ئەنفلۆنزای H1N1 كە پێشووتر بە ئەنفلۆنزای بەراز ناسرابوو، لە سەردەمی ئێستادا هێندە دێوەزمەیەكی قورس و ترسناك نیە، جۆرێكی جیاوازی ئەنفلۆنزایەو نیشانەكانی ڕەنگە لە پەتای وەرزی زیاتر نەبن و مەترسییەكانیشی زیاتر نەبن، لە هەندێك كەسی تایبەتدا نەبێت. ئەو كەسانەی ئەنفلۆنزای H1N1 مەترسیان لەسەر دروستدەكات: - كەسانی بەتەمەن و منداڵی ساواو ژنانی دووگیان. - ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنی سییەكان و بۆری هەوایان هەیە. - ئەوانەی نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە. - ئەوانەی سیستمی بەرگری لەشیان لاوازە، بەهۆی نەخۆشیيەوە بێت یان بەهۆی دەرمانەوە. - ئەو كەسانەی ئەندامی جەستەیان بۆ چێنراوە. ئەگەر بە سەختی توشی پەتاكە یان ڤایرۆسەكە بوویت، دەتوانیت سەردانی پزیشك بكەیت كە نیشانەكانی بریتیيە لە: * كۆكەو هەڵامەتی زۆر توند لە هەفتەیەك زیاتر. * بێتاقەتی و بێهێزی لەڕادەبەدەر بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك. * تای زۆر بەرزو شینبوونەوەی لێو و زمان. * سنگ ئێشەو خیزەی سنگ و هەناسەسواری. * بورانەوە یان گەشكە. ئەگەر كەسی توشبوو لە گروپە مەترسیدارەكان نەبوو و نیشانەكانی توشبوونی زۆر سەخت نەبوون، ئەوا هیچی پێویست نیە جگە لە رێنماییە باوەكانی خۆپارێزی ئەوانیش: - پاكوخاوێنی و دەستشۆردن و پشوودان و زۆر خواردنەوەی شلەمەنی. - دووركەوتنەوە لە ماچكردن و باوەش و سەردانیكردن، بەتایبەت لەگەڵ كەسانی توشبوو. - بەكارهێنانی ماسك و كلێنس و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵخی . - بەكارهێنانی دەرمانی دژە تا (پاراسیتامۆڵ). ئا: د.محمد سەید علی بەرزنجی بەكالۆریۆس لە نەشتەگەری گشتی و هەناوی خاك - ڕاگەیاندنی تەندروستی سلێمانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure