11/1/2020 03:09 PM

فرۆشی مۆبایلی ئایفۆن لە 2020ـدا ئەگاته 2 ملیار دانە!

13 ساڵ لەمەوبەر یەکەم مۆبایلی ئایفۆن هاتە ناو بازاڕەوە. ئەم مۆبایلە زیرەکە لەئێستادا بۆتە گرنگترین بەرهەمی کۆمپانیای ئەپڵ و زۆرترین داهاتەکەی لەم رێگایەوەیە. ئایفۆن شێوازی بەرهەمهێنانی مۆبایلە زیرەکەکانی گۆڕی. ئەم ئامێرە ئەلەکترۆنییە لەداهاتوویەکی نزیکدا تۆمارێکی نوێ دەستەبەر ئەکات، واتە فرۆشی 2 ملیار دانە لە سەرانسەری جیهاندا.
بەپێی راگەیاندنی 8 شرۆڤەکاری بازاڕ، ئەپڵ خەریکە لەم ژومارەیە نزیک ئەبێتەوە. ئەپڵ بەتەمای فرۆشتنی 195 ملیۆن دانە ئایفۆنه لە ساڵی 2020ـدا کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوە. فرۆشی مۆبایلی ئایفۆن لە 2019ـدا 186 ملیۆن دانه بوو و ئەگەر هەموو شتێک بەپێی پلانەکان بڕواتە پێشەوە، کۆی گشتیی فرۆشی ئەم براندە بەناوبانگه لە ساڵی 2007ـەوە تا بەئێستا ئەگاته 1/9 ملیار دانه.
ئەگەرچی فرۆشی گشتیی مۆبایلەکانی ئەم کۆمپانیایە بەنسبەت ساڵەکانی 2015 بۆ 2018 تا رادەیەک نزم ببۆوە، بەڵام پێشبینی ئەکرێت داهاتەکەی بگاتە 275 ملیار دۆلار و ئەمەش تۆمارێکی نوێیە. ئایفۆن زۆرترین داهاتی بۆ کۆمپانیای ئەپڵ هەیه، بەڵام داهاتی AppStore، AppleMusic و باقی ئاپلیکەیشنەکانی ئەم کۆمپانیایە، هەموو ساڵێک بەرز ئەبێتەوە. فرۆشی ئەم ئەپڵیکەیشنانه پەیوەندیی راستەوخۆی بە مۆبایلی ئایفۆنەوە نییە.
ئەپڵ بەتەمایه ئەمساڵ پەردە لەسەر چەندین بەرهەمی نوێ لابدات و چاوەڕوان ئەکرێ لە 2020ـدا چاومان بە ئایفۆن 9 و ئەو مۆبایلانە بکەوێت کە تەکنەلۆجیای 5Gـیان لەسەر جێگیر کراوە. ئەگەر بەکارهێنەران پێشوازی لەم بەرهەمانه بکەن، فرۆشی مۆبایلەکانی ئایفۆن ئەگات بە ژومارەی 2 ملیار دانه.

 

سەرچاوە: gsmarena

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved