(كرمانجی خواروو 1920 - 1970) د.ژینۆعەبدولڵا له به‌شی كوردی، كۆلێژی زمانی زانكۆی سلێمانی و به‌سه‌رپه‌رشتی (پ.د. دڵشاد عه‌لی) گفتوگۆی تێزی دكتۆرای خوێندكاری خوێندنی باڵا (ئاسۆ عومه‌ر مسته‌فا) مامۆستا له (به‌شی كوردی/ كۆلێژی په‌روه‌رده و زمانی زانكۆی چه‌رموو) به‌ناونیشانی: ڕێچكه‌كانی گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریی له ئه‌ده‌بی كوردیدا (كرمانجی خواروو 1920 - 1970) ئه‌نجام دراو به‌پله‌ی زۆرباشه‌ی باڵا په‌سه‌ند كرا. ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی یه‌كێكه له لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌ده‌ب و شاڕێگه‌ی به‌ره‌و پێشچوونی ئه‌ده‌به، له ئه‌ده‌بی كوردیدا ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی گرنگی و ڕۆڵی خۆی هه‌بووه له به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌ده‌بی كوردی و به‌گشتی هۆیه‌ك بووه بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی شاعیران و نووسه‌ران به مه‌به‌ستی به‌ره‌و پێشبردنی ده‌قه‌كانیان، لەبەرئەوەی شیعر کاریگەرترین هونەری ئەدەبی بووە به‌درێژایی مێژوو، هەربۆیە زۆرترین گوتارە ڕەخنەییه‌کانی سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی ڕه‌خنه‌ی كوردیش دەربارەی شیعر و بنەما و تایبەتمەندیی و ڕۆڵ و ئامانجی شیعر بووە. گرنگی و بایه‌خی ئه‌م توێژینه‌وه‌یه له‌وه‌دایه، كه گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كانی سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی ده‌خاته به‌ر باس و لێكۆڵینه‌وه، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین توێژینه‌وه‌یه به‌وردی و به‌پێی دوو ڕێبازی گرنگی ڕه‌خنه‌یی، كه بریتین له (ڕێبازی ئیستاتیكی و ڕێبازی واقعی) گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كانی شیعر؛ لە ماوه‌ی دیاریكراو هه‌ڵبسه‌نگێنێ و شیبكاته‌وه. هه‌روه‌ها گرنگی ئەو گوتارە ڕەخنەییانە و ڕۆڵیان لە بەرەو پێشچوونی شیعر و ڕەخنەی شیعریی بخاتەڕوو. هەروەها ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بۆ توێژه‌رانی دوای خۆی دەربارەی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی، بەتایبەتی ڕەخنەی شیعر. چونكه ئه‌م قۆناغه؛ قۆناغی یه‌كه‌می ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی پراكتیكی، بناغه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمانە و به‌بێ تێگه‌یشتن و توێژینه‌وه لێی، مه‌حاڵه بتوانین له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی؛ بەتایبەتی ڕەخنەی شیعر تێبگه‌ین. ئه‌و گیروگرفتانه‌ی توێژینه‌وه‌كه چاره‌سه‌ری ده‌كات : توێژینه‌وه‌كه كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی له‌بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا پڕ كردووه‌ته‌وه و ده‌بێته سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگ بۆ ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی، كه له دوای خۆی له‌بواری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردیدا ده‌نووسرێن، چونكه ئه‌م قۆناغه‌ی ئێمه توێژینه‌وه‌مان له‌باره‌وه كردووه ده‌ستپێك و بناغه‌ی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردییه و به‌بێ تێگه‌یشتن له‌م قۆناغه مه‌حاڵه بتوانرێت له قۆناغه‌كانی دواتری ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی تێبگه‌ین. هه‌روه‌ها توێژینه‌وه‌كه ئاسانكارییه‌كی زۆر بۆ توێژه‌رانی دوای خۆی ده‌كات، چونكه زۆر به‌وردی توێژینه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و بیروبۆچوونه ڕه‌خنه‌ییانه‌ی كردووه، كه پێی ڕێبازه‌كانی ئیستاتیكی و واقعی له‌ماوه‌ی دیاریكراودا نووسراون و بیروڕای زانستیمان ده‌رباره‌یان ده‌ربڕیوه. ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیكی ئیستاتیكا له بواری هونه‌ر به‌گشتی و بواری ئه‌ده‌ب به‌تایبه‌تی، جێگایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه. گفتوگۆی جوانی و بنه‌ماكانی و پێوه‌ر و پێكهاته‌كانی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی و چۆنێتی دروستكردن و به‌رجه‌سته‌كردنی له كاری ئه‌ده‌بیدا پشكی گه‌وره‌ی له به‌رهه‌می نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌بدا به‌رده‌كه‌وێ؛ به‌جۆرێك سه‌رجه‌م ڕێبازه‌كانی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بیروڕاو پێوه‌ری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه بۆ جوانی هونه‌ری و پێیان وایه، كه ده‌بێت شاعیران و نووسه‌ران جوانییه‌كان بۆ په‌یاموه‌رگران به‌رجه‌سته بكات، ته‌نانه‌ت به‌شێك له ڕه‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب بڕوایان وایه ئامانجی ئه‌ده‌ب ته‌نها و ته‌نها جوانییه و كاری شاعیران و نووسه‌ران ته‌نها خوڵقاندنی جوانییه، كه لێكدانه‌وه و شیكردنه‌وه و ده‌رخستنی ئه‌م جوانییه و بنه‌ماكانی و پێوه‌ره‌كانی و ڕوونكردنه‌وه‌ی بۆ په‌یاموه‌رگران كاری سه‌ره‌كی ڕه‌خنه‌گری ئه‌ده‌به، ئیستاتیكاش یه‌كێكه له‌و ڕێبازانه‌ی له لێكۆڵینه‌وه ڕه‌خنه‌ییه نوێ و هاوچه‌رخه‌كاندا هه‌وڵی ده‌رخستنی بنه‌ما جوانییه‌كانی ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌دات. نووسه‌ران و ڕه‌خنه‌گرانی كورد گرنگییه‌كی زۆریان به بنه‌ما ئیستاتیكییه‌كانی ده‌قی ئه‌ده‌بی داوه و زۆربه‌ی نووسراوه‌كانیان بۆ ڕه‌خنه‌گرتن و لێدوانی ئه‌م لایه‌نه داناوه، به‌تایبه‌تی له شیعردا، چونكه ئه‌و ماوه‌یه؛ ماوه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی شیعری كوردییه و زۆرترین قسه و باس له‌سه‌ر بنه‌ما ئیستاتیكییه نوێیه‌كانی شیعری كوردی كراون، كه ئه‌م نووسینانه ده‌روازه‌یه‌كی نوێیان به‌ڕووی شیعری نوێ‌دا كرده‌وه و بوونه هانده‌رێكی باشیش بۆ ئه‌وه‌ی هانی شاعیران بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌م بنه‌ما نوێیانه ده‌قی شیعری بنووسن. ڕه‌خنه‌ی واقعی چه‌مكی واقع چه‌مكێكی به‌رفراوان و قوڵه و به‌درێژایی مێژوو له ئه‌ده‌بیات و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی جیهانیدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه. ئه‌دیبان و ڕه‌خنه‌گران هه‌میشه به‌شێكی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ سروشت و دیارده‌كانی واقیع و لایه‌نه‌كانی ژیانی مرۆڤایه‌تی ته‌رخان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌میشه هه‌وڵده‌ده‌ن واقع و بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندی و كاره‌كته‌ره‌كانی بكه‌نه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی به‌رهه‌مه‌كانیان، واقع له فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و فه‌یله‌سوفان و ئه‌دیبان و هونه‌رمه‌ندان له به‌رهه‌مه‌كانیاندا ژیانی مرۆڤایه‌تییان ڕه‌نگڕێژ كردووه و حه‌ز و خولیا و ئاره‌زوو، كێشه و گرفت و ناخۆشییه‌كانی ئاده‌میزادیان خستووه‌ته‌ڕوو، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌رنجی مرۆڤ بۆ به‌رهه‌مه‌كانیان ڕابكێشن، یاخود چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیان بكه‌ن. ڕەخنەگری واقعی لەکاتی ڕەخنەگرتن لە دەقی ئەدەبی بەپێی بنەمای بەرجەستەکردنی واقع مامەڵە لەگەڵ دەقەکەدا دەکات و هەر دەقێک باشتر توانیبێتی گوزارشت لە واقع و بارودۆخی ژیانی مرۆڤ و خۆشی و ناخۆشییەکان و باری دەروونی مرۆڤ و ژینگەی کۆمەڵایەتی ئەو کۆمەڵگەیە بەشێوەیەکی هونەرییانە و سەرکەوتووانە بکات ئەوا دەقێکی سەرکەوتووە و بە دەقێکی بەرز دادەنرێت، بەمجۆرە هەر دەقێک تا لە واقع نزیک بێتەوە دەقێکی بەرزە و هەر دەقێکیش لە واقع دوور بکەوێتەوە، بەپێی دوورکەوتنەوەی لەواقع، ئاستەکەشی دادەبەزێت و زیاتر ڕەخنەی لێ دەگیرێت. میلله‌تی كورد یه‌كیكه له‌و میلله‌تانه‌ی زۆرترین كاره‌سات و نه‌هامه‌تی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌تایبه‌تی دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی و دووباره داڕشتنه‌وه‌ی سنووری وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر چوار ده‌وڵه‌تی عێراق و ئێران و توركیا و سوریادا، هه‌روه‌ها له‌ناوبردنی شۆڕشه‌كانی كورد و مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه به‌شێوازی توندوتیژی له‌گه‌ڵ میلله‌تی كورد و چه‌وساندنه‌وه و پێشێلكردنی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك وڵات سڕینه‌وه‌ی سیمای نه‌ته‌وه‌یی و نه‌هێشتنی قسه‌كردن و نوسین و خویندن به كوردی... كه هه‌موو ئه‌مانه‌ش بوونه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین شۆڕش و ڕاپه‌ڕین، كه ڕۆڵیان له گه‌شه‌سه‌ندنی بیروباوه‌ڕی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌رهه‌ڵدانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی هه‌بووه. ئه‌و ڕووداو و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر میلله‌تی كورددا هاتن وایكرد به‌تێپه‌ڕبوونی كات بیری نه‌ته‌وه‌یی و گوزارشت كردن له واقعی نه‌ته‌وه لای ئه‌م نووسه‌رانی كورد به‌هێزتر بێت و زیاتر له مێشك و دڵ و ده‌روونی تاكی كورددا بچه‌سپێ له‌و سه‌رده‌مه‌دا و بووه یه‌كه‌مین ئاراسته‌كه‌ری ڕۆشنبیریی و به‌رنامه و به‌رهه‌مه‌كانی تاكه‌كانی ئه‌م میلله‌ته، ئه‌م وێنه نه‌ته‌وه‌یی واقعییه بووه بنه‌مای ڕۆشنبیری تاكی كورد و دیاریكردنی یاساكانی داهێنانی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، به‌مجۆره به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاری له‌پێشینه‌ی ڕۆشنبیران و ئه‌دیبانی كورد به‌رجه‌سته‌كردن و بانگه‌شه‌كردن بوو بۆ ئه‌م تێڕوانینه، ڕه‌خنه‌گرانیش له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه كاریان له‌سه‌ر ده‌قی ئه‌ده‌بی ده‌كرد و ئه‌م بیره‌یان ده‌كرده پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌قی ئه‌ده‌بی و داوایان له شاعیران و ئه‌دیبان ده‌كرد زیاتر گرنگی به واقعی نه‌ته‌وه‌یی بده‌ن و هه‌وڵی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و خستنه‌ڕووی كێشه‌و گرفته واقعییه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردی بده‌ن. بەشێک لە نووسه‌رانی كورد له نووسینه ڕه‌خنه‌ییه‌كانیاندا زۆر به‌توندی دژی ئه‌و به‌رهه‌مه شیعرییانه ده‌وه‌ستانه‌وه, كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی (خودی) بوون و شاعیران ته‌نها كه‌فوكۆڵی ده‌روونیان هه‌ڵده‌ڕشت و باسی ژیانی تایبه‌تی خۆیان و ژیان له‌گه‌ڵ یار و پیاهه‌ڵدانی یار و ڕۆچوون له‌ناو ژیانی خودی خۆیاندا به‌بێ ئه‌وه‌ی گرنگی به‌ژیان و گوزه‌رانی هاونیشتمانیان و بارودۆخی واقعی نه‌ته‌وه بده‌ن و ستایشی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌شیان ده‌كرد، كه گیانی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵگه و هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و هاندانی لاوانی تێدا بوو، هه‌روه‌ها هه‌وڵیان ده‌دا به به‌رهه‌مه‌كانیان هانی شاعیران و نووسه‌ران بده‌ن له به‌رهه‌مه‌كانیانیاندا گیانی نه‌ته‌وه‌یی به‌رجه‌سته بكه‌ن و خزمه‌تی نه‌ته‌وه و خه‌ڵك بكه‌ن و به به‌رهه‌مه‌كانیان گوزارشت له واقعی ژیان و بارودۆخی خراپی نه‌ته‌وه بكه‌ن. ناوه‌رۆكی توێژینه‌وه‌كه: توێژینه‌وه‌كه له (3) به‌ش پێكهاتووه: به‌شی یه‌كه‌م: (ڕێچكه‌كانی گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریی له ئه‌ده‌بی جیهانیدا) له دوو ته‌وه‌ر پێكهاتووه، ته‌وه‌ری یه‌كه‌میان (ڕێچكه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیكی) كه‌تێیدا باسی (ئیستاتیكا) كراوه و پێناسه و بنه‌ما و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خراوه‌ته‌ڕوو. (چه‌مكی جوانی) پێناسه‌ی كراوه، ئه‌و بیروبۆچوونانه خراونه‌ته‌ڕوو، كه ده‌رباره‌ی جوانی گوتراون، هه‌روه‌ها جوانی ئه‌ده‌بی و پێوه‌ره‌كانی جوانی له ده‌قی ئه‌ده‌بیدا تیشكی خراوه‌ته‌سه‌ر. (مێژووی ئیستاتیكا) مێژووی ئیستاتیكا هه‌ر له ئه‌فلاتوونه‌وه تا ده‌گاته سه‌رده‌می نوێ خراونه‌ته‌ڕوو (مێژووی ئیستاتیكای ئه‌ده‌بی عه‌ره‌بی ئیسلامی) باس له‌و مێژووه كراوه، تیشك خراوه‌ته‌سه‌ر بیروبۆچوونی نووسه‌رانی عه‌ره‌ب ده‌رباره‌ی جوانی و بنه‌ماكانی جوانی له شیعردا، له ته‌وه‌ری دووه‌میشدا (ڕێچكه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی واقعی) باسی (چه‌مكی واقعی) كراوه و ئه‌م چه‌مكه خراوه‌ته‌ڕوو، كه مه‌به‌ست لێی چییه و له ئه‌ده‌بدا چۆن به‌رجه‌سته ده‌كرێت. (ڕێبازی ڕیالیزم) باسی ڕێبازی ڕیالیزم و چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی و هۆكاره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی كراوه، هه‌روه‌ها باسی ڕێچكه‌كانی ڕیالیزمی ڕه‌خنه‌یی و ڕیالیزمی سۆسیالیستی و ڕیالیزمی فۆتۆگرافی كراوه. (مێژووی واقعی) باسی ئه‌و نووسه‌رانه كراوه كه باسی گرنگی به‌رجه‌سته‌كردنی واقعیان كردووه له ئه‌ده‌بدا و ڕۆڵیان هه‌بووه له سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌سه‌ندنی ڕێبازی ڕیالیزمدا. به‌شی دووه‌م: (ڕێچكه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیكی له ئه‌ده‌بی كوردیدا) له‌م به‌شه‌دا به‌پێی بنه‌ماكانی ڕه‌خنه‌ی ئیستاتیكی باس له گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كان كراوه و له سێ ته‌وه‌ر پێكهاتووه: ته‌وه‌ری یه‌كه‌م (ڕه‌هه‌ندی زمانی شیعریی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) توێژینه‌وه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعری كوردی له ڕه‌هه‌ندی زمانییه‌وه كراوه، چونكه لایه‌نی زمان له‌و ماوه‌یه‌ی ئێمه توێژینه‌وه‌كه‌مان تێیدا ئه‌نجام داوه یه‌كێكه له بابه‌ته گه‌رم و گرنگه‌كانی ڕه‌خنه‌ی شیعر، چونكه پاككردنه‌وه‌ی زمانی شیعر له وشه‌ی بێگانه و به‌كارهێنانی زمانی كوردی په‌تی و گرنگیدان به وشه و زاراوه‌ی ڕه‌سه‌نی كوردی له‌و بابه‌تانه‌ن كه ڕه‌خنه‌گرانی كورد له‌و ماوه‌یه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه و كردوویانه‌ته پێوه‌رێك بۆ ئیستاتیكای شیعری كوردی. ته‌وه‌ری دووه‌م (ڕه‌هه‌ندی ئاوازی شیعریی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) مۆسیقا به‌تایبه‌تی كێش و سه‌روا وه‌ك بنه‌مایه‌كی سه‌ره‌كی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعری كوردیدا باسكراوه، نووسه‌ران زۆر به‌وردی قسه‌یان له‌سه‌ر كێش و سه‌روا وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی پێكهێنه‌ری مۆسیقای و شیعر و به‌رجه‌سته‌كردنی ئیستاتیكا كردووه، چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی كێش و سه‌روا، پابه‌ندبوون یان پابه‌ندنه‌بوون یاخود چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی كێش و سه‌روا گفتوگۆیه‌كی زۆری له‌سه‌ر كراوه و له‌م ته‌وه‌ره‌دا به‌وردی خراوه‌ته به‌ر باس و توێژینه‌وه. ته‌وه‌ری سێیه‌م (هونەرەکانی ڕه‌وانبێژی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) له‌م ته‌وه‌ره‌شدا گفتوگۆی ئه‌و گوتارانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شیعریی كراوه، كه له ڕوانگه‌ی هونەرەکانی ڕه‌وانبێژییه‌وه له ده‌قی شیعری‌یان توێژیوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رچی نووسه‌ران كه‌متر قسه‌یان له‌م باره‌یه‌وه كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك بنه‌مایه‌كی پێكهێنه‌ری وێنه‌ی شیعری و ئیستاتیكا باس كراوه و له‌م ته‌وه‌ره‌دا خراونه‌ته به‌ر باس و توێژینه‌وه. به‌شی سێیه‌م (ڕێچكه‌ی گوتاری ڕه‌خنه‌ی واقعی له ئه‌ده‌بی كوردیدا) له سێ ته‌وه‌ر پێكهاتووه، ته‌وه‌ری یه‌كه‌میان (ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) باس له‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییانه ده‌كات، كه له گۆشه‌نیگای واقعیی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه گفتوگۆی شیعری‌یان كردووه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا زاڵترین ده‌نگ له گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كاندا ده‌نگی (نه‌ته‌وه‌یی)یه. نووسه‌ران ئه‌رك و په‌یامی نه‌ته‌وه‌ییان وه‌ك بنه‌مای سه‌ره‌كی سه‌ركه‌وتنی ده‌ق داده‌نا و ستایشی ئه‌و نووسه‌رانه‌یان كردووه كه گرنگیان به‌م لایه‌نه داوه و به گوتاره ڕه‌خنه‌ییه‌كانیان هانی نووسه‌رانیان ده‌دا بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی گیانی نه‌ته‌وه‌یی له به‌رهه‌مه‌كانیاندا. ته‌وه‌ری دووه‌م (ڕه‌هه‌ندی نێونه‌ته‌وه‌یی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) توێژینه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره ڕه‌خنه‌ییانه ده‌كات كه له گۆشه‌نیگای واقعیی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه گفتوگۆی شیعری‌یان كردووه. نووسه‌رانی كورد هه‌وڵیان داوه خه‌باتی دژی داگیركه‌ر، گرنگیدان به‌كێشه‌ی گه‌لانی دنیا به‌یه‌كه‌وه ببه‌ستنه‌وه و گوتاره‌كانیان ته‌رخانكردووه به‌و شیعرانه‌ی ئه‌م ئاراسته جیهانییه‌ی تێدایه. له ته‌وه‌ری سێیه‌میشدا (ڕه‌هه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی له گوتاری ڕه‌خنه‌ی شیعریدا) ئه‌و گوتارانه‌ی ڕه‌خنه‌ی شیعریی شیده‌كاته‌وه، كه له گۆشه‌نیگای واقعیی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه له شیعری‌یان ڕوانیوه. نووسه‌رانی كورد له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌وڵیان داوه له گوتاره‌كانیاندا ئاوڕ له لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی بده‌نه‌وه و له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه له شیعری شاعیران بكۆڵنه‌وه، به‌مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك و هاندانی شاعیران بۆ گرنگیدانی زیاتر به‌م لایه‌نه.
شایه‌نی ئاماژه پێكردنه گفتوگۆی تێزه‌كه به‌سه‌رۆكایه‌تی (پ.د. فازیل مه‌جید مه‌حمود) له زانكۆی سلێمانی و ئه‌ندامیه‌تی (پ.ی.د. قومری سه‌عید عه‌زیز ) و (پ.ی.د. حه‌مه‌نوری عومه‌ر كاكی) له زانكۆی سلێمانی و به‌ڕێز (پ.ی.د. سامان عیزه‌دین سه‌عدون) له زانكۆی چه‌رموو و به‌ڕێز (پ.ی.د. سه‌ركه‌وت عومه‌ر ئیبراهیم) له زانكۆی ڕاپه‌ڕین، له‌هۆڵی (پ.د. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ) له زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. *مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure