1/1/2020 08:37 PM

بیبەری توون مردنی پێشوەختە كەمدەكاتەوە

بیبەری توون چەندین توخمە خۆراكی گرنگی تێدایە كە سوودی زۆریان بۆ تەندروستی هەیە، توێژینەوەیەكی نوێش ئاشكرای دەكات خواردنی بیبەری توون بە شێوەیەكی بەردەوام مەترسی مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمدەكاتەوە.

بەپێی ئەو توێژینەوەیە كە ژمارەیەك ئەكادیمی ئیتاڵی ئەنجامیانداوە، خواردنی بیبەری توون لە هەفتەيەكدا چوار جار دەتوانێت ئەگەری مردن بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمبكاتەوە.

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاماژەی بەوە داوە، توێژەرەوانی ئیتاڵی بۆ ماوەی 8 ساڵ چاودێری باری تەندروستی 23 هەزار خۆبەخشیان كردووەو دەربارەی ڕژێمی خۆراكییان پرسیاریان لێكردوون.

ئەنجامەكانیش دەریانخستووە، ئەوانەی بە شێوەیەكی بەردەوام و هەفتانە چوار جار بیبەری توونیان خواردووە ئەگەری مەترسی مردنی پێشوەختەیان كەمتر بووە.

توێژەرەوەكانیش ئاماژەیان بەوە داوە، ئەوانەی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و هەفتەی چوار جار بیبەری توون دەخۆن بە ڕێژەی %40 ئەگەری مردنیان بە نەخۆشییەكانی دڵ كەمترە.

توێژەرەوەكان ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ماددەی (كابسیسین)ی دژە هەوكردن و ئەو ماددانەی لەكاتی خواردنی بیبەری تووندا دەم دەسوتێنێتەوە، هۆكاری كەمكردنەوەی ڕێژەی نەخۆشییەكانی دڵن.

ماریالاورا بۆناتشۆ كە یەكێكبوو لە تیمی توێژینەوەكە ئاماژە بەوە دەدات كە بیبەری توون كاریگەرییەكی پارێزەری هەیە بۆ تەندروستیی مرۆڤ و پێویستە هەموو كەسێكی پێگەیشتوو هەفتانە چوار جار بیبەری توون بخوات، بەمەش دەتوانێت بە شێوەیەكی ڕێژەیی تەندروستی خۆی بپارێزێت و خۆی بەدوور بگرێت لە نەخۆشییەكانی دڵ.

خاك - س DW




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved