1/1/2020 08:30 PM

لە سلێمانی نزیكەی 200 تۆن خواردن و مەوادی بەسەرچوو لەناودەبرێن

لە ماوەی مانگێكدا، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لە ئەنجامی گەڕان و بەسەركردنەوەكانیان دەستدەگرن بەسەر بڕی نزیكەی 200 تۆن خواردن و مەوادی ماوەبەسەرچوو و زیانبەخشداو دوای دەستبەسەردا گرتنیشی لەناوبراون.

گۆران قادر سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: لە كۆتا مانگی 2019 دا لە ئەنجامی گەڕان و چاودێرییەكانی لیژنە هاوبەشەكان توانراوە لە كۆی ئەو شوێنانەی كە بەسەركراونەتەوە دەستبگیرێت بەسەر نزیكەی 200 تۆن خواردن و مەوادی ماوەبەسەرچوو و زیانبەخشدا كە خاوەنەكانیان بەنیازبوون لە بازاڕدا ساغی بكەنەوە, بەڵام بەرلەوەو بەپێی ئەو زانیاریانەی كە هەیانبووە لەسەر ئەو مەوادانە، بەشێكیان لە كۆگاكان بەرلەوەی بگاتە بازاڕو بەشێكی تریان لەنێو ماركێت و دووكانەكاندا دەستیان بەسەردا گرتووەو دواتر لە ناوچەی تانجەرۆ لەناوبراون.

وتیشی: لە رۆژانی پشوودا هاوشێوەی رۆژانی ئاسایی لەسەر فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لیژنەكان بەردەوامن لە چاودێری و بەدواداچوونەكانیان و رۆژانە  لەرێگەی نزیكەی 30 لیژنەوە چاودێری كۆی شوێنەكان دەكرێت و هەر خاوەنكارێك یان كاسبكارێك پابەند نەبێت بە مەرج و رێنماییەكانەوە مامەڵەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت.

گۆران قادر دەشڵێت: ئامانج لە بەدواداچوونەكانی لیژنە هاوبەشەكان پاراستنی لایەنی تەندروستی و بەرژەوەندی هاووڵاتیان و داكۆكیكردنە لە مافی گشتی, لەسەر ئەو بنەمایەش بەردەوامدەبن لە گەڕان و بەدواداچوونەكانیان و هەر خاوەنكارێك پابەند بێت دەستخۆشی لێدەكەن و ئەوانەش كە پابەندنین بەپێی رێنماییەكان روبەڕووی لێپێچینەوەو سزای یاسایی دەكرێنەوە.


خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved