8/1/2020 09:16 PM

رێگری له هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەکرێت

وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم رێگری لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو دەکات بۆ ناوخۆی هەرێم و بڕیاری سنوردارکردنی هاوردەکردنی بەرهەمی پەلەوەریش دەدرێت.

لەوبارەیەوە رزگار حەمە خدر جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاندووه: وەزارەتی كشتوكاڵ بڕیاریداوە بەهیچ شێوەیەك مریشكی بەستوو هاوردەی هەرێم نەكرێت، بەڵام رێگە بە هێنانی پارچەكانی مریشكی بەستوو دەدات، هاوكات هاوردەی بەروبومی پەلەوەری كەمدەكاتەوە بە شێوەیەك تەنها پێویستی ناوخۆیی پڕبكاتەوە.

وتیشی، بەهۆی زیادبوونی پڕۆژە پەلەوەرییەكان لە سنوری سلێمانی، بڕیاردراوە بە كەمكردنەوەی رێژەی هاوردەی بەروبومی پەلەوەری و پابەندبوون بە رێنماییەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، بڕی هاوردەش 85% كەمكراوەتەوە، كە لە ماوەكانی رابردوودا مانگانە 2 بۆ 3 هەزار تۆن مریشك هاوردە دەكرا.

رزگار حەمە خدر ئاماژەی بەوەشكردووه، بەرهەمی ناوخۆیی بە شێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووەو ژمارەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لە سنوری سلێمانی گەیشتۆتە زیاتر لە هەزار پڕۆژەی پەلەوەری، ساڵانەش توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 50 ملیۆن مریشكیان هەیەو توانای زیاتر لە 100 هەزار تۆن گۆشتی مریشكیان هەیە، كە ئەوەش زیاترە لە پێداویستی بەرهەمی ناوخۆیی.

خاك 




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved