26/12/2019 02:04 PM

گەڕانەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ سیستەمی سیاسیی کووبا پاش 43 ساڵ


"میگل دیاز-کانل" سەرۆک‌کۆماری کووبا، رۆژی شەممەی رابردوو، "مانۆئێل ماررۆ کرووز"ـی  وەکو یەکەم سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاته پاش 43 ساڵ دەستنیشان کرد. "ماررۆ"ـی تەمەن 56 ساڵ لەم ماوەی ئەم 16 ساڵەی دواییدا وەزیری گەشتیاری کووبا بووە و رۆڵێکی گرنگی لە گەشەکردنی پیشەی تووریزم لەم وڵاتەدا بووە و بە بونیادنانی چەندین هۆتێلی گەورە و هاتنی گەشتیارێکی یەکجار زۆر ئەم بابەتەی سەلماندووە. "دیاز-کانل" گوتوویەتی ئەزموونی "ماررۆ" لەدانوستان لەگەڵ سەرمایەگوزارانی بیانی یەکێک لە سەرەکیترین و گرنگترین تایبەتمەندی و تواناییەکانی ئەم سیاسەتوانەیه بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران. 
لە 1959ـەوە هەتا 1976 "فیدل کاسترۆ"، رێبەری شۆڕشگێڕی کووبا، لە پۆستی سەرۆک وەزیراندا بوو و پاش شۆرش لەم وڵاتە و گۆڕینی یاسای بنەڕەتی، بوو سەرۆک‌کۆمار و پۆستی سەرۆک وەزیران لە سیستەمی سیاسی کووبا سڕایەوە. کاسترۆ و براکەی واتە "رائۆل" لە ماوەی ئەم ساڵانەدا سەرۆک‌کۆماری کووبا و هاوکات سەرۆکی حزبی کۆمۆنیستیش بوون. بەڵام لەم ساڵدا رائول دەستی لەکار کێشایەوە و یاسای بنەڕەتی نوێ، دەسەڵاتی سیاسی باڵای ئەم وڵاتەی لەنێوان سەرۆک‌کۆمار و سەرۆک وەزیراندا دابەش کرد. 
پێشنیاری "دیاز-کانل" بۆ پێدانی پۆستی سەرۆک وەزیران بە "ماررۆ" بەخێرایی لەلایەن پەرلەمانی کووباوە پەسەند کرا و بەماەی 5 ساڵ لەم پۆستەدا ئەمێنێتەوە. "ماررۆ کرووز" لەلایەن فیدڵ کاسترۆوە بۆ سەرۆکایەتی وەزارەتی گەشتیاری کووبا هەلبژێردرا و توانی کەرتی گەشتیاری، گەشەی کانگەکانی نیکەڵ و رەوانەکردنی پزیشکی پسپۆڕ بۆ دەرەوەی وڵات بکاتە دەرفەتێک بۆ دەستەبەرکردنی داهات بۆ ئەم وڵاتە. 
جێی ئاماژەیه کە ئەمساڵ زیاتر لە 4/3 ملیۆن گەشتیار روویان لە کووبا کردووە کە بەنسبەت ساڵەکانی رابردوو رێژەی گەشتیار دابەزیوە، بەڵام لێهاتوویی و کەسایەتی "ماررۆ کرووز" ئەم متمانەیەی دروست کردووە کە کۆمپانیا فەڕەنسییەکانی چالاک لەبواری بونیادنانی هۆتێل و شوێنی گەشتیاری لەکاری خۆیان بەردەوام بن. 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved