30/12/2019 09:47 PM

سوود و زیانه‌كانی مه‌مه‌ وشكه‌

دكتۆره‌ ڤیان عومه‌ر موسا پزیشكی پسپۆری نه‌ خۆشییه‌كانی منداڵان و گه‌شه‌ی منداڵان، بابه‌تێكی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سوودو زیانه‌كانی مه‌مه‌ وشكه‌ بۆ منداڵان و چه‌ند زانیارییه‌كی گرنگ له‌باره‌ی ئه‌وجۆره‌ مه‌مه‌یه‌وه‌.

له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا د.ڤیان ده‌ڵێت: مه‌مه‌ وشكه‌ (هێوركه‌ره‌وه‌ی منداڵیش)ی پێده‌وترێت، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 1901 دروستكراوه‌و چه‌ند سوودو زیانێكی هه‌یه‌.

سووده‌كانی:
*ئه‌توانرێت وه‌ك ئازارشكێن به‌كاربهێنرێت له‌كاتی دانانی كانیولا یان كوتانی منداڵ.
*مه‌ترسی مردنی له‌ناكاوی منداڵی ساوا كه‌مده‌كاته‌وه‌(sudden infant death syndrome)
*به‌كارهێنانی له‌ منداڵی نه‌به‌كام (پێشوه‌خت) (ئه‌وانه‌ی له‌ یه‌كه‌ی نه‌به‌كامن) واده‌كات كه‌متر له‌ نه‌خۆشخانه‌ بمێننه‌وه‌و زووتر فێری شیرخواردن بن له‌ موغزیه‌وه‌ بخرێنه‌ سه‌ر شیر.

زیانه‌كانی:
*ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی منداڵ شیری دایك نه‌خوات یان زوو وازی لێبهێنێت.
*ئه‌گه‌ر له‌ دوای شه‌ش مانگه‌وه‌ به‌كاربهێنرێت ئه‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌وكردنی گوێی ناوه‌ڕاست.
*ئه‌گه‌ر له‌ دوو ساڵ به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ به‌كاربهێنرێت ئه‌بێته‌ هۆی ناڕێكبوونی ددانه‌كان.
*هۆكارێكه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی میكرۆب و خێرا هه‌وكردنی ناو ده‌م به‌ كه‌ڕوو به‌كتریا.
*ئه‌گه‌ر منداڵ بۆ خه‌وتن به‌كاریبهێنێت واته‌ خوی پێوه‌ بگرێت ڕه‌نگه‌ نیوه‌شه‌و زوو زوو خه‌به‌ری بێته‌وه‌و بگری به‌هۆی كه‌وتنی مه‌مه‌كه‌ له‌ ده‌می.

چه‌ند ئامۆژگارییه‌ك:
*باشتره‌ سه‌ره‌تا به‌كارنه‌هێنرێت تا منداڵه‌كه‌ فێری شیری دایكی ئه‌بێت به‌تایبه‌ت مانگی یه‌كه‌م.
*باشتره‌ مه‌مه‌ی سلیكۆنی یه‌ك پارچه‌ به‌كاربهێنرێت بۆ پاراستنی منداڵ له‌ خنكان به‌هۆی جیابوونه‌وه‌ی پارچه‌كان.
*ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت حه‌زی لێنه‌بوو زۆری لێمه‌كه‌ یان له‌كاتی خه‌و له‌ ده‌می كه‌وت و نه‌گریا پێویستناكات بیخه‌یته‌ ده‌میه‌وه‌.
*به‌رده‌وام به‌ پاكی ڕایبگره‌.
*به‌هیچ جۆرێك شه‌كرو شیرینی مه‌كه‌ به‌ مه‌مه‌كه‌وه‌.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved