25/12/2019 10:05 PM

دەستبەرداری بەكارهێنەرانی دەبێت

كۆمپانیای فەیسبووك كە خاوەنی (واتساپ)یشە، بە بڕیارێك دەستبەرداری سەدان هەزار بەشداربوو دەبێت.

زۆركەس لە سەرانسەری جیهاندا بۆ بەردەوامبوونی پەیوەندییەكانیان ئەپلیكەیشنی (واتساپ) بەكاردەهێنن بۆ گەیاندنی نامەو ڤیدیۆو وێنەو نامەی دەنگی و تەنانەت تەلەفۆنكردنی ئاساییش، بەڵام ئەو كۆمپانیایە بڕیاریداوە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەستەبەرداری ژمارەیەكی زۆری بەكارهێنەرانی بێت.

ئەو كۆمپانیایە ڕاگەیاندووە، بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا كاری ئەو ئەڵیكەیشنە ڕاگرێت لەسەر بەرنامە كۆنەكانی سیستمی ئیشپێكردنی تەلەفۆنە زیرەكەكان بە هەردوو سیستمی (iOS) و (ئەندرۆوەید) و (ویندۆزی مۆبایل) یشەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێك كە لە پێگەی (لایفهاكەر)ی ئەڵمانیدا بڵاوكراوەتەوە، بە ملیۆنەها كەس لە سەرانسەری جیهان كە مۆبایلی زیرەكی مۆدێل كۆنیان پێیە بێ جیاوازی لە خزمەتگوزارییەكانی واتساپ بێبەش دەبن، چونكە كۆمپانیای (واتساپ) بڕیارە لە سەرەتای مانگی شوباتی 2020ەوە كاری ئەپلیكەیشنەكەی لەسەر ئامێری تەلەفۆنە زیرەكە كۆنەكان بوەستێنێت.

پێگەی(نیتس فیلت)ی ئەڵمانیاش لە زاری بەرپرسێكی كۆمپانیای (واتساپ)ەوە ئاشكرای كردووە، پێویستە هەموو بەكاربەرێكی (ئایفۆن) سیستمی كارپێكردنەكەی بگۆڕێت بۆ (iOS 9) یان بەرزتر، بەكارهێنەرانی مۆبایلە زیرەكەكانی كە بە سیستمی (ئەندرۆوەید)یش كاردەكەن دەبێت هەمان كاربكەن و سیستمی بەكارهێنانی مۆبایلەكانیان بەرزبكەنەوە، ئەمەش مانای وایە كە هەركەسێك ئامێری مۆبایلی كۆن بەكاربهێنێت ناتوانێت ئەو ئەپلیكەشنەی واتسئاپ بەكاربهێنێت.

بەم بڕیارەش دەبێت ملیارێك و (600) ملیۆن كەس لە سەرانسەری جیهاندا كە بە شێوەیەكی ڕۆژانە ئەو ئەپلیكەیشنە بەكاردەهێنن یان دەبێت مۆبایلەكانیان بگۆڕن یان دەبێت بچنەسەر ئەپلیكەیشنێكی دیكە كە هەمان تایبەتمەندی ئەو ئەپلیكەیشنەی هەبێت بۆ ئەوەی بەردەوامبن لە پەیوەندییەكانیان.

خاك - س: علوم والتكنولوجیا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved