5/1/2020 03:39 PM

ناسا نەخشەی گەنجینەكە ئاشكرا دەكات


ئیدارەی فرۆكەوانی و فەزایی ئەمریكا (ناسا)ئەو نەخشەیەی ئاشكراكرد كە ناوی ناوە(نەخشەی گەنجینە) و تێیدا ئەو شوێنە سەهۆڵینانەی ئاشكراكردووە كە گریمانە دەكرێت لەسەر هەسارەی مەریخ هەبن.
ئەو ناوچەیەی كە لەنەخشەكەی مەریخدا ڕوونكراوەتەوە، سەهۆڵی ئاویی تێدایە كە لەسەر ڕووی هەسارەی مەریخەوە نزیكە و ئەمەش كاری هەڵكەندن و گەڕان بە دوای ئەو سەرچاوانەدا ئاسان دەكات بۆ ئەو كەسانەی لە داهاتوودا دەچنە سەر ڕووی ئەو هەسارەیە
ئاژانسەكە لە بەیاننامەیەكیدا ئاماژەی بەوە داوە، توێژەرەوەكانی ناسا ئەو نەخشەیەیان داهێناوە كە دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی پێشبینی دەكرێت سەهۆڵی ئاوی تێدا بێت و زانا توێژەرەوەكان لەو باوەڕەدان كە ئەو سەرچاوانە زۆر نزیكن لە ڕووی هەسارەكەوە كە مەوداكەی لە (2.5)سانتیمەتر تێپەڕ ناكات.
لە لای خۆیەوە (سیلڤان بیكۆ) لە تاقیگەی پاڵنانی فیشكەدارەكانی سەربە ئاژانسی ناسا و سەرپەرشتیاری سەرەكی ئەو توێژینەوەیەی سەبارەت بەنەخشەكە كراوە وتی»ئەوەی بۆمان دەركەوتووە ئەوەیە كە فەزاوانەكان پێویستیان بە ئامێری قەبە نابێت بۆ هەڵكەندن، بەڵكو ڕەنگە بێڵێكی ئاسایی بەس بێت بۆ دۆزینەوەی ئەو سەهۆڵە».
ئەو پسپۆڕە وتیشی» ئێمە بەردەوامین لەكۆكردنەوەی زانیارییەكانمان سەبارەت بەسەهۆڵی ناخی هەسارەی مەریخ و سەرنجیشمان لەسەر ئەوەیە باشترین شوێن بۆ فەزاوانەكانی داهاتوو بدۆزینەوە».
دیاریكردنی یەدەگیی سەهۆڵ زۆر گرنگە بۆ ئەركە فەزاییەكان كە لە داهاتوودا مرۆڤ ئەنجامی دەدات، ئەمەش یاریدەدەر دەبێت بۆ دەستنیشانكردنی شوێنی پرۆژەكان، لەوانەش پرۆژەی(مارس– ئێكس) كە كۆمپانیای ( سپەیس ئێكس) نەخشەی بۆ داڕشتووە، بۆ ئەوەی ببێتە بنكەیەك لەسەر هەسارەی مەریخ.
ئەوەی زانایانی گەردوونناسیی بیری لێدەكەنەوە ئەوەیە گواستنەوەی ئاو شتێكی قورس دەبێت گەر بە موشەك و مەكۆكان ببرێتە سەر هەسارەی مەریخ، بۆیە دۆزینەوەی ئاو یان سەهۆڵ یارمەتی فەزاوانەكان دەدات لەوێ بمێننەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرگە هەوای مەریخ زۆر تەنكە بۆیە زۆربەی ئاوی سەر ڕووی ئەو هەسارەیە بە خێرایی دەبێتە هەڵم.
پێویستە بووترێت مەكۆی فەزایی ( مارس فینێكس) لە ساڵی (2008) دا و دوای ئەوەی لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوە توانی لە ئەنجامی شیكردنەوەی نومونەی خاكی سەر هەسارەكە ئاوی بەستووی لەو هەسارەیەدا دۆزییەوە.

سەرچاوە: الوكالة العربیة للفلك والفضا‌ء




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved