22/12/2019 05:17 PM

یانەی شالکە پشتڕاستی کردەوە؛ "مانۆئێل نویر"ـێکی نوێ لەبەردەم بایەرندا

"ئەلەکساندر نویل" کە لەوەرزی رابردوودا وەکو گۆڵپارێزی یانەی شالکە درەوشانەوەیەکی زۆری هەبوو، ماوەیەکی زۆرە جێی سەرنجی بەرپرسانی بایەرن میونشنه و بە نوێ نەکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ شالکە پەیوەندیی لەگەڵ بایەرن نزیکتر کردەوە.
ماوەی گرێبەستەکەی "نویل" لەگەڵ شالکە شەش مانگی ماوە و ئەمڕۆ بەرپرسی وەرزشیی ئەم یانەیە ئەم قسەیەی پشتراست کردەوە و گوتی دانیشتنەکان بۆ درێژکردنەوەی ماوەی گرێبەستەکە لەگەڵ "نویل" هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئەم گۆڵپارێزه تەمەن 23 ساڵە کەیانەی تۆتنهامیش پێشنیاری پێ کردبوو، پێدەچێ لەگەڵ بایەرن رێککەوتبێت، بەڵام ئەم بابەتە بەفەرمی رانەگەیەندراوە. کەوابوو لەداهاتوویەکی نزیکدا  "نویل" ئەبێته جێگرەوەی "مانۆئێل نویر" گۆڵپارێزی یانەی بایەرن میونشن. کاتی خۆی ئەم گۆڵپارێزەش هەر لە شالکەوە پەیوەست ببوو بە بایەرنەوە.
"یۆخن شنایدەر" بەرپرسی وەرزشی شالکە سەبارەت بە نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ "نویل" گوتی: لەم مانگانەی دواییدا لەگەڵ "نویل" دانیشتمان بووە بەڵام تێگەیشتین کە بڕیاری وایه لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکەمان جێ بهێڵێت و ئێمەش رێز لەو بڕیارە ئەگرین. رۆڵی ئەم گۆڵپارێزە لە سەرکەوتنی یانەکەماندا نکۆڵی لێ ناکرێت و لێم روون و ئاشکرایه سەرەڕای ئەم بڕیارەی داویەتی، تا کۆتایی وەرزەکە بە هەموو تواناوە لەخزمەت یانەی شالکەدا ئەبێت. ئێمه لە هاوینی 2020ـەوە رێگای خۆمان بەبێ "نویل" درێژە ئەدەین.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved