18/12/2019 06:00 PM

كورد زمانی عەرەبی بۆ پاراستنی پیكەوە ژیان بەرز رادەگریت

 

وەك نە ریتێكی ساڵانە، بەشی عەرەبی، بە هاوكاری لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زمان لە زانكۆی  سلێمانی بە دروشمی "كورد زمانی عەرەبی بۆ پاراستنی پیكەوە ژیان بەرز رادەگریت" یادی ڕۆژی جیهانی زمانی عەرەبی سەرلەبەیانی ڕۆژی 18/12/2019 لەهۆڵی پ.د. عزەدین مستەفا ڕەسول كردەوە.
دكتۆر ژینۆ عەبدولڵا لە لیژنەی ڕۆشنبیری كۆلێژی زمان لە زانكۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ئەمساڵ چوار سیمناری زانستی دەربارەی گرنگی و بایەخی زمانی عەرەبی بۆ كورد و ڕۆڵی پ.د. عزەدین مستەفا ڕەسوول لە بەرەپێشچوونی زمانی عەرەبی لە زانكۆكانی كوردستان و ئاستەنگەكانی زمان لە جیهاندا لە گەڵ چالاكی خوێندكاران  كە پێهاتبوو لە خوێندنەوەی شعرو نمایشی شانۆگەریی پێشكەشكران.

ڕۆڵی پ.د. عزەدین مستەفا ڕەسول
دكتۆر ژینۆ عەبدولڵا ئاماژەی بەوەكرد، پ. د. زاهیر لە تیف كەریم ناونیشانی سیمنارەكەی بریتی بوولە " ڕۆڵ و كاریگەری پ.د. عزەدین مستەفا ڕەسوول لە پێشخستنی زمانی عەرەبیدا لە زانكۆ كانی كوردستان" توێژەر  بەپرسیار وچەند پرسیاركردنێك چووە نێو بابەتی تەوەرەكەوە.پرسیارەكەشی بریتی بوو لەوەی "پەیوەندی پرۆفیسۆر عیززەدین بەبەشی زمانی عەرەبییەوە چیە ئەمە لەكاتێكدا ناوبراو یەكێك بوو لەئەندامانی دەستەی مامۆستایانی بەشی زمانی كوردی".پرسیاركردنەكانیشی كەلەبازنەی ئەم پرسیارەدا دەسووڕایەوە بریتی بوون لە:
- ئایا دەشێت پسپۆڕێكی ئەدەبیاتی كوردی ڕۆڵی بەرچاو ببینێت لەگەشەی بەشی زمانی عەرەبی؟
-ئایا بەشداریكردنەكەی تەنها بەمەبەستی هاندان بوو بێ ئەوەی بچێتە نێو چوارچێوەی پراكتیكەوە؟
- ڕێژەی بەشداریكردنەكەی لەبەشی زمانی عەرەبی چەند بوو؟
- ئایا بەشداریكردنەكەی لەبواری ووتنەوەی بابەتە سەرەتاییەكاندا بوو یان باڵاكان؟
-ئایا بەشداریكردنەكەی لەبواری سەرپەرشتیكردنی باسی لێكۆڵینەوە ونامەی ماستەر ودكتۆراكاندا بو ؟
-ئایا بەشداریكردنەكەی لەبواری گفتوگۆی نامەی ماستەر ودكتۆراكاندا بوو؟
-ئەو بابەتانە چی بوون كەلەئەستۆی پرۆفیسۆردا بوو؟
- ئایا بەشداریكردنەكەی پەیوەندی بەوەرگێڕانەوە هەبوو بەتایبەتی لەكوردی وڕوسییەوە بۆ عەرەبی؟
دواتر پ.د.زاهیر لەتیف كەریم ،بەهۆی ماوەیەكی دیاریكراوەوە،جەختی لەهەنگاوە گرنگەكانی پرۆفیسۆر كرد ولەو ڕووەوە گووتی"پرۆفیسۆر لەخانەوادەیەكی ئاینی لەدایك بووە،باوكی گەورە زانا وشاعیرێكی سەركەوتوو بوو بەنێوی (سەفوەت).باپیریشی( مەلا ڕەسوڵی دێلێژە)بەهەمان شێوە.دوای تەواو كردنی خوێندنی سەرەتایی وئامادەیی،دەچێتە كۆلێژی شەریعە،هەر لەوێ دەبێتە ئەندامی پارتی كۆمۆنیزمی عێراقی.بەهۆی چالاكییە سیاسییەكانەوە لەكۆلێژ دەردەكرێت ودواتر بەشی زمانی عەرەبی تەواو دەكات.پاش چەند ساڵێك ڕوو دەكاتە یەكێتی سۆڤییەت ولەوێ،لەدوو زەمەنی جیاوازدا،دوو بڕوانامەی دكتۆرالەبواری ئەدەبیاتی كوردیدا بەدەست دەهێنێت".دوای ئەم باسە پ.د.زاهیر لەتیف دێتە قۆناغی دوای ڕاپەڕین وزانكۆی سەلاحەدین .لەم بارەیەوە گووتی"لەكاتێكدا حكومەتی عێراقی سەرجەم دام ودەزگاكانی گواستەوە دەرەوەی هەرێم ومامۆستا عەرەب وبەشێك لەكوردەكانی سەربەخۆیان گواستەوە بۆ زانكۆكانی عێراق، بۆشاییەكی گەورە كەوتە پڕۆسەی خوێندنەوە.ڕێژەی مامۆستایانی گواستراوە بەمەزەندە دەگەیشتە حەفتا وپێنج لەسەدا،كەئەمە ڕێژەیەكی زۆر گەورە بوو وپڕكردنەوەی بۆشاییەكان كارێكی ئاسان نەبوو،ئەمە لەكاتێكدا ژمارەی مامۆستایانی كورد لەچەنجەی دەست تێ نەدەپەڕی.پرۆفیسۆر ئەو كات ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بوو.هەر زوو داوای یارمەتیمان لێكرد وجوامێرانە هات بەدەنگ داواكارییەكەوە وبەشێك لەباسی دەرچووانی پۆلی چواری بەشی لەئەستو گرت ولەهەمان كاتیشدا كەوتە ووتنەوەی چەند بابەتێكی خوێندنی باڵا (ماستەری ئەدەب).ئەمە جگە لەگفتوگۆی چەند نامەیەك".دوابەدوای ئەمە  پ.د.زاهیر لەتیف كەوتە باسكردنی زانكۆی سلێمانی كەبەهیمەتی چەند كەسانێك توانرا لەساڵی 1996 خوێندنی باڵا لەكۆلێژی زمان بكرێتەوە لەوانە ئاماژەی كرد بەڕۆڵی"كاك كۆسرەت (سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران) و پ.د.جەلال شەفیق (سەرۆكی زانكۆ سلێمانی) وپ.د.عیززەدین وئیحسان فوئاد وئاوڕەحمانی حاجی مارف ومحمەد مەعروف فەتاح ومارف خەزنەدار ومحمەد نوری عارف".لەبەشی زمانی عەرەبی وخوێندنی ماستەری ئەدەب ودواتر دكتۆرای ئەدەب  پ.د.عیززەدین چەند بابەتێكی لەئەستۆ گرت لەوانە"تیۆری ئەدەبی وڕەخنەی ئەدەبی وفەلسەفە".ئەمە جگە لەسەرپەرشتیكردنی چەند نامەیەك وگفتۆكردنی چەندین نامەی ماستەر ودكتۆرا.هەروەها هەڵسەنگاندنی چەندین لێكۆڵینەوەی زانستی مامۆستایانی بەش بەمەبەستی بڵاوكردنەوە وبەرزكردنەوەی پلەی زانستی.لەكۆتایدا پ.د.زاهیر لەتیف زۆر ڕاشكاوانە گووتی ئەم بەشەی كەئێستا بەم شێوەیە دەیبینن ڕۆڵ وهەوڵ وماندوبوونی پ.د.عیززەدین ی پێوەیە كەناكرێت باسیان لێوە نەكرێت.دوا دەستەواژەشی بریتی بوو لەناردنی سڵاو بۆ ڕۆحیانەتی پاكی پ.د.عیززەدین.  


بایەخ و گرنگی زمانی عەرەبی
ئەو ئەندامەی لیژنەی ڕۆشنبری كۆلێژی زمان ئەوەشی ڕوونكردەوە،  هەریەكە لە پ.د. فایەق مستەفا و  پ.د. هێرش محەمەد ئەمین هەڵەبجەیی سەرۆكی سەرۆكی بەشی عەرەبی و پ.ی.د.هاژە عەباس سەۆركی لیژنەی ئامادەكاری مەراسیمەكە  لە وتەكانیاندا باسیان لە بایەخ و گرنگی و كاریگەری زمانی عەرەبی كرد وەك زمانێكی زیندووی جیهان و هانی خوێندكارانیاندا زیاتر بە بایەخەوەو  زیاتر خۆیان گرنگی بە زمانی عەرەبی بدەن.
ئەدەبی ئەلكترۆنی لە نێوان ئەدەبی عەرەبی و كوردی
دكتۆر ژینۆ عەبدولڵا باسی لەوەشكرد. پ.دنیان نەوشیروان فواد مەستیش لە سیمنارەكەیدا، بە ناونیشانی " ئەدەبی ئەلكترۆنی لە نێوان ئەدەبی عەرەبی و كوردی" باسی لە ئەدەبی ئەلكترۆنی جۆرێكی تازە یە لە نووسینی ئەدەبی  ،بریتییە لە بەكارهێنانی تەكنەلوجیای سەردەم لە بواری ئەدەبدا . وئەمەش لەرێگەی گواستنەوەی دەقەكانی چیرۆك یان شیعر لە شێوەی  نووسینە كاغەزییەكان بۆ نووسینی كومپیوتەر پاشان بەستنەوەی بە ئەنترنێتەوە بۆ بڵاوبونەوەیان لە وێب سایتە ئەدەبییەكان ،وفیس بوك ،وانستگرام ،ویوتیوب ،وتلیگرام . وئەم دەقە ئەلكترونیانە جۆرێك لە كارلێك دروست دەكەن لەنێوان دەق وخوێنەردا ، وەرگر دەتوانێت بەشێوە یكی راستەوخۆ سەرنج وڕەخنەكانی بنێرێت بۆ پێگە ئەلكترۆنیەكان بەمەش جۆرێكی تازە لە ڕەخنە سەرهەڵئەدات بە نێوی رەخنەی ئەلكترۆنی .ئەدەبی عربی بایەخێكی زۆری داوە بەم جۆرە تازەگەراییانە و لە ساڵی 2005  هەڵسا بە دامەزراندنی یەكێتی نووسەرانی ئەنتەرنێتی عەرەبی  لەلایەن هەندێ‌ لە رۆشنبیران وئامانجی ئەم دەزگایە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە داهێنانە ئەدەبیەكانی نێو سایتە ئەدەبیەكان دا . جگە لە دامەزراندنی پرۆسەی ئەدەبی ئەلكترۆنی عەرەبی لە ساڵی 2015 .لە ئەدەبی كوردیدا وێب سایتی ئەلكترۆنی  نووسەروروماننووسی كورد گەلاوێژ هەنگاوێكی پێشكەوتووە لەهەنگاوەكانی پێشكەوتنی  جۆری  ئەدەبی تەكنۆلۆجی كوردی بە گشتی ونووسەر بەتایبەتی ، لەرێگەی گواستنەوەی  بەرهەمەكانی لە قۆناغی نووسینی كاغەزیی یەوە  بۆ نووسینی ژمارەیی (رەقەمی) ئینجا بۆ نووسینی ئەلكترۆنی وگرێدانی بەرهەمەكان وبوّچوونی وەرگرەكان  بە هێلەكانی ئەنترنێت بەهەردوو زمانی كوردی وعربی  .
دكتۆر فەریدون عەبدول بەرزنجی شاعیر
دكتۆر ژینۆ عەبدولڵا ئاشكراشیكرد، پ.د. فەریدون عەبدول بەرزنجی وەك یە كەمین سەرۆك بەشی زمانی عەرەبی ساڵی 1993 لە زانكۆی سلێمانی ژمارەیەك شیعری پێشكەش ئامادەبوان كرد بە زمانی عەرەبی و كوردی لە ناونیشانی ئەو شعرانەی پێشكەش ئامادەبوانی كرد" تجاوزت زاتی، كەی دەگەیتە دوا بەندەری خۆشەویستی، چرپە، من بەستراوم بەم شوێنەوە، گوڵاوی سەرنج، جوانی تۆ، ئەمشەو خۆشەویستەكەم دێ".
كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژ
هاوكات وەك هاندانی ئەو خوێندكارانەی بە خوێندنەوەی شعرو نمایشكردنی شانۆیی بەشداربوون، دیاری خاتوو گەلاوێژ كەبریتی لە كۆ بەرهەمی خاتوو گەلاوێژ پێشكەشی خوێندكاران" سوراعەبدول ئەمیر،شیلان فواد،عەبدولڵا حاتەم،دانیە كەمال، نە جلا، ڕەسول عەبدول رەحمان، ئیفلین موراد" كران.
شایەنی ئاماژە پێكردنە، چلاكیەكە بووە مایەی خۆشحاڵی خوێندكاران و ئاكۆ عەلی محەمەد نوێنەری خوێندكاران لە كۆلێژی زمان هیوای خواست بەشەكانی فارسیو ئینگلیزی و وەڕگێڕانیش ئەم یادە بكەنەوە بۆ تێكەڵاوبوونی كلتورەكان و دەوڵەمەندكردنی زمان و ئەدەبی كوردی.

خاك-هێمن كاكەیی









زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved