5/1/2020 10:02 AM

پایک مالینۆڤسکي هاوڵاتی جیهانیی ئەدەب

ئامادەکردن _ و . لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

‎ئەو شاعیرەی دەرنگ دێت بۆ شیعر خوێندنەوە و بەهەموو شانازیەکەوە دەرگا دەکاتەوە لەبەر ئەوەی بە تەنیا بووە وا دەزانێت هەموو شتێک دەبێ ببێتە باسی ئەو.
‎ئەمە دەستپێکی کتێبی شاعیری دانیمارکی پایک مالینۆڤسکی یە بە ناونیشانی ‘’شاعیرەکان''، کە لە دووتوێی ٩٧ لاپەڕەدا شیعری درێژکراوی نوێخوازی دوای شیعر (میتا پویتیک) کە لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاوکردۆتەوە. کە تیایدا باس لە شاعیر و زۆربەی حاڵەتەکانی شاعیر و فرە کەسایەتییەکەی دەکات. ''من'' ی شاعیر هەموو پلە و پایەکانی گرتۆتەوە، نێرینە بێت یان مێیینە، لاو بێت یان پیر، گیاندار و درەخت- بە شێوەی گۆڕدراو بێت یان هەموویان پێکەوە. بە زمانێکی تایبەت و هەندێ کات بە وشە حەنەک ئاساکانییەوە تێکەڵەیەک لە چڕیی وێنە و وردبینانە لە بابەتەکاندا، کارێکمان بۆ دەنووسێت کە ئێمە پێێ ڕانەهاتووین. لە پشت پرۆژەی ئەم کتێبە بە سەرهاتێکی بچوک هەیە ئەو کاتەی مالینوڤسکی لە نیویۆرک دەژی و بەرەو کڵیسای سانت وارک ی باشوری مانهاتن دەڕوات بۆ ئامادەبوونی کۆڕە شیعرێکی هاوڕێکەی. ئەوە دەڵێت: ''ئەو شوێنە پڕ بوو لە خەڵک فەزای شوێنێکی گەورە و ئارام و خەڵکەکانیش بە تەوسەوە گوێیان دەگرت.'' خۆیشی لە بەردەم سەحنەکە دانیشتووە و گوێ دەگرێ، لە ناکاو دەرگای کڵێساکە بە توندی دەکرێتەوە و لە دوای خۆی پیاوێک بە پاڵەپەستۆە خۆی کرد بە ژووردا، مالینوڤسکی تاوێک سەیری ئەو پیاوەی کرد کە هیچ هێمایەکی شڵەژان و شەرەمزاری بەسەردا نەبوو. چ شتێک وای لێ کرد ئەم هەڵسووکەوتەی هەبێت؟ مالینوڤسکی بیری کردەوە کە هەبێت و نەبێت ئەو پیاوە شاعیرە! ڕەنگە تەواوی ڕۆژگارەکە بەتەنیا بووبێت و بیری چۆتەوە کە چۆن لەناو خەڵکی هەڵسوکەوت بکات، ئەمە ئەگەرێکە ڕێی تێدەچێت وا بێت، بۆ نا! ڕەنگە ئەو پیاوە بە درێژایی ڕۆژەکە خەریکی شیعر نووسین بووبێت و چواردەوەری خۆی لەبیرچووبێت. ئەم بەسەرهاتە بووە ڕێخۆشکەر بۆ یارییەک کە هەمیشە مالینوڤسکی ئەنجامی دەدا، چاودێری کردن و نووسینی هەڵسوکەوتی شاعیران. شرۆڤە و شیکاریی بۆ چەند جۆرە شاعیرێک بکات لە چەند شوێن و حاڵەتێکدا.
‎ئەو شاعیرانەی عاشقن/ ئەو شاعیرانەی عاشقی یۆنانن/ ئەو شاعیرانەی حەزلێدەکرێن، و ئەو کاتەی حەزلێدەکرێن چارەی شیعر بە جێدێڵن/ ئەو شاعیرانەی ژمارەی تەلەفۆنەکانیان لە شیعر دەنووسن/ ئەو شاعیرانەی دەچنە ئاهەنگەکان، خەون بە فەزایەکی ڕۆشەن و بێ ئۆقرە دەبینن/ ئەو شاعیرانەی لە نێو فەزایەکی ڕۆشەن و بێ ئۆقرەدا خەون بە ئاهەنگەکان دەبینن.
‎بە وتەی مالینوڤسکی ئەم کتێبە دیوانە شیعر نییە، بەڵکو ئەم کتێبە باسی ژیان و ئەزموون و حاڵەتی جیاواز دەکات، کتێبێکی شاعیرانە نییە بەو ئەندازەیە، بەڵکو ئیش لەسەر ئەوە دەکات کە شاعیران چی دەکەن، چۆن دەنگ دەردەکەن، بیر دەکەنەوە یان نا ـــ نەک لەسەر چی دەنووسن. ئەم جۆرە خەڵکە نامۆیانە چۆن خۆیان ناودەنێن شاعیر، و چۆن بەرگەی ژیان و مردن دەگرن. ئەمە ئیشی چوار ساڵی نووسینێتی کە لە ڕێی گەشتەکانی بۆ چەندین وڵاتدا نووسیوەتەوە.
‎چەند جۆرە شاعیرێک لە کتێبی ''شاعیرەکان'' دەبینین: شاعیرە گەنجەکان، شاعیرە پیرەکان، شاعیرانی مەنفا، شاعیرانی جیدیی، شاعیرانی بێباک، شاعیرانی خەیاڵ.
‎ئەو شاعیرەی دەچێتە کۆرسی تێڕامان/ ئەو شاعیرەی بە خەرمانەی لێکتێنەگەیشتن دەورە دراوە/ ئەو هەموو شاعیرانەی جیاوازن; هەموو جۆرە دەمامکێک هەڵدەگرن، باوەش بە چەند خەون و ئومێدێکی جیاواز و ئاڵۆز و نەهاتنە دی دەکەن.
‎هەموو (من) ـێک مرۆڤێکە، هەر شاعیرێک ـــــ بە پایک خۆیەوە . چەند جۆرە دەمامکی گۆڕدارون بە شێوەی گۆڕانکارییەکان لەگەڵ چەند خولیایەکی ئاڵۆز. کە بەم شێوەیە لە کتێبەکە باسی دەکات:
‎"ئەو شاعیرەی کە زیاتر حەز بەو تێکستانە دەکات کە وشەی (من) ی تێدایە، بە تایبەت ئەگەر (من) ئازاد بێت، ئەو (من)ـە ی کە بتوانرێت لە هەموو شوێنێک جێی ببێتەوە: نێرێتی، فیمینی، پیر، مرۆڤ، گەنج، مرۆڤ، ئاژەڵ، گیا, پارچەی تیکتۆنی ــ بە نۆبەت یان لەهەمان کاتدا".
‎وێنەی بەرگی کتێبەکە پۆرترێتی زۆرانبازی مەکسیکی شەیتانی شین - The blue demon کە لە کۆتایی کتێبەکەدا سوپاسی کوڕەکەی کردووە هەتا وێنەی باوکی لە کتێبەکەدا بەدەربکەوێت. وێنەکە بەرجەسەتەی دژبەیەکییە و پێکدادانێکی بەرچاو هەیە لە نێوان لەش و لاریکی کەتە و نێوان ڕوخسار مێینەکەی کە بەدەمامکێکەوە کتێبێک دەخوێنێتەوە. شاعیر بوون یارکردنە بە دەمامکەکان; چ مێ بیت یان نێر، بتوانێ بخوێنیتەوە و زۆرانبازیش بکات. هەموو شاعیرەکان جیاوازن و هەڵگری چەندین جۆر دەمامک و خەون و ئاوات و کەمایەسین. ئەو شتەی کە لە نێوانیان هاوبەشە وەک چۆن مالینوڤسکی خۆی لە ناویاندا دەبینیت، بەشێکی بچوکی هەر یەکیکیان خۆی پێکدەهێنن.
‎پایک لە بارەی ئەوە دەڵێت: بەرگی پێشەوە پێش هەموو شتێک پێشکەشە بە ''رۆبیرتۆ بۆلانیۆ'' هەروەها پێکدادانێکە لە نێوان ئەم جەستە گەورەیە لەگەڵ ئەو شێوازە جیدیانەی خوێندنەوەی کتێبەکەی دەستی، بە لێو و بە برۆ ژن ئاساکانی، کەلە ماسکەکەوە دەڕوانێتە کتێبەکە.
‎شیعر هەموو شتێکە
‎پایک مالینۆڤسکی بەشی نووسینی داهێنەرانەی لە ساڵی ١٩٩٨ لە کۆپنهاگن تەواو کردووە و یەکەم کتێبە شیعری خۆی لە ساڵی ٢٠٠١ بە ناونیشانی ''ڕۆمانی خەیاڵ'' بڵاوکردۆتەوە. لە ساڵی ٢٠١٠ دووەمین کتێبی خۆی بە ناوی ''کتێبە گەورەکەی خەونی دانیمارکییەکان '' بڵاکردۆتەوە کە باس لە خەون و خەیاڵەکانی دانیمارکیەکان دەکات، بە هاوکاری گەڕانی گووگڵ نووسیویەتی. خۆی بە نەوەی سێهەمی شیعر دادەنێت، بێ هیچ زیادەڕەویەک بە شیری دایکی بە شیعر و ئەدەب بەخێوکراوە. دایکی ''نینا مالینۆڤسکی'' شاعیر بووە و ''ئیڤان مالینۆڤسکی'' ی باپیریشی هەروەها.
‎''لەبەر ئەوە زۆر ئاسایی بووە لەلای کەلە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی بە نووسنیی شیعر کردووە، چونکە ئەوە کارێکی ئاسایی بووە لە ماڵەکەیاندا.'' بۆیە پایک نەیدەتوانی لەو فەزایە دەربچێت، شیعر لە هەموو شوێن و کاتێک ئامادەیی هەبووە. بۆ ئەو شیعر لەوە زیاترە کە وشەیەک بێت و بخرێتە پەڕەیەکی کتێبێکەوە، ڕەنگە شیعر شارێک بێت لە تێکساس، شیعر شێوازێکە بۆ مانەوە لە سەر جیهان.
‎لە کۆتایی نەوەدەکان و ناوەڕاستی نەوەدەکاندا زۆرترین دیدی شیعری دانیمارکی نووسراون و هەر لەو ساڵانەش مالینوڤسکی خوێندن لە قوتابخانەی نووسین بەردەوام دەبێت و ئەو ساڵانە شیعر شتێکی تایبەت بوو، بوون لە جیهاندا شتێکی جیاواز بوو بۆ مالینوڤسکی و هاوڕێ شاعیرەکانی، هەر وەک خۆی دەڵێ؛ ' گەڕانێکی ڕۆمانسایانە بوو، بەڵام بەدەر بوو لە وەهم یان خۆشباوەڕیی، دەبوایە بە پێی پێویست ئازا بیت بۆ ئەوەی شکت هەبێت و ڕەخنە بگریت. پێگەی خۆت و پاڵەوانەکانت بدۆزیتەوە. لەو ساڵانە بەڕاستی، بەڕاستی باوەڕمان بە شیعر هەبوو. ئێستاش باوەڕم پێی هەیە، بەڵام ئەو کاتە جیاوازتر بوو. ڕادە بەدەر سەرقاڵی ئەدەب بووین، ئەدەبی خۆمان و ئەوانی تر. گەڕانێکی تایبەت بوو بەدوای هەقیقەت، ، هەستێک بوو کە ئەدەب هەموو شتێکە، باوەڕمان بەوە هەبوو کە شیعری باش دەتوانێ لە ژیاندا بتهێڵێتەوە. ئەو کاتەی یەکێکمان باشترین شیعری دەنووسی لە دوای ئەوە بۆ چەند هەفتەیەک دەهاتە فڕین.
‎کتێبەکە پێشکەشە بە نووسەر و شاعیری چیلی رۆبیرتۆ بۆلانیۆ (یەکێکە لە پاڵەوانە مولهیمەکانی ئەدەب بۆ پایک مالینۆڤسکی).
‎ئیشەکانی بۆلانیو بایەخێکی ئێجگاریان هەیە بۆ مالینوڤسکی. ’’هەموو کاتێک کە شاکاری ''هەواڵگرە وەحشیەکان'' ی ساڵی ١٩٩٨ دەخوێنمەوە هەستێکی قوڵ دەمگرێ کە ئەم ڕۆمانە تەنها باس لە شاعیرەکانی پایتەختی مەکسیکی ساڵەکانی حەفتاکان ناکات بەڵکو باس لە شاعیرانی کۆپنهاگن دەکات لە نەوەدەکان. هەمان سۆز ئاوێتەی شاعیرەکانە ، هەمان گەڕان و هەمان تێڕامان و تەوس بۆ شیعرێکی کامڵ. ''
‎بە هەمان جێگۆڕکێکانی بۆلانیۆ بۆ شاعیرەکانی نێو ڕۆمانی ''هەواڵگرە وەحشەیکان'' لە مەکسیکۆ سیتی لە حەفتاکان و شاعیرانی کۆپنهاگن لە نەوەدەکان، بۆلانیۆ لە چیلییەوە دەچێتە ئیسپانیا، بە هەمان شێوە پایک لە دوای خوێندنی نووسین سەفەر بۆ لەندەن و دواتر بۆ نیویۆرک دەکات.
‎پایک دەڵێ ''من ئیستا نزیکی١٧ ساڵە لە کۆپنهاگن دوورم'' وەک ئەوەی ئەم ڕاستیە شتێکی سەرسوڕمێنەر بێت بۆ پایک. ڕاستیەکە کە ئازادی و گۆڕانکاری بۆ هێناوە و لە هەمان کاتیشدا توندیی و هەست بەتەنیایی پێبەخشیوە.

‎هیچ ماڵێک لە ماڵێکی تر ناچێت
‎وەک چۆن شاعیران لە کتێبی ''شاعیرەکان'' بە هەموو جیهان دەگەڕێن ئەوهاش پایک ژیانی ئەو شوێنانەی جیهانی نووسیوەتەوە، ئەو شاعیرانەی بە زیمابوی و نیوۆرک و مۆسکۆ و کۆپنهاگن و ژاپۆن ڕێدەکەن. چونکە بە پێی پایک مالینۆڤسکی بێت شاعیر هاوڵاتییەکی ئەدەبی جیهانییە; بوونەورێکی بێ جێگایە، کە لە هەموو شوێنێک ماڵیان هەیە ــ و هیچ شوێنیکیشیان نییە: ''من خۆم لەمەنفا دەژیم و بی ماڵ و تەنیام. کاتێک لە بیست شوێنی جیاواز ژیانت بەسەر برد وەک من، هیچ شوێنێک نییە ناوی ماڵی خۆتی لێبنێیت، بێجگە لەو ماڵەی کە لە زماندا هەیە، ئەو ماڵەی لە زمانی دایک هەیە یان لەگەڵ خێزان و هاوڕێکاندا هەیە''

‎لە کتێبەکە چەند شوێنگەلێکی تێدایە کە بۆتە هێمایەکی بینراوی نووسەر، پایک کتێبەکەی لە هیندستان و ئیسپانیا و نیویۆرک و کۆپنهاگن دا نووسیوەتەوە. چ شتێکی جیاوازە شیعر لە روسیا بنووسیت و ناوت لە ڕاپۆرتی پۆلیس دا هاتبێت؟ یان چی دەڵێیت بۆ ئەوەی شتێک لەباەری ژیانی سەختی چینیەکان بننوسیت، یان شاعیرێک بیت لە شەڕی ناوخۆی زیمبابوی گەورەبووبیت؟ ''یەک شت نین، ئێمە لەناخماندا یەک شت نین، ئەمە شتێکە پێی دەژین و لەبارەیەوە دەنووسین''
‎ئابوری کۆمەڵایەتی شاعیر
‎پایک ڕای وایە کە هەموومان لە سەرەتادا شاعیرین. لەو کاتەی دەرک دەکەین کە زمان وەک منداڵێکە و بوینەتە خاوەنی، تا ئەو کاتەی لە تافی لاوێتیدا یەکەمین نامەی خۆشەویستی دەنووسین. ڕەنگە هەتا بگاتە ئەوکاتەی هەست بەمردن و گەورە بوون دەکەین.
‎هەروەها پایک ڕای وایە کە ئەگەر شاعیر بیت مانای ئەوە نییە چاوێکی زانینت هەبێت یان جورئەتی پرسیار کردنت هەبێت بۆ دەرکەوتنی جیاوازییەکان، بەڵکو جورئەتی ئەوەشت هەبێت شکست بێنیت، سەرکەوتوو نەبیت، و لە بارێکی ناخۆشی کۆمەڵایەتیدا بیت و پڕبیت لە تەنگەشەی ئابوری.
‎لە تێکستێکی کتیبەکە پایک بە تەنزەوە ئاماژە بۆ ئەو شاعیرەی دانیمارک دەکات کە چۆن باج و پسوڵەکانی دەوڵەت دەدات و لەهەمان کاتیشدا ئەو کاتەی شاعیر نەخۆش دکەوێت و پشوو دەدات بێ ئەوەی هیچ دەرامەتێکی هەبێت، پایک لە کتێبەکەی ئاماژە بۆ تێکستێکی دەکات:
‎"ئەو شاعیرەی هەوڵ دەدات قازانج و خەرجیەکانی خۆی شرۆڤە بکات :
‎قازانج: ببیتە خوایەک لە خانوی خۆت.
‎خەرجیەکان: ددانی خراپ، دوودڵ لە ئابڕوو، دەستبەسەری باری دەرونیی.
‎ئامانج: کۆمەڵگەیەکی تێگەیشتووی باشتر.
‎پرۆژە ئەلتەرناتیفەکان: خاوەن خێزان، ڕۆژنامەنووسی ڕۆشنبیری، کڵاودورین، ئیش کردن لەکەرتی حکومیی."

‎پایک ڕێزێکی زۆر لەو کەسانە دەگرێت کە شکستیان هێنا و داچەمینەوە و دواجار شیعریان بەجێهێشت. حەز بە شکستخواردوان و پرۆژەکانیان دەکات، چونکە لەو کاتانەدا فێر دەبیت کاتێک شتەکان هەراسان دەبن. یاری شیعر زۆر هەستیارە و پێویستی بە پەڕینەوەی ئەوپەڕی سنوورەکان هەیە. وای دەبینێت کە ئەوانەی واز لە ژیان دەهێنن، زۆربەی جار شاعیرە پڕ هەستەکانن.

‎پایک مالینۆڤسکی Pejk Malinovski لە دایکبووی ساڵی ١٩٧٦ لە کۆپنهاگن. کاری بەرهەمهێنەری ڕادیۆیی کردووە، لە ساڵی ١٩٩٨ بەشی نووسینی داهێنەرانەی خوێندووە. لە پاڵ کاری ڕادیۆییدا کاری وەرگێڕانی شیعری بیانی دەکات بۆ زمانی دانیمارکی. ئێستا لە نیویۆرک دەژی. خاوه‌نی سێ کتێبی شیعرە: (ڕۆمانی خەیاڵ) ٢٠٠١، (کتێبە گەورەکەی خەونی دانیمارکییەکان)٢٠١٠، (شاعیرەکان) ٢٠١٦.
‎*کتێبی شاعیرەکان بە وەرگێڕانی ئالان پەری لەلایەن بڵاوکراوەکانی نووسیار لەم رۆژانەدا بڵاوکراوەتەوە.
سەرچاوە:
پاشکۆی کولتوری ڕۆژنامەی ئینفۆرمەشیۆنی دانیمارکی.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved