23/12/2019 03:59 PM

دۆزینەوەی كانزایەكی دەگمەن لە ناو نەیزەكێكدا



زانایان ئاشكرایانكرد جۆرە كانزایەكیان لە ناو نەیزەكێكدا دۆزیوەتەوە كە بەر لە 70 ساڵ پێش ئێستا خۆی كێشاوە بە زەویدا، كانزاكە وێنەی نییە لەسەر زەوی.
بەپێی توێژینەوەی زاناكان كە ئەنجامەكەی بۆ یەكەمینجار لە پێگەی (The Age)ی ئوستورالیدا بڵاوكرایەوە، ئەو كانزایەی كە دۆزراوەتەوە بە شێوەیەكی سروشتیی لەسەر زەوی نییە مەگەر مرۆڤ لەگەڵ كانزای دیكەدا دروستیبكات.
ئەو كانزایە لە ناو ئەو نەیزەكەدا دۆزرایەوە ناو نراوە ویدربیرن و لە ساڵی 1951دا لە نزیك شاری ویدربیرنی ناوچەی ڤیكتۆریای ئوستورالیادا دۆزراوەتەوە و ئێستاش بەشێكە لەو كۆمەڵە نەیزەكەی لە مۆزەخانەی ڤیكتۆریادا دانراون و ئارەزوومەندانی گەردونناسیی و زانایان دەچن بۆ سەیركردنیان.
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە مۆزەخانەكەدا هەیە قەبارەی ئەو بەردەئاسمانییە كاتێك دۆزراوەتەوە هێندەی لیمۆیەك بووە و كێشەكەشی 210 گرام بووە.
لەوەتەی ئەو بەردە ئاسمانییەش دۆزراوەتەوە زاناكان لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی ئوسترالیا دەكەن بە مەبەستی توێژینەوە لەو نەیزەكە و زانینی پێكهاتەكەی و ئەو شوێنەی لێوەی هاتووە بۆ سەر زەوی.
ساڵی ڕابردووش چەند توێژەرەوەیەك لەپەیمانگای كالیفۆرنیای تەكنەلۆجییەوە دەستیان كردووە بە توێژینەوەی نوێ و وردترین وردبین و چەند ئامڕازێكی شیكردنەوەی پێشەكەوتوویان بەكارهێناوە بۆ زانینی پێكهاتە كیمیاییەكانی بڕی بچووكی ماددە ڕەقەكان بێئەوەی بشكینرێن.
ئەو توێژەرەوانە پارچەیەكی بچووكی ئەو بەردە ئاسمانییەیان پشكنی و بینیان كە كانزایەكی زۆر دەگمەنی تێدایە كە پێشتر نەبینراوە و بەشێوەیەكی سروشتیش دروست نابێت لەسەر گۆی زەوی.
ئەم كانزایە شێوەیەكی تایبەتی گەردی ئاسن و كاربۆنە و توێژەرەوەكان ناویان ناوە(edscottite) وەك ڕێزێك بۆ (ئیدوارد سكۆت)ی زانای گەردوونەكانی زانكۆی هاوای، كە یەكەمین كەس بوو لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا ئەو كانزایەی دۆزییەوە و پێكهاتەكیمیاییەكانی دیاریكرد ، بەڵام نەیتوانی پێكهاتە بلورییەكانی دیاری بكات.
ئەو كانزایە لە ڕێگەی پێكهاتەی كیمیاییەكەی و پەیكەرە كریستالییەكەیەوە پێناسە كراوە كە لە شێوەی بلوری سپی بچووكدا دەردەكەوێت، كە بە شتێكی نائاسایی دادەنرێت بە بەراوورد بە كانزاكانی دیكە كە دەوڵەمەندن بە كاربۆن و لە نەیزەكە دەوڵەمەند بە ئاسنەكاندا هەیە ئەمەش وایكردووە(edscottite) ببێتە كانزایەكی دەگمەن.
زاناكان لەو بڕوایەدان (ویدربیرن) لە هەسارۆكەیەكەوە هاتووە كە بە شێوازێك لە ڕیڕەوەكەی دەركراوە و بەرەو زەوی هاتووە و خودی نەیزەكەكەش پاشماوەی لەناوچوونی هەسارۆكەیەكی بچوكە و بەر تەنی دیكەی ئاسمانی كەوتووە لەو كاتەی سیستمی خۆر لە سەرەتای دروستبوونیدا بووە.
ئەوان دەشڵێن» ڕەنگە ماددەی (Edscottite)كاتێك دروست بووبێت كە نەیزەكێكی ئاسنیی دەوڵەمەند بە نیكلی وەك ویدربیرن بە هێواشیی سارد دەبێتەوە».

سەرچاوە : النقطة العلمیة




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved