5/1/2020 03:29 PM

ئایا شەحنی 100٪ـی مۆبایل زیانی هەیە؟

حەز ناکەین هەڵگری هەواڵی ناخۆش بین، بەڵام ئەو شێوازانەی کە ئێمه بۆ شەحنکردنەوەی مۆبایل گرتوومانەتە بەر تەمەنی پیلی مۆبایلەکەمان کەم ئەکاتەوە. بەتایبەت ئەگەر مۆبایلی زیرەک شەو تا بەیانی شەحن ببێتەوە یان پاش ئەوەی فوول بوو چەندین کاتژمێر بە شەحنکەرەوەکەوە بێت.
"دۆمینیک شۆلت" بەڕێوەبەری کۆمپانی BatterieIngenieure  کە ڕاوێژکاری بواری پیلە، گوتوویەتی: ئەگەر حەز ئەکەن شەحنی مۆبایلەکەتان فوول بێت و هەروا بەفوولی رایبگرن، ئەم کارە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەمەنی پیلە "لیتیۆمی-یۆنی"ـیەکان هەیە. بەم حاڵەوە زۆرینەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری مۆبایل لایان وایه ئەو قسەیەی کە ئەڵێ شەحنی 100٪ زیان بە پیلی مۆبایل ئەگەیەنێت، ئیتر باوی نەماوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر تەمەنی پیلەکە نییە. یەکێک لە بەرێوەبەرانی گۆگڵ لەم بارەوە ئەڵێت: بەگشتی ئەو زەینییەتە کە شەحنکردنەوەی لەڕادەبەدەر و بەردەوام زیانی بۆ پیلی مۆبایل هەیه قسەیەکی کۆن و سواوە. ئەو لە درێژەدا ئەڵێ کاتێک رادەی شەحنی مۆبایل ئەگاته 100٪، پرۆسەی شەحنکردنەوە بەشێوەی ئۆتۆمات ستۆپ ئەبێت. بەڵام " شۆلت" و زۆرینەی بەرهەمهێنەرانی مۆبایلە زیرەکەکان لەسەر یەک خاڵ کۆکن، ئەوەیش ئەوەیە کە کاتێک ناتانەوێ مۆبایلێک بەکاربهێنن و لەشوێنێک دایدەنێن، ئەبێ شەحنی مۆبایلەکە لەئاستێکی تایبەتدا رابگرن و ئەوەش واتە مۆبایلە زیرەکەکان حەزیان لە شەحنی 100٪ نییە. "شۆلت" باسی ئەوە ئەکا کە ئەگەر شەحنی مۆبایل لەنێوان 30 بۆ 50٪ـدا بێت، پیلەکەی بەخێراییەکی کەمتر کۆن ئەبێت و ئەوە ڕێک ئەو رادەیەیە کە کۆمپانیاکانی مۆبایل دیاریان کردووە.
هەڵبەت ئەگەر لەو کەسانەن کە هەموو ساڵێک یان بە دوو ساڵ جارێک مۆبایلەکەتان ئەگۆڕن نابێ زۆر نیگەرانی پیلی مۆبایلەکەتان بخۆن، چونکە کەمبوونەوەی تەمەنی پیلی مۆبایل لەدرێژخایەندا روو ئەدات. بەو حاڵەوە هەوڵ بدەن کەمتر شەحنی مۆبایلەکەتان فوول بکەن.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved