7/1/2020 10:01 PM

سلێمانی.. پێداچوونەوە بۆ بەروبومی هاوردەكراو دەكرێت

بە مەبەستی راگرتنی هاوسەنگی و زیادنەبوونی نرخ، هاوردەی بەروبومی پەلەوەری دیاریدەكرێت و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانیش رایدەگەیەنێت بە مەرجەكانی ڤێتەرنەری و تەندروستی بەرهەمەكان هاوردە دەكرێت.

لە دیوانی قائیمقامیەت لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبووەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.

لەدوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی وتی: بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی راگرتن لەنێوان بەرهەمی ناوخۆو هاوردەكراو، هەروەها بەرزنەبوونەوەی نرخی بەرهەمی پەلەوەر لەسەر هاووڵاتیان، لیژنەكە بڕیاری لەسەر بڕی بەرهەمی هاوردەكراو داوە بۆ مانگی 1 (كانونی دووەم).

ئاماژەی بەوەشكرد: بڕی ئەو بەروبومانەی لە مانگی یەكدا هاوردە دەكرێن بریتین لە 300 تۆن مریشكی بەستوو 500 تۆن ماسی، 500 تۆن گۆشتی سور لەگەڵ 700 سەرئاژەڵی زیندوو.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی

 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved