5/1/2020 11:05 AM

نەسری كوردی و گۆڕانی فۆڕم

سەید قادری هیدایەتی رۆماننووس و لێكۆڵەڕێكی كوردە، بەكارە ناواز و ئاست بەرزەكانی، بە شاكارەكانی توانێویتی پانتاییەكی فراوان لە نێوەندی ئەدەبی كوردی بگرێت، تا دێت زیاتر و باشتر و ورد تر دەخوێنرێتەوە، سەرەتا لە رۆژهەڵات و ئێستاش لە باشووری كوردستان بە وردی دەخوێنرێتەوە و قسە لەسەر بەرهەمەكانی دەكرێت، توانا و سەلیقەی ئەم نووسەرە لە رۆمانی گابۆڕ و تۆقی عەزازێلدا بە تەواوەتی دەركەوت، بەدەر لە رۆمانەكانی دوو كتێبی لەبارەی ئەدەبیاتەوە نووسیوە، كە لە هەردووكیاندا شارەزایانە و مەعلان بە تێزی ئەدەبیات قسە لەسەر كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبی كوردی دەكات. لە كتێبی بەردێك لە بەردێك لە بارەی كۆمەڵێك بەرهەمی ئەدەبی كوردییەوە دەدوێت. لەم بەرهەمە تازەیەشیدا لە بارەی نەسری كوردییەوە زۆر بە وردی و بە سەلیقەوە لەبارەی نەسری كوردییەوە دەدوێت لە ئەزموونی نووسینی كۆمەڵێك نووسەری كوردەوە، لەوانە نەسری مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن و مامۆستا مەسعود محەمەد، تا دەگات بە نەسر لە رۆمانی كوردیدا، لە ئەزموونی عەتای نەهایی و... هیدایەتی زۆر بە وردی و شارەزایانە لەبارەی پەیوەندی ئەدەبی نووسیاری و ئەدەبی زارەكییەوە دەدوێت، راوێژی بەیتەكان، هاوكات شیكاری بۆ جۆرەكانی نەسری كوردی دەكات، نەسری دینی ئاسمانی، نەسری مەلایانە- حوجرەیی، نەسری مریدانی خانەقاكان، نەسری زانستی – فەنی ... تا دەگات بە نەسری ئەدەبی... بە دیقەتەوە جیاوازی ئەم نەسرانە شی دەكاتەوە، لە بەشێكی گرنگی كتێبەكەدا باس لە پەیوەندی نەسر و گێڕانەوە دەكات و چەند نموونەیەك دەهێنێتەوە، لەوانە نموونەی نەسر لە ئەزموونی گێڕانەوە لای عەتای نەهایی لەرۆمانی گوڵی شۆراندا، نووسەر لەم بەشەدا سەبارەت بەو بەرهەمە دەڵێت: بە نووسینی گوڵی شۆران دەرفەتێكی گەم وێنە بۆ ئەدەبیاتی كوردی دەخوڵقێ، كە دەقێكی رابردوو بە شێوەیەكی داهێنەرانە بۆ دەقێكی ئێستا بانگێشت بكرێ و گۆڕانێكی فۆڕمی بەدی بێ. بەڵام لە هەمان كاتیشدا، بەداخەوە، گێڕانەوەی كوردی دەرفەتێكی زێڕینی لەكیس دەچێ. چونكە ئەو رۆمانە دەیتوانی لەرووی زمان و تۆن و راوێژیشەوە كار لەسەر لاس و خەزاڵ بكا. لەباری زمانی و راوێژ و نەسرەوە، نە نزیك بووەتەوە نەدووركەوتۆتەوە. یانی ئەوەندەی لەسەر لایەنی كەسایەتی و تێم و گەڵاڵە (تەڕحی چیرۆك) ەوە كاری داهێنەرانە لەسەر ئەو بەیتە كراوە، حەول نەدراوە لەسەر ئەو زمان و ڕاوێژە یان فۆڕمی گێڕانەوە كارێكی فۆڕمی یان زمانی بەرێوە بچێ.
ئەمە كورتەیەكە لە بۆچوون و شیكاری نووسەر بۆ رۆمانی گوڵی شۆران، لە بەشەكانی دیكەشدا لەسەر چەندین دەقی دیكە شیكاری كردووە، بۆ نموونە كاتێ دێتە سەر قسە كردن لەسەر بەرهەمی وەرگێڕان و نووسینی هەژار موكریانی، بە وردەكارییەوە جیاوازییەكان نیشان دەدات، كە مامۆستا هەژار چۆن و بە چ شێوەیەك قورئانی وەرگێڕاوە، شەرفنامەی چۆن وەرگێڕاوە، چێشتی مجێوری چۆن نووسیوە... لە بارەی نەسری مامۆستا هێمن یشەوە بەهەمان شێوە شیكاری بۆ بەرهەمەكانی دەكات.
سەید قادر هیدایەتی ورد و بە سەلیقە لەبارەی نەسری كوردییەوە شیكاری بۆ ئەو بەرهەمانە كردووە، كە بەشی زۆریان بەرهەمی نووسەرانی رۆژهەڵاتی كوردستانن، زیاتر لەبارەی ئەزموونی نووسەرانی ئەو بەشەی كوردستانەوە قسەی كردووە، ئەم لێكۆڵینەوەیە سەرچاوەیەكی بەنرخە بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت لە بارەی نەسری كوردییەوە شارەزاییان هەبێ و ئاگادرای قۆناغەكانی نەسری كوردی ببن، چون نووسەر قۆناغ بە قۆناغ بە وردی لەبارەی جۆرەكانی نەسری كوردییەوە شیكاری كردووە.
ئەوەی بۆ گوتن ماوەتەوە دەستخۆشی و هیوای تەمەن درێژییە بۆ ئەم نووسەرە  شارەزا و بە سەلیقەیەی كورد كە هەمیشە خەم خۆری ئەدەبیاتی نەتەوەكەیەتی و بەردەوامە لە كاركردن، بەرهەمەكانی برینین لە دەنگی نوختەـ نۆڤلێت، تۆقی عەزازیل- رۆمان، گابۆڕ- رۆمان، بەردێك لەبەردێك- كۆمەڵەوتار، نەسری كوردی و گۆڕانی فۆڕم- رەخنە و لێكۆڵنەوە، كە دوا بەرهەمێتی و ئێستاش رۆمانێكی ئامادەی چاپە و بەو هیوایەین زوو بڵاوبێتەوە و بكەوێتە بەردیدەی خوێنەران.  
سیروان كەمال




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved