11/1/2020 09:20 AM

خوێندنه‌وه‌ی كتێبی شاعیره‌كان

مه‌حمود نه‌جمه‌دین
رۆژئاوای نوێ له‌ دیدی زۆربه‌مانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه‌ تێیدا نه‌ژیاون، رۆژئاوایه‌كه‌ خاڵی له‌ شیعر، زۆرجار ده‌بیستین و ده‌ڵێن باوی شیعر نه‌ماوه‌، یان ده‌ڵێن ئه‌وروپا زۆرتر گرنگی به‌ رۆمان ده‌دات، ده‌شێ ئه‌مه‌ جۆرێك له‌ قه‌زاوه‌تی نائاگایی بێت، ئه‌وه‌تانی شاعیرێكی وه‌كو پایك مالینۆڤسكی كه‌ گه‌نجێكی دانیماركییه‌ و خاوه‌نی چه‌ند كتێبێكی شیعرییه‌ و شیعره‌كانی جێگه‌ی بایه‌خن، ئه‌و هێشتا له‌ چه‌قی رۆژئاوایه‌كی جه‌نجاڵ و سارد و ساواقه‌وه‌ خه‌یاڵی گه‌رمی شیعر مه‌ستی كردووه‌ و درێژه‌ به‌ نووسینی شیعر ده‌دات.
پایك مالینۆڤسكی شاعیری نه‌وه‌ی نوێی دانیماركی، له‌ ساڵی 1974 كۆپنهاگن له‌ دایكبووه‌، هاوكات له‌ رادیۆدا كاری كردووه‌ و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا هه‌م شیعری نووسیوه‌ و هه‌م شیعری بۆ دانیماركی وه‌رگێڕاوه‌، نووسه‌ری سێ به‌رهه‌می شیعرییه‌، ئه‌وانه‌ش رۆمانی خه‌یاڵ و كتێبه‌ گه‌وره‌كه‌ی خه‌ونی دانیماركییه‌كانه‌ و سێیه‌م كتێبی شاعیره‌كانه‌ كه‌ ئێستا وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی و له‌ كتێبخانه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌ و خوێنه‌ری كورد ده‌توانێ ئه‌م شاعیره‌ بناسێ. ئه‌م كتێبه‌ له‌زنجیره‌ بڵاوكراوه‌كانی كتێبی نووسیاره‌ و شاعیر و نووسه‌ر ئالان په‌ری وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ سه‌ر زمانی كوردی.
ئه‌م كتێبه‌ ده‌قێكی واڵایه‌ له‌ دووتوێی 118 لاپه‌ڕه‌دا، كۆی به‌رهه‌مه‌كه‌ یه‌ك شیعری درێژی كراوه‌یه‌، له‌م ده‌قه‌ كراوه‌یه‌دا خوێنه‌ر به‌شوێن پێی گێڕانه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڕوات و به‌ نێو دنیای شیعر و بیروبۆچوونی شاعیران، له‌م ده‌قه‌دا كه‌ جۆرێك له‌ گێڕانه‌وه‌ زاڵه‌ به‌سه‌ریدا، قسه‌ی ئاسایی تێده‌كه‌وێت، ئه‌م شێوازه‌ لای خۆمان زۆرتر مامۆستا شێركۆ بێكه‌س كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، پایك مالینۆڤسكیش له‌م دیوانه‌دا هه‌ر به‌و نه‌فه‌سه‌ كاری كردووه‌، شیعر ده‌زووله‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌، له‌ زۆر شوێندا ده‌بێت به‌گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاسایی، هاوكات بیروبۆچوونی شاعیر سه‌باره‌ت به‌ ژیان و فیكر و دنیا ده‌بینین، به‌جۆرێك ئه‌م شیعره‌ درێژه‌ په‌یوه‌ستكردنی شاعیره‌ به‌ دنیاوه‌، شاعیر به‌هه‌موو شتێكی بوونه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، شیعر و ده‌روون و سێكس و كۆمه‌ڵگه‌ و سیاسه‌ت، شاعیر و خێزان، شاعیر و ده‌وڵه‌تمه‌داری. كۆی ئه‌م ئه‌زموونه‌ په‌یوه‌ست كردنه‌وه‌ی شاعیره‌ به‌ هه‌موو شته‌كانی بوونه‌وه‌، هاوكات له‌ پاڵ ئه‌و نه‌فه‌سه‌ له‌ شیعر كه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، نووسه‌ری كتێبه‌كه‌ به‌رده‌وام زانیاری له‌ باره‌ی شوێن و كه‌سایه‌تییه‌كانی دنیا له‌ هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و ده‌دات، یان ئه‌وه‌یه‌ خودی شاعیر سه‌رسامه‌ به‌و كه‌سانه‌ی كه‌وا باسیان ده‌كات. شیعر له‌م به‌رهه‌مه‌دا خودی ژیانه‌، به‌ هه‌موو لق و پۆپه‌كانییه‌وه‌، په‌یوه‌سته‌ به‌هه‌موو شتێكی گه‌ردوونه‌وه‌، شیعر موسافیره‌ به‌سه‌ر كه‌لله‌سه‌ری ستالیندا ده‌چێته‌ روسیای به‌لشه‌فی، ده‌چێته‌ ئه‌فغانستانێكی وێران، له‌گه‌ڵ ئه‌و جووله‌كانه‌ی كه‌ كاتی خۆی له‌ دانیماركه‌وه‌ هه‌ڵهاتوون بۆ سوید جارێكی تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دانیمارك، شیعر ده‌چێته‌ هایتی و چیرۆكی غه‌مه‌ قووڵه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه‌، له‌ هاوشانی یه‌حیا حه‌سه‌نی شاعیر فه‌له‌ستینی گه‌شت ده‌كات بۆ رۆژهه‌ڵاتی خوێن و مه‌رگ. باسی شۆڕشی مه‌خمه‌ڵی ده‌كات، شاعیر گه‌لێك وڵات ده‌گه‌ڕێ و زۆر به‌ خێرایی راگوزه‌رێك ده‌كات به‌نێو روداوه‌كانی دنیادا و وێنه‌یه‌ك له‌ دنیایه‌كی به‌رین و جه‌نجاڵ له‌ رابردوو و تازه‌ له‌ رۆحی شیعردا ده‌كێشێت. به‌گشتی ئه‌م ئه‌زموونه‌ په‌ی به‌گێڕانه‌وه‌ی مێژوو، تراژیدیا.. ده‌بات، ده‌یه‌وێت له‌و هه‌ناسه‌ كورتانه‌دا وێنه‌یه‌كی دنیا له‌ چاوی شاعیره‌وه‌ نیشان بداته‌وه‌. شاعیر له‌ دێڕێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خوێنبارینی رابردوو له‌ پێچێكی دنیا، له‌ دێرێكی تردا باسی دنیای تازه‌ و ته‌كنه‌لۆژیا ده‌كات. له‌ دێرێكدا باسی ره‌وتی رۆیشتنی مێرووله‌ ده‌كات به‌شوێن شیرینیدا، له‌ دێرێكی تردا باسی له‌ خۆكوشتنی شاعیر ده‌كات، له‌ دێرێكی تردا وێنه‌ی شاعیرێك نیشان ده‌دات مژوڵی حه‌زه‌ سێكسییه‌كانێتی و له‌ دۆخێكی پۆرنۆییدا ده‌ژی.
شێوازی نووسینی ئه‌م دیوانه‌ وه‌ك پێشتریش ئاماژه‌م پێدا ده‌قێكی واڵایه‌، شاعیر وابه‌سته‌ نییه‌ به‌ یه‌ك شێوه‌ له‌ گێڕانه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك شوێندا رسته‌كان كورتن و له‌ هه‌ندێك شوێنی تردا درێژن، گێڕه‌ره‌وه‌ چه‌ند په‌ڕه‌گرافێك ده‌گێڕێته‌وه‌. بۆ نموونه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ 82 گێڕانه‌وه‌ به‌ خێرایی ده‌ڕوات و باسی خانمه‌ شاعیرێك ده‌كات ته‌مه‌نی سی و هه‌شت ساڵه‌ و وجاخ كوێره‌، شووی نه‌كردووه‌. گێڕانه‌وه‌ له‌ باسی ئه‌م ژنه‌ شاعیره‌دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م خاتوونه‌ شیعرێكی درێژی بۆ به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی نووسیوه‌، لێره‌شدا دیسانه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جینۆسایدی جووله‌كه‌، له‌ رێگه‌ی به‌خێوه‌كه‌ری ژنه‌ وجاخ كوێره‌كه‌وه‌ ده‌یه‌وێت باسی هه‌ڵهاتنی جووله‌كه‌كانی ڤییه‌نا بكات له‌ ساڵی 1938. یان له‌ لاپه‌ڕه‌ 102 دا له‌ رێگه‌ی گێڕانه‌وه‌وه‌ باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر جوان ده‌كات له‌ نێوان خانمه‌ شاعیرێك و مێشێك، كه‌ سه‌ره‌تا شاعیره‌كه‌ ویستویه‌تی مێشه‌كه‌ بكوژێ، به‌ڵام دوایی پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و ده‌بن به‌ هاوڕێ، شاعیر لێره‌دا له‌ كه‌شێكی گه‌ردوونیدا ئیش له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی دوو جۆر گیاندار ده‌كات كه‌ یه‌كێكیان مرۆڤه‌ و ئه‌وی دیكه‌یان میرووه‌، مرۆڤێكی ده‌سه‌ڵاتدار چۆن هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مێشێك ده‌كات، كه‌ تازه‌ ده‌بن به‌هاوڕێ. لێره‌دا پایك مالینۆڤسكی له‌ ره‌وتی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكێكی كورتدا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌ت ده‌كات. ئه‌گه‌رچی ره‌وتی شیعر له‌م دیوانه‌دا له‌ یه‌ك شوێن له‌نگه‌ر ناگرێ، ناسره‌وی و سه‌ر به‌ هه‌موو شوێنێك و وڵاتێك ده‌كات و له‌ گه‌ڕاندایه‌، به‌ڵام شێوازی ده‌ربڕین و وێنه‌سازی و دنیابینی شاعیرێكی رۆژئاوایه‌ بۆ دنیا و ژیان به‌گشتی. له‌ كۆتاییدا ده‌ست خۆشی له‌ برای وه‌رگێڕ ئالان په‌ری ده‌كه‌م و هیوام وایه‌ درێژه‌ به‌وه‌رگێڕان بدات و بیر له‌ وه‌رگێڕانی دوو به‌رهه‌مه‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌م شاعیره‌ نوێخوازه‌ بكاته‌وه‌.




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved