23/12/2019 04:02 PM

لە ساڵی 2019دا گەورەترین دەستكەوتی زانستیی، وێنەی كونە ڕەشەكە بوو


گۆڤارێكی بەناوبانگیی جیهانیی ئاماژە بەوە دەدات كە وێنەی كونەڕەشەكە گەورەترین دەستكەوتی زانستیی 2019 بوو.
گۆڤاری بەناوبانگی(Science)بڵاویكردووەتەوە لە ساڵی (2019)دا یەكەمین وێنەی زۆر ناوازەی كونە ڕەشەكەی گەردون مشتومڕێكی گەورەی نایەوە و بوە یەكێك لە دەستكەوتە زانستییە گەورە و تایبەتەكان.
ئەو گۆڤارە نوسیویەتی، ئەو كارە پێویستی بە بەكارهێنانی تەلسكۆبێكی گریمانەیی بوو كە پشتی دەبەست بە كۆمەڵێك مانگی دەستكردی دەوری گۆی زەوی و بۆ خستنەڕووی ئەو وێنەیەش 200 توێژەر لە سەرانسەری جیهاندا پێكەوە كاریان كرد.
هەر ئەو گۆڤارەش ڕێزلێنانێكی بۆ تیمی بەشدار لەو دەستكەوتە كردووە كە تێیدا كونەڕەشی سەنتەری گەلەئەستێرە كەمان وێنەی گیرا كە 55 ملیۆن ساڵی تیشكیی دوورە.
دەتوانرێت بوترێت كونە ڕەشەكان نەبینراون، بەڵام بە هۆی ئەو ماددە زۆر گەرمەی بە دەوریدا دەسوڕێتەوە بازنەیەك لەڕووناكیی دروستدەبێت كە دەمەوانەی كونەكە دەردەخات، ئەوەش لەسەر بنەمای وێنەی سێبەر یان ئەوەی پێیدەوترێت هونەری سێبەردروست دەبێت، سنوری ئەوەش بە (ئاسووی ڕووداو )دەناسرێت و ئەوەش ئەوەبوو كە وێنەی گیرا.
لەمبارەیەوە (تی ئەبنزلەر) نوسەر لە گۆڤاری (Science) وتی» ئەم ساڵ زۆر تایبەت بوو بۆ زانست، چونكە چی هەیە لەوە خۆشتر بێت كە بتوانێت یەكێك لە كونە ڕەشەكان ببینیت، شتەكە وەك جادوویەك وابوو، بەڵام دەستكەوتێكی زۆر سەرسوڕهێنەر بوو لەبواری تەكنەلۆجیاو كاری پێكەوەییدا».
ئەو وتیشی» ئەو سنوور تێپەراندنەی كە لە 10ی نیساندا هاتە بەرهەم، بووە پشتگیرییەكی تەواو بۆ تیۆرەكەی ئانیشتاین‌و بووە یارمەتیدەر بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارگەلێكی كۆن سەبارەت بە كونە ڕەشەكان»
ئەو وێنەیە سەرنجی لەسەر دەرەنجامەكانی یەكەمین كارپێكردنی تەواوی تۆڕی چاودێریی بوو كە لە ساڵی (2017)دا و لە ڕێگەی هاریكاریكردنی نێوان زانایانەوە بوو كە كار بە 8 چاودێرگەی ڕادیۆیی دەكەن.
تیمی (Event Horizon Telescope) توانیان وێنەیەكی سێبەریی كونەڕەشێكی زەبەلاح بگرن كە دەكەوێتە سەنتەری (Messier 87)ەوە.
(رۆجەر بلاندفۆرد)ی زانای فیزیای گەردوونیی لە زانكۆی ستانفۆرد دەڵێت» هێشتا سەرم سوڕماوە، لەو بڕوایەدانیم كەسمان بیری لەو وێنەیە كردبێتەوە كە بەرهەم هات».
شیاوی باسە: ئەو وێنەیە بە خێرایی بووە مانشێتی زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان و بووە یەكێك لە وێنە زۆر بەربڵاوەكانی مێژووی پێگەیەكی بە ناوبانگی وەك (National Science Foundation).

سەرچاوە: سپۆتنیك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved