2/1/2020 03:10 PM

گەڕانەوەی زلاتان و چەند یاریزانی دیکە بۆ میلان

ئیدارەی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی لە کۆتا کاتژمێرەکانی ڕۆژی هەینیدا توانیان زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدی بگەڕێننەوە یانەکە، لەئێستاشدا پلانیان گواستنەوەی سێ یاریزانی ترە.
یانەی ئەی سی میلان لەلایەن کۆمپانیای ئیلیۆتی ئەمریکیەوە خاوەندارێتی دەکرێت و ئەو کۆمپانیایەش لەئاست و ئەنجامەکانی یانەکەیان ڕازی نەبوون بەتایبەت لە نیوەی یەکەمی وەرز، بەم هۆیەوە بڕیاریانداوە لە گواستنەوەکانی زستانەی 2020 بڕێکی باش پارە لەگواستنەوەی یاریزاناندا بەگەڕبخەن بەوهیوایەی لە نیوەی دووەمی وەرزەوە بتوانن بگەڕێنەوە یەکەمینەکانی ڕیزبەندی خولی ئیتاڵیا “سیریا ئەی”.
ماڵپەڕی “سیمپری میلان” لەزاری “کالچیۆ میرکاتۆ و کۆرێری دێلۆ سپۆرت ومیلان نیوز”ـەوە ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی ڕۆسۆنێری تەنها بە گواستنەوەی زلاتان ئیبراهیمۆڤیچی سویدیەوە ناوەستن، بەڵکو هەوڵەکانیان بۆ چوار ئەستێرەی ناودار و بەتوانای تر دەستپێکردووە.
بەپێی سەرچاوەکان، میلان لە هێڵەکانی بەرگری و ناوەندی یاریگا سێ یاریزانی تر دابین دەکات، هەروەها چوار ناویان دیاری کردووە و سیانیان بۆندیان لەگەڵدا ئیمزا دەکرێت، ئەو ناوانەش کە دیاریکراون پێکهاتوون لە: شکۆردان موستافی، گرانێت شاکا (ئارسیناڵ)، محەمەد ئەلنینی (گەڵاتەسەرای)، جان کلێر تۆدیبۆ (بەرشەلۆنە).
گواستنەوەی تۆدیبۆ لەیانەی بەرشلۆنەوە چاوەڕوان دەکرێت ڕاستەوخۆ بکەوێتە دوای گواستنەوەی زلاتانی سویدی، بەوپێیەی پێشوەخت گفتوگۆ لەگەڵ یانە کەتەلۆنیەکە کراوە و تەنانەت یاریزانەکەش بەهۆی کەمی چانسی یاریکردنەوە ڕەزامەندی نیشانداوە، دواتریش هەوڵەکان بۆ سێ ئەستێرەکەی تر دەستپێدەکات و جگە لەو سێ ناوەش چەندین یاریزانی تر لەلایەن بەڕێوەبەرانی میلانەوە پێشنیار کراون.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved