29/12/2019 11:12 PM

ده‌فری پلاستیكی قه‌ده‌غه‌ ده‌كرێت

(ڤاسیلی ڤلاسۆڤ)ی ئەندامی ئەنجومەنی دۆمای ڕوسیا ڕایگەیاند، پێشنیارێك دەخاتە بەردەست ئەو ئەنجومەنە بە مەبەستی گەڵاڵەكردنی پرۆژە یاسایەك بۆ قەدەغەكردنی دەفری پلاستیكی لە ڕوسیا.

ڤلاسۆڤ لە چاوپێكەوتنێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: لای خۆمەوە بە باشتری دەزانم كە كەلوپەلی شووشەو گڵێنە بەكاربهێنرێت زۆر باشترە لە پلاستیك، چونكە دەفری پلاستیك هەم زیانی گەورەی بۆ تەندروستیی هەیە هەم زیان بە ژینگەش دەگەیەنێت، بەتایبەت وای لێهاتووە لە چێشتخانەو ڕێستۆرانتەكاندا بەكارهێنانی پلاستیك زۆر برەوی سەندووە.

وتیشی: ئەم پرۆژەیە لەگەڵ هاوكارەكانمان لە ئەنجومەنی دۆما تاووتوێ دەكەین و وێنەیەكیشمان ناردووە بۆ (ئەلێكسی گۆردیێف)ی جێگری سەرۆك وەزیرانی ڕوسیا.

ئەو پارلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كردووە كە كێشەی پاشماوەو ئەو خاشاكانەی دووبارە بەكارهێنانەوەیان زەحمەتە، بووەتە كێشەی سەرەكی و ئاڵنگارییەك بۆ ئەو دامەزراوانەی لە ڕوسیا لەبواری ژینگەدا كاردەكەن، بەكارهێنانی ئەو كەلوپەلە پلاستیكیانەش كە بۆ یەكجار بەكاردێن ئەو كێشانە ئاڵۆزتر دەكەن، لەبەرئەوە پێویستە ئەو كۆمپانیاو كارگانەی كە خۆراك دروستدەكەن سنورێك بۆ بەكارهێنانی ئەو پلاستیكانە دابنێن، تەنانەت ئەگەر ئەوكارەش ڕێژەی قازانجی ئەو كۆمپانیایانە كەمبكاتەوە.

تەنها ڕوسیا نییە كە بایەخ دەدات بە دەستبەرداربوون لە ئەمجۆرە دەفرانە، بەڵكو لە ساڵی ڕابردووەوە دەسەڵاتدارانی فەرەنساش یاسایەكیان دەركرد كە دەبێت تا ساڵی 2020 هەموو جۆرە دەفرو كەلوپەلێكی پلاستیكی بەتایبەت ئەوانەی یەكجار بەكاردەهێنرین و فڕێدەدرێن قەدەغە بكرێت.

خاك - س: سپۆتنیك




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved