5/1/2020 06:56 PM

پێشكەشكردنی خوێندنی دبلۆمی باڵاو ماستەرو دكتۆرا درێژدەكرێتەوە

بۆ یەكەمجارە لە مێژووی خوێندنی باڵای كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەرفەتێكی گەورە لە زانكۆكانی هەرێم بۆ پێشكەشكارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەك ساڵەی ئەكادیمی و ماستەرو دكتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی (2019-2020) دەڕەخسێنێت، ئەویش بە تەرخانكردنی زیاتر لە (٥٠٠٠) كورسی خوێندن بۆ ئارەزوومەندانی خوێندنی باڵا.

لەمبارەیەوە سەرتیپ خالص بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێكدا بۆ وێبسایتی وەزارەتی راگەیاند: ٥/١/٢٠٢٠ پڕۆسەی پێشكەشكردنی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی باڵای یەك ساڵەو ماستەرو دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.

وتیشی: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ خوازیارانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی یەك ساڵەو ماستەرو دكتۆرا، لەسەر ڕاسپاردەی د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزارەت، وەزارەتەكەمان پێداچوونەوەی بە كورسیيەكانی گشتی كرد كە شێوازی خوێندنەكە بە خۆڕاییە، بۆ ئەمەش ژمارەیەكی بەرچاو لە كورسی تەرخانكراوی گشتی بۆ فەرمانبەرانی دامەزراو بەشێوەی هەمیشەیی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیادكران، بەمەش دەرفەتی زیاتر بۆ پێشكەشكارانی دامەزراو دەڕەخسێت.

بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان ڕاشیگەیاند: لە كۆبونەوەی ڕابردووی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاردرا لە بەرامبەر خەبات و قوربانیدانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بۆ پێدانی دەرفەت و ڕەخساندنی هەلی زیاتر، كەسوكاری پلە 1ی شەهیدو ئەنفالكراوەكان (هاوسەر، كوڕو كچ)، ئەگەر سەرجەم مەرجەكانی پێشكەشكردنی خوێندنی ماستەرو دكتۆرای تێدا بێت و لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەربچێت، لە دەرەوەی پلان، كورسی خوێندنی تایبەتیان بۆ تەرخاندەكرێت.

وتیشی: ژمارەیەك كورسی دیكەی خوێندنی باڵا/ ماستەرو دكتۆرا بۆ فەرمانبەرو مامۆستایانی میلاكی هەمیشەیی زانكۆی كەركوك و پەیمانگەی كەركوك تەرخاندەكرێت، كە دەتوانن لە زانكۆكانی كوردستان پێشكەشی كورسیە تەرخانكراوەكان بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پشتگیری لە نوسینگەی وەزارەتەكەمان لە شاری كەركوك هاوپێچ بكات لەكاتی پێشكەشكردن.

بەڕێوەبەری خوێندنی باڵا لە فەرمانگەی توێژینەوەو پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی وتیشی: لەپێناو دروستكردنی دەرفەتی زیاتر بۆ پێشكەشكاران و لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پرۆسەی پێشكەشكردن درێژدەكرێتەوە، بەمەش گۆڕانكاری بەسەر ماوەی پێشكەشكردندا دێت بەمشێوەیەی خوارەوە:
 
-ماوەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/دبلۆمی باڵاو ماستەرو دكتۆرا: لە (5-1-2020 تا 26-1-2020) بەردەوامدەبێت.
-تاقیكردنەوەی توانستی زانستی: رێكەوتی (2-2-2020).

سەرتیب خالص ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ پلان و ژمارەی كورسی خوێندن لەگشت بەش و پسپۆرییەكانی خوێندنی باڵا/ دبلۆمی یەك ساڵەو ماستەرو دكتۆرا لەلایەن وەزارەتەوە بە پەسەندكراوی بۆ زانكۆكان نێردراو لەلایەن زانكۆكانیش بڵاودەكرێتەوە.

جێی ئاماژەیە، لە بەشێك لە زانكۆكان پێشكەشكردن بۆ خوێندنی باڵا/ دبلۆی باڵاو ماستەرو دكتۆرا بەشێوەی ئۆنڵاین دەبێت، بەمەش پێشكەشكاران دەتوانن لەڕێگەی وێبسایتی ئەو زانكۆیانە داواكاری بە ئۆنڵاین پێشكەشبكەن.

خاك - راگەیاندنی خوێندنی باڵا




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved