25/12/2019 12:31 PM

مۆرسۆ؛ دژەپاڵەوانێک لەچەشنی خۆمان


کەسایەتی مۆرسۆ لە رۆمانی "غەریب"ـبی ئەلبێر کامۆدا سەیرەسەمەرە و جیاوازە. دەسپێکی ئەم رۆمانه بە هەواڵی مەرگی دایکی مۆرسۆوە دەست پێدەکا بەڵام مۆرسۆ بەهیچ شێوەیەک خەمبار نابێ. نووسەر بە دروستکردنی ئەم وێنایه هەوڵ ئەدات خوێنەر لەم کەسایەتییه بێزار بێت و لای وابێت لەگەڵ شێت و دێوانەیەک رووبەڕووە. بەڵام لەدرێژەدا تێدەگەین کە تێگەیشتنی مۆرسۆ بەنسبەت دەوروبەری لە سەرووی تێگەیشتنی مرۆڤەکانی دیکەوەیە. ئەم کەسایەتییە لە پووچیی جیهان گەیشتووە و هەربۆیه لەڕوانگەی ئەوەوە هەر چەشنە رووداوێک ئاساییه، تەنانەت مەرگی دایک. لە شوێنێکی دیکەی رۆمانەکەدا کاتێک هاوڕێکەی واته "ماری" داوای لێ ئەکا کە هاوسەرگیری بکەن مۆرسۆ وڵام ئەداتەوە کە ئەگەر تۆ حەزت لێیه با هاوسەرگیری بکەین، چونکە بەلای منەوە بوون و نەبوونی زۆر گرنگ نییە. مۆرسۆ پێی وایه ئەم جیهانه شانۆیەکە و هەر کەسێک رۆڵێکی دیاری کراوە هەیە کە ئەبێ ئەنجامی بدات و پاشان کە رۆڵەکەی بەئەنجام گەیاند لە شانۆکە ئەڕواتە دەرەوە.
مۆرسۆ بەنسبەت رووداوەکانی دەوروبەری هیچ هەڵوێستێکی نییه چون لای وایه هیچ رۆڵێکی لە دروست کردنی ئەم رووداوانەدا نەبووە، هەر بۆیه کاتێک لێی ئەپرسن بۆچی ئەو پیاوە عەرەبەت کوشت ئەڵێ: تیشکی خۆر لە خەنجێرەکەی داو و پاشان لەچاوی من کەوت و منیش تووڕە بووم و کوشتم. دواجار کوشتنی پیاوە عەرەبە ئەڕواتە پەڕاوێزەوە و بەهۆی رەفتارە ‌غەریب و سەیرەکانی دادگایی ئەکەن.
کامۆ لەسەرەتادا کارێک ئەکات کە خوێنەر ئەم کەسایەتییە وەک دژەپاڵەوانێک وێنا بکات بەڵام لەدرێژەدا ئەم کەسایەتییە وەها کاریگەری لەسەر خوێنەر دائەنێت کە بێ ئەوەی خۆی بیهەوێ، لەڕوانگەی ئەوەوە سەیری جیهان و رووداوەکان ئەکات. کامۆ لەم رۆمانەدا پێمان ئەڵێ کە ئەم "مۆرسۆ"ـیانه زۆرن بەڵام غیرەتی ئەوەیان نییە خۆیان دەرخەن و بەبێ ئەوەی خاوەنی هیچ ئیرادەیەکی دەروونی بن خۆیان لە پرسەکانی کۆمەڵگا وەرئەدەن. کامۆ لە فایلێکی دەنگیدا بەباشترین شێوە ئەم کەسایەتییە وەسف ئەکات، کامۆ ئەڵێ: "مۆرسۆ تووشی شێتیی راستگۆیی بووە"
ژان پۆل سارتەر سەبارەت بەم رۆمانه گوتوویەتی: "غەریت" ئەو مرۆڤەیە کە لەبەرانبەر جیهاندا وەستاوە. ئەم کەسایەتییەی وا کامۆ دایڕشتووە رێک یەکێک لەم بێ تاوانه سامناکانەیه کە خەریکی بۆسەنانەوەن لە کۆمەڵگادا، چون یاساکانی یاری لەناو گۆمەڵگایان قەبووڵ نییە. ئەم بێ تاوانانه باش و خراپ و قەدەغە و رێگەپێدراو نازانن چییه، هەربۆیه هەموو شتێک لای ئەوان رێگەپێدراوە.
ئەم رۆمانه یەکێک لە گرنگترین ئاسەوارە ئەدەبییەکانی مێژووی هاوچەرخه و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رەوتی ئەدەبی گێڕانەوەیی پاش خۆی دانا.

 

خاک _ پشکۆ کامەران

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved