دا هه‌یه، شیعر لای ئه‌م شاعیره یه‌ك پارچه ئه‌وینه، به‌ڵام چۆن ئه‌وینێك؟ ئه‌وین لای ئه‌م شاعیره عه‌شق و په‌نجه‌بازی نییه له نێوان كچ و كوڕێكدا، وه‌ك شاعیرانی دیكه‌ی ئیرۆتیك به‌ساده و ساكاری باسی ئه‌وین ناكات، نه‌خێر فنجان ئه‌وینێك وێنا ده‌كات كه په‌یامێكی ئینسانی هه‌ڵگرتووه، له شیعره‌كانی ئه‌م شاعیره‌دا وێنه‌ی ئه‌وین و دابڕان و ئازار و كۆچ ده‌بینین، وێنه‌ی ئه‌وێنێك ده‌بینین كه چۆن بووه به‌قوربانی ئایندۆلۆژیا و بیروباوه‌ڕ و ئاین، له زۆربه‌ی شیعره‌كانی نێو ئه‌م دیوانه‌دا كه زۆرتر په‌خشانه شیعرن رۆحی غه‌مگینی شاعیر ده‌بینین، غه‌می مرۆڤێك كه نائومێدی ده‌ستی ناوه‌ته بینه‌قاقای. ئه‌وه‌تانێ له شیعری ژێی پچڕا‌و دا ده‌ڵێت: ده‌تناسم نائومێدی، وه‌ك ژێی پچڕا‌و، گۆرانییه‌كیت گه‌روو بریندار ده‌كات ده‌تناسم سپییت وه‌ك دڵی گوڵ، سوور وه‌ك ئاره‌زوو، سارد وه‌ك به‌فر ده‌تناسم زریانی، هێمنیی رووخسارت بارانبارینه ده‌تناسم تۆبه‌كاری، كافریت ده‌تناسم وه‌ك گولله‌ی وێڵ، یه‌ك كه‌س له دوژمن ناپێكی، من سه‌ر ده‌بڕیت… كۆی ئه‌م ئه‌زموونه شیعرییه به‌و نه‌فه‌سه‌یه كه له رێگه‌ی ئه‌وینه‌وه غه‌مێكی گه‌وره‌ی مرۆڤی هه‌ڵگرتووه، ئه‌وین له‌م دیوانه‌دا ئه‌و عه‌شقه ساده‌یه نییه، كه مرۆڤی ساده هه‌میشه له نێوان كچ و كوڕێكدا ده‌یبینن. نه‌خێر ئه‌وین لای فنجان په‌یوه‌سته به ژان و ئازار و نه‌هامه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئاینی و ئایدۆلۆژییه‌وه. عه‌شق لای ئه‌م شاعیره په‌یامێكی ئینسانی هه‌ڵگرتووه، وه‌كو وه‌رگێڕ له پێشه‌كییه‌كه‌دا ده‌ڵێت: شیعری فنجان له ناو شیعری عه‌ربیدا جیاواز و دیاره، هه‌ر به‌شێوازی په‌خشانه شیعر ده‌نووسێت، له په‌خشانه شیعریشدا خاوه‌ن شێوازی تایبه‌تی خۆیه‌تی. زۆربه‌ی شیعره‌كانی له خولگه‌ی خۆشه‌ویستیدا ده‌خولێنه‌وه، خۆشه‌ویستی به‌مانا فراوانه ئینسانییه‌كه‌ی بۆ هه‌موو شتێك، نه‌ك خۆشه‌ویستی ساده‌ی نێوان كچ و كوڕ.
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure