11/1/2020 09:05 AM

شیعری شێخ رەزای تاڵەبانی و كەركوك

غەفور ساڵح عەبدوڵڵا 

شێخ رەزا وەكو ناسراوە یەكێكە لە كەڵە شاعیرانی كوردە و بە تایبەتی لە شیعری هەجوودا، واتا شیعری قۆشمە و جنێو ئامێز، هەروەها بە زمانی فارسی و توركیش ئەم جۆرە شیعرەی داهێناوە، چونكە بەهەردوو زمانەكە شیعری ووتووە، هەربۆیەش لە مێژووی شیعری توركی و توركمانیشدا ناوی هاتووە. هەروەكو (سابیر شاكیر زابت)كە نوسەرێكی توركمانە لە مێژووی ئەدەبیاتی توركمانیدا شێخ رەزای وەكو شاعیرێكی توركمان تۆمار كردووە. كە ئەمەیان دوورە لە راستیەوە، هەروەكو چۆن (هیجری دەدە) یش بە شاعیرێكی توركمانی لە قەڵەم دەدەن. شێخ رەزا خۆی شیعرێكی هەیە وەكو وەڵام بۆ ئەم قسەیە كە دەڵی:
 كوردم و تاڵەبانی شێخ رەزاشم ناوە من
 نە توركم و نە عەرەب و نە فورسیشم باوە من،
  لە كەركوك و خاسە پرسن شایەد حاڵن و ئەڵێن
بە قەد خشت و بەردو و پەڵكی توركمانم گاوە من
لە شیعری شێخ رەزای تاڵەبانیدا سێ‌ شاعیری هەجووی عەرەب یەك دەگرنەوە,كە ئەویش (فەرەزدەق و جەریر وبشار كوڕی بوردە)
زانایەكی مەزن لە شێخ رەزا دەپرسێ‌: شاعیرێكی زۆر بەرز و رەوان لە نێوان كوردا كێیە؟ هەروەها لە فارسی و عەرەبی و توركیشدا كێن؟ شێخ رەزا وەڵامی دەداتەوە: (شاعیری وا لەم ئاستەدا( مستەفا بەگی ساحێبقڕان)ە و لە فارسی دا (فیردەوسی) ولە عەرەبیدا (موتەنەبی) و لە توركیدا (نامیق كەمال) لەهەر چوار زبانەكەشدا كاكی خۆتە)
شێخ رەزا و شاری كەركوك جمك بوون, بەبێ‌ یەكدی هەڵیاندەكرد، سەرەراِی ئەوەی لە ئاوایی (قرخ) سەر بە شارۆچكەی چەمچەماڵ لەدایكبووە، زۆربەی ژیانی لەو شارە گوزەراندوە، هەرچەندێ‌ شێخ خۆی دەڵێ‌ كە ئەهلی وەكو ئاوی حەمامووك لە گەڵیدا ناتەبا بوون.
        بەم حاڵە ئەگەر دەفعەیەتر بچمەوە كەركووك
        مەعلوومە بە مەردی نەڕواوە لە سەرم تووك
        بۆچ بچمەوە كەركوكی قوڕمساغ كە لە گەڵ من
        ئەهلی هەموو ناسازە وەكو ئاوی حەمامووك
تاوكو دەمی مردنیش هەر لە كەركوك بەتایبەتی لەگەڕەكی (بەر تەكیە) لە رۆژهەڵاتی شاردا ژیاوە، ئەو شوێنەی كە مەزار و مەرقەدی كەسانی بناماڵەكەی لێ بووە و هەروەها تەكیەی تاڵەبانیەكان كە بە تەكیەی (شێخ عەلی) برای شێخ رەزا ناسراوە.
ئەم شاعیرەمان ناوی شێخ رەزایە و كوڕی شێخ ئەوڕحمان كوڕی مەلا ئەحمەد كوڕی مەلا مەحموودی زەنگنەیە، كە باپیرە گەورەی خێزانی تاڵەبانیەكانە، ئەم ناوەش لە گوندی (تاڵەبان)كە دەكەوێتە ناوچەی زەنگنەوە هاتووە. لە شارۆچكەی چەمچەماڵەوە نزیكە: لە ساڵی 1837 لە دایك بووە و لەساڵی 1910 مردووە و لەگۆڕستانی عەبدلقادری گەیلانی لە بەغدا بە خاك سپێردراوە...
شێخ رەزا بە شێوەیەكی زۆر قۆشمە و پلارگرتنەوە ئاوها وەسفی كەركوك دەكات:
         كافی كلك وكافی كوون و كافی كەر تێكەڵ كرا
        ئیسم و ناوو شۆرەتی كەركووكی لێ‌ تەشكیل كرا
ئەوەتا لە شوێنێكی ترا بە پێچەوانەی ئەو شیعرەوە شیعرێكی دیكە بۆ كەركوك دەڵی:
كەركووك بەمە نازی هەیە ئەمڕۆ لە جیهانا
ئارامگەی پڕ شەرەفی چوار حەفیدە
(شێخ رەزا پیاوێكی كەڵەگەت و چوارشانەبوو، ناوچەوان پان و چاوی تۆزێك مژومۆر و زەق بووە. برۆكانی پڕ و پێكەوە بەسترابوون، لووت و چەناگەی تۆزێ‌ پان، ریشێكی سپی ئەهێشتەوە زیاتر لە سێ‌ پەنجە، كە چەناگە و سەرگۆنا و تەوێلی خستبووە ئەندازەیەكەوە، مێزەرێكی سپی كوردانەی شێخانی لەسەر دكرد كە سەرگوێچكەی دائەپۆشی دەنگی نێرو قسەكردنیشی خاوبووە) ئەم وەسفەش بەوتەی عەلادین سەجادییە.
شێخ رەزا نەیتوانیوە بە زۆری لەكەركوك دووركەوێتەوە، هەرچەنێ‌ دوور سەفەری كرد بێ‌ دواجار سۆزی كەركوك تاوی لێ‌ سەندووە و گەڕاوەتەوە بۆ كەركوك، بۆ جاری یەكەم 1860 لە ڕێگەی حەلەبەوە دەچێ‌ بۆ ئەستەنبوڵ و نزیكەی دوو ساڵ لەوێ‌ دەمێنێتەوە پاشان دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك. دوای زیزبوونی لە عەبدلغەفووری مامی سەری خۆی هەڵدەگرێ‌ و دیسانەوە دەچێتەوە بۆ توركیا و لە ئەستەنبوڵ لە ڕێگەی شیعر و ئەدەبیاتەوە خۆی بە (صدرالاعزم) دەناسێنێ‌،
ئینجا خەڵكی (باب العالی) لێی ئاگادار دەبنەوە و دەیناسن. هەر لەوێشەوە بۆی هەڵدەكەوێ‌ لەرێگای میسرەوە حەجی (مەكە) بكات، وەلێ‌ بەرلەوە لەقاهیرەی پایتەختی میسر بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە و دەرزی زمانی فارسی بەكوڕانی خدێوی میسر دەڵێتەوە، پاشان ساڵ 1884 ی زایین دەگەڕێتەوە شاری كەركوك، وەكو دەڵێن ئاگری جگەر هەڵیدەگرێ‌.
راستە شێخ رەزا گەلێ‌ جار بەجنێوی مزر زەمی كەركووكی كردوە، بەڵام لەشیعری شێخ رەزا عادەت بووە و ئاسایی بووە، هەر كەسێكی خۆش ویستبێ‌ ئەو جۆرە شیعرەی پیاهەڵداوە، بۆ نموونە، شێخ رەزا و شوكری فەزڵی زۆر هەجووی یەكیان كردووە بە شیعر. دەڵێن جارێكیان مەلایەكی كەركوكی دەچێ‌ بۆ چەمچەماڵ و دەچێتە مزگەوتەكەی چەمچەمال دەبینێ‌ شێخ رەزا و شوكری فەزڵی بە تەنیشت یەكەوە پاڵیانداوەتەوە و قاقا پێدەكەنن، مەلاكە پێیاندەڵی باشە ئێوە لە شیعرەكانتاندا ئەوەی بەیەكدی دەكەن (با) بە دەواری شڕی ناكات. ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە دەڵێن ئێستایش هەرواین.
        ئەو رۆژە كە تۆرام و لە كەركوك سەفەرم كرد
        مانەندی عەقاریب لە ئەقاریب حەزەرم كرد
ئەوی لێردا مەبەستە شێخ رەزای تاڵەبانی كە لە سەدەی نۆزدەم لەدایكبووە و لەسەرەتای سەدەی بیست كۆچی دوایی كردووە، لە سەرجەم بەرهەمەكانیدا بەكوردی و فارسی و توركیش باس لە سەرجەم قەوم و خێڵ و نەتەوەكانی شاری كەركوك دەكات، بەڵام تاكە ئاماژەیەك بەدی ناكەین لە شیعرەكانیدا كە نەتەوەی عەرەب لە شاری كەركوك و دەوروبەری هەبوو بێ‌، چونكە بە پێی هەموو بەڵگەكان بوونی عەرەب لەو ناوچەیەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی سیەكانی سەدەی بیست، واتا بیست ساڵ دوای مردنی شێخ رەزا، گەرچی ئاماژەی زۆر هەیە بۆ بوونی توركمان لە شارەكەدا و بەزمانی توركیش شیعری زەم و قۆشمەی ووتووە، بۆیە هەندێ‌ نووسەری توركمان شێخ رەزا بە شاعیرێكی توركمان لە قەڵەم دەدەن، نازناوی (ئەفەندی) یان پێوە لكاندووە. شێخ رەزا خێڵ و توێژو قەوم نەماوە شیعریان پیاهەڵنەدا یان زەمیان نەكات. ئەوەتا زەمی عەشیرەتە گەورەكانی كەركوك دەكات:
        چوارعەشیرەت كاكەیی و وەند و جەباری و داودە
        ئیتیفاقیان كرد و هاتن چوار سەد و پەنجا سوار
یان بە تاڵەبانیەكان دەڵێ‌:
        تاڵەبانی زۆرن ئەمما هەردوانیان دێنەكار
        رۆژی دەعوا شێخ حەمید و رۆژی حەلوا شێخ ستار.
 شێخ رەزا زۆرگەڕۆك بووە لە ناوچەی كەركووك بە سواری گوێدرێژە سپیەكەی، زۆر ناوچە شارەزابووە، دەتوانین بڵێین دێ‌ بە دێی ناسیوە، هیچ كەس و عەشیرەت و ناوچەیەك لە گڕی شیعری زەم و قۆشمەی شێخ رەزا بەدوور نەبووە.
شێخ رەزا لە شیعرەكانیدا باس لەوە دەكا كە خەڵكی كەركوك جامانە دەبەستنە سەریانەوە و سەرخۆش دەبن و گۆرانی (قۆریات) و خورشیدی و (ئەڵاوەیسی) یان ووتووە، كە لە شیعرەكانی شێخ رەزادا ناویان هاتووە, قوریاتیش لە توركە عوسمانیەكانەوە وەرگیراوە لەكاتی داگیركردنیان بۆ شاری كەركوك، چەند هونەرمەندێكی كورد بەم جۆرە گۆرانی و ماقامە ناودارن وەكو : رەشەی كویلە رەزا، مەحمەد ئەحمەد ئەربیلی، هابە و مشكۆ و ماموستا هیشام و كوێركەریم و حەیدەرەكوێر و كەسانی دیش...
        كەبابی گۆشتی و بزن فاكیهەی بەری خەڕنووك
        لە من بپرسە سەفای شارە حیزەكەی كەركووك
        --------------------
        رەوشتی دێڵە سەگ و قەحبەیی بەغدادی هەیە
        من لە كەركووكەوە دێنێتە كن ئەم قەحبەژنە
        ---------------------
نەوەكو شاری سولەیمانییە كۆیە بەكەرەم
نەوەكو تاوق و كەركووكە نەوەك هەولێرە..

لێرەدا مەبەست لە (تاوق) شاری داقوقی سەر بە شاری كەركووكە، سی كیلۆ مەتر دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی شاری كەركوكەوە.
شێخ رەزا لە یەكێك لە شیعرەكانیدا باسی ئەحمەد ئاغای یاقووبی دەكات كە ئێستا یەكێك لە گەڕەكە ناسراوەكانی شاری كەركووك بەناوی ئەوەوەیە:
        شێخ حەمید گەرچی قەبیلەی ئێمەیە
        ئەحمەد ئاغای یەعقوبە ئۆغڵی ئێمەیە.
 واتا ئەحمەد ئاغای یاقووبە كوڕی ئێمەیە.
ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە بنەماڵەی یاقووبیەكان لە كەركوك كوردن و دەچنەوە سەر عەشیرەتی زەنگنە. زۆر كەسیش وای لە قەڵەم دەدەن كە یاقووبیەكان لەكەركوك توركمانن، مەجید یاقووبی كاتی خۆی ئۆستانداری شاری كەركوك بووە و بەكورد خۆی ناوزەدكردووە. ئێستاش باخچە گەورەكەی (مەجیدییە) بە ناوی ئەوەوەیە لە كەركوك. شێخ رەزای تاڵەبانی كەسێكی رۆشنگەر وموتەنەویر و زانا بووە بەهەر چوار زمانەكە شیعری  وتووە: كوردی و عەرەبی و فارسی و توركی. رقی لەكەس نەبووە هەموو كەسێكی خۆش ویستووە ئەگەریش هەجووی كرد بێ‌، تەنانەت كەسوكاری خۆی بە تووندی هەجووكردووە. وەكو عەبدولغەفور تاڵەبانی مامی و شێخ عەلی برا گەورەی و شێخ رەشیدی ئامۆزای. شێخ رەزا بەهیچ شێوەیەك بەلای ئەوەدا ناچێ‌ كە لەسەردەمی خۆیدا عەرەب لە كەركوك بوونی هەبوو بێ‌ تەنها توركمان و ئاشووری و ئەرمەنی نەبێ‌. شێخ لە بارەی بوونی نەوت لە ناوچەی كەركوك بەر لە دۆزینەوەی لە كێلگەكانی باوە گوڕ گوڕ ناوی نەوتی (گل)ی هێناوە، كە ئەمەیان دیارە وەكو كانیاوی نەوت لە ناوچەی بناری گل هەیە كە دەڵی َ:
        ئاخ لە دەس شۆربای سلەیمانی چاوەش و قاوەی خلە
        ئەو دەڵێی ئاوی گەڕاوە ئەم دەڵێی نەوتی گلە.
..........................................
ئەهلی كەركوك كەس نەما لێی تێر نەبێ‌ ئەی كۆنە حیز
        عەیب وعارت زۆرە دای ناپۆشێ‌ ئاكاری كزی
مێردمناڵی (بەرتەكێ‌) ئەو باڵقی كردوون هەموو
لێرەدا شێخ رەزا مەبەستی دۆستی خۆشەویستی و دێرینی (شوكری فەزڵی)شاعیرە. واتای ئەوەیە كە خەڵكی كەركوك ئەو سەردەمانە زیاتر لە شارەكانی دیكەی كوردستان وریا تر بوون. خۆش مەشەرەب و كراوە و دنیا دیدەبوون، بۆیە بەم شیعرە قۆشمەیە وەسفیان دەكات.
مەكەن باوەڕ بەقەولی داكی خۆگێكانی كەركووكی
ئەگەر خەڵەتی بكەن وا بزانە گا قۆڕانی، كەركۆكی.       
شێخ رەزا لە شیعرێكدا باسی باب و باپیری خۆی دەكات، ئەوە دەسەلمێنێ‌ كە كەركوك خاكی كوردستانە و دەڵی:
خودا وەختی حەزكا بەندەێیكی خۆی بكا خۆشنوود
لە رێگەی دوورەوە بۆی دێ‌ بەپێی خۆی شاهیدی مەقصود
لە هندستانەوە شەش مانگەڕێ‌ تا خاكی كوردستان
خودا شێخ ئەحمەدی هیندی رەوان كرد بۆ مەلا مەحموود
مەلا مەحمودی زەنگنە یەعنی قوتبی دائیری ئیرشاد…
سێ‌ شت هەن بێ‌ موسەمما هەروەكو ئاوی بەقا
تەیری عەنقا.شاری جابولقا,پڵاوی خانەقا..
خانەقا تۆبە لە سەید ئەحمەد و نان وخوانی
لە تەعامی شێلم وبامیە وباینجانی.

دیارە شێخ رەزا مەبەستی لە خانەقای سەید ئەحمەدی خانەقایە لەكەركوك، كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی گەڕەكی شاترلوەوە لەسەر زێی (خاسە) دیارە ئەو سەردەمە تەكیەی خانەقای سەید ئەحمەد بە پڵاو شوورەتی هەبووە، چونكە خانەقا مەنزڵگای رێبواران و بێ‌ دەرەتان بووە تا ئەم ساڵانەی دوایەش، بەڵام رژێمی بەعس چونكە شوێنێكی دیاری كوردان بوو لەكەركوك بۆیە ناوەكەی گۆڕی بەناوێكی عەرەبی  و هەموو سیماو رەواڵەتی خانەقای لێ‌ وەرگرتەوە. لەم خانەقایەشدا ناودارترین زانای ئاینیی كورد و شاعیر و نووسەر پەروەردە بووە، مەلا جەمیلی رۆژ بەیانی، جووتە برای خانەقا، عەبدولسەمەد خانەقای چیرۆكنووس وعەبدولعەزیز خانەقای نوسەر و رۆژنامەنووس. وتراویشە كەركوك دوو رەزا و سەید ئەحمەدی خانەقای بەسە. رەزا تاڵەبانی بەحەق وێژی، مەلا رەزای واعیز، كە بەچوار زمان وەعزی داوە بەفارسی و كوردی و توركی و عەرەبی.
یان شێخ رەزا باسی یاری سین و زەرف دەكات كە لەشاری كەركوك لە رەمەزاناندا باوە لەنێو كورد و توركماندا، ئەم یاریە لەسەر دەستی ئاوارە و دەربەدەرەكانی كەركوك گەیشتە  سلێمانی و هەولێر.
        ئەی مەلا قەت تۆ لە زەرفێندا وەها خێرا نەبووی
        یا لە حیزی بەختی من یاموروەكەت مووی پێوە بوو
        حاڵ لە سێ‌ خاڵ نێە، توخودا بە راستی پێم بڵێ‌
        مووی سمێڵت یا بەرت، یا كای یابوروی پێوەبوو.
 زۆربەی شیعرەكانی شێخ رەزا كەسایەتی ناسراوانی كەركووكی گرتووەتەوە لەوانە:
1-موفتی دروێش ئەفەنەندی كە ئەو دەمە موفتی شاری كەركووك بووە:
ماڵی موفتی لەم بەرە مەعلوومە قازیش لەو بەرە
من فەقیرم كێ‌ دەزانێ‌ لەم بەرم یا لەو بەرم.
ئێستاش كۆنە خانووەكەی قازی لەكەركوك لەوبەر زێی (خاسە) نزیك گەڕەكی تەپەی مەلا عەبدوڵڵا ماوە. ماڵی موفتی دەروێش ئەفەندیش لە بەری رۆژهەڵاتی زێیەكەوە بووە، خۆی دیارە شێخ مەبەستێكی دیكەی هەبووە، ئەگینا ئەو لە بەرتەكیە بوو كە دەكەوێتە بەرەی ماڵی موفتییەوە.
2-رەفیق ئەفەندی خادیم سوجادە كە نوێنەری كەركووك بووە لە پەرلەمانی عیراق ساڵی 1924 .
3-دكتۆر حسێن ئەفەندی باباجان
4-حەسەن كەنۆش، شاعیرێكی سەردەمی (شێخ رەزا)بووە لە ناوچەی كەركووكدا                                  
 5-پیرۆزە كچی حەسەن كەنۆش (شاعیرێكی یەكجار بە توانا و كراوە و بابەتی و مەوزوعی وتێگەیشتوو بووە. ئەگەر لە شێخ رەزا شاعیرتر نەبووبێ‌ كەمتر نەبووە. پێشەوایەكی بێ‌ پەرواو گرنگی ئافرەتانی كوردبووە لە شكاندنی قەڵای شەڕ كردندا.
ئینە كناچەی حەسەن كەنۆشەن
 كەللەشڵەقیاو، ناوگەڵەش بۆشەن
كونای قیرینەش، دایم وەجۆشەن
(مەلا جەمیل (چاوشڵەقیاو)ی پێ‌ راستترە نەك (كەللە)
پیرۆزەی حەسەن كەنۆشیش بە شیعرێ‌ وەڵامی شێخ رەزا دەداتەوە:
        وەی (عابا)ی دڕیای لاشانتەوە
        وەی (ماینە)ش یال َپانتەوە
        وێنەی چاوەشی دەهۆڵ وە دۆشی
        عەیانەن، لوسكەی حەسەن كەنۆشی.
6-شێخ عەلی برای شاعیرە.
        بیگانە هەموو ساحیبی جاو جەبەرووتن
        بێچارە برای شێخ عەلی موفلیس و رووتن
        ئەی شێخ عەلی چاكە و سووقەت بەبرا بێ‌
        باوەڕ مەكە بەم خەڵقە كە وەك توولە لە دووتن.

7-شێخ غەفووری مامی شاعیر.
تالعی راهبەرو بەختی خودا داوی هەیە
یەك دوو دێی داوەتێ‌ سوڵتان بەنچای ئیتعامی تەعام
هەر یەكێكی بە قەدەر خەنەێی ئێرادی هەیە
خۆی بەهەر سوورەت ئومێدی كەرەمم پێی                                                                                                                                         رقی زۆرم لە رەشیدی كوڕی گەووادی هەیە
وابزانم ئەم دوو دێیەش لە ناوچەی كۆیەیە یان لە ناوچەی قەرەحەسەنی كەركووكە.
8 - حەمەی وەستا فەتاح.
كە سەیرم كرد دەزانم شێخ لە من مەسرورە یا عاجز
حەمەی وەستا فەتاح بۆ حاڵی من میزانە ئەم ریشە
هەزار هەوسارو دەسبەندو گوریس لێ‌ دروست ئەكرێ‌
بەسەد باتمان خوری گەر دەسكەوێ‌ هەرزانە ئەم ریشە

9-مەلا مارفی مەستی
10-كوێخا عەلی
11-شاعیری كاكەیی یەسوو ساوك.
یەسوو گاوەكە یەسوو گاوەگە
چێشتان كەرد چەنی سیان گاوەكە
وەختێ‌ برئاما جە زویلاوەكە
شەق و پەقیان كەرد جە كەلاوەكە
12-سلێمانی چاوش
13-شێخ رەشید تاڵەبانی ئامۆزای شاعیرە.
رەشە رەشاشی كەری رەش بەرەشت
تارەشت ماوە رەش و سوور بە رەشت
چڵ وچێوی چەمی رەشنەش بە رەشت
بە لەشت هەم بە بەشت، هەم بەرەشت
14-شێخ حەمیدی تاڵەبانی
15-ئەحمەد ئاغای یاقووبی                                                                                                                             16-محەمەد بەگی شێروانە.
جەنگی گاهی جووكا و(مەحمود بەگ) ی شێروانەبوو
ئافەرین مەحموود بەگ لەم جەنگەدا شێر وانەبوو
وەقتی قاسید هات ولێم پرسی چلۆن بوو ئەم شەڕە
وردە وردە بۆی بەیان كردم كەچی شیڕر وانەبوو.
17-مەلا عەباسی مزگەوتی ئیمام قاسم
18-رەسووڵ سیامەنسووری
19-مودیری تەحریراتی كەركوك، دیارە ئەو سەردەمە توركمان بووە
        گیزەر دەوائیر ئەقلامی ئەرقەسیندە دەوات
        مەداری ئەهلی قەلەمدر مودیری تەحریرات
20-شێخ عەلی یە كەڕە
21-قادری وەستا خدر كە دۆستێكی خۆشەویستی شێخ رەزا بووە، شیعرێكی غەزەلی جوانی بۆ نووسیووە
22-ماڵ مدیری كەركوك كە ئەو خەڵكی هەولێر بووە.
        ماڵ مودیری كە خەڵكی هەولێرە
        هەروەكو مووی خایە بێ‌ خێرە
        سوورەت و سیرەتی لە پیاو ناچێ‌
        ئەو قورمساغە مێیە یا نێرە.
ئەمەیش ئەو دەگەیەنێ‌ تەنانەت فەرمانبەرە غەیرە كەركوكیەكانیش عەرەبیان تیانەبووە، بگرە لە سلێمانی و هەولێرەوە كوردی بۆ هاتووە، تەنانەت عەرەبە موسڵاویەكانیش نەیانتوانیوە روو بكەنە كەركوك.
 23-هەروەها لە كەسایەتیە ناسراوەكانی هۆزی كاكەیی ،دایە رێژوا، باوە یادگار، سەی براكە...
ئەمە جگە لەوەی نەك تەنها شێخ رەزای تاڵەبانی شاعیری كوردی كەركووك بووە، یان بە مانایەكی فراوانتر شاعیری كەركووك بووە، بگرە زۆربەی شاعیرە هەڵكەوتووەكانی كەركووك هەر كورد بوون، تادەگاتە(هیجری دەدە)كە برا توركمانەكان بە ناهەق دەیكەنە شاعیری توركمان، ئەگەر ئێستا خۆی لە ژیاندا بووایە دەیووت كوردم و هەر بەكوردیش دەمرم، چونكە هیچ شاعیرو خوێنەوارێك ئەگەر خەڵكی سلێمانیش بێ‌ وەكو (هیجری دەدە)ئەو شاكارە نایابەی بەزمانی فارسی نەدەنووسی سەبارەت بە سلێمانی (توحفەی سلێمانی) تەنانەت لە سەردەمی شێخ رەزادا ژنە شاعیری وەكو شاعیری كورد زۆر دەگمەن بووە، بەڵام لە كەركوك ژنێك هەڵكەوتووە لەو سەردەمەدا واتا لە سەدەی نۆزدەەمدا، ناوی(پیرۆزی حەسەن كەنۆش)بووە كە خۆی لە هاوشانی شێخ رەزا داوە، زۆر بەرەهایی و بێ‌ شەرمكردن لە شاری كەركوك بۆیە عەرەب هەر میوان بووە لە سەر خاكی كەركووك هەر وەكو شێخ عاسی العلی لە ساڵانی سییەكاندا ئەم راستیە بە شێخ مەحمود دەڵی: كە ئەوان میوانن لە سەر خاكی كوردستان.
شیخ رەزا لە بادانەوە لەشیعر دەستی باڵای هەبوو، واتا بەكارهێنانی شیعرێك بۆ مەبەستی جیا، واتا بۆ هەجوو وستایش. بۆ نموونە بەڕیوەبەری بیدایەتی هەولێر ناسیاوی شیخ رەزا دەبیت ناوی (مارف) دەبیت، كابرایەكی هەولێری دیتە لە شێخ رەزا تا نامەیەك بنووسێ بۆ ئەو مارفە تا دایبمەزرێنێت، ئەویش نامەی بۆ دەنووسێ، بەڵام دیارە نامەكەی شێخ رەزا نایخوات، بۆیە دەگەڕێتەوە بۆلای شێخ رەزا و پێی دەڵێ كە هیچی بۆ نەكرد بویە ئەویش ئەم شیعرەی بۆ دەنووسێ
بەكابرا دەڵێ بۆی  بەرەوە:
مارفی بێ درایەت گووت كردە ناو بیدایەت
چیت پێبڵێم قوڕمساغ هەردوو گوونم بە دایەت.
كابرایش دەیبات بۆ مارف و هەركە مارف شیعرەكە دەخوێنێتەوە یەكسەر دایدەمەزرَینێت. كابرایش  دێتەوە ئەوە بەشێخ رەزا دەڵێت، ئینجا شیعرەكە بەم جۆرە دەگۆڕێت:
مارفی پڕ درایەت گوڵی ناو بیدایەت
چیت پێ بڵێم چاوەكەم رەحمەت لەباب و دایەت
......................................... 

سەرچاوە:
:(1) دیوانی رەزای تاڵەبانی.كۆكردنەوە وساغكردنەوەی شێخ محەمەدخال َوئومێد ئاشنا
(2)دیوانی شێخ رەزای تاڵەبانی، ئامادەكردن و پەڕاوێز پێشەكی ئومێد كاكەرەش




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved