12/1/2020 04:03 PM

پەیامی ژاوی بۆ بەرشەلۆنه: تا سبەینێ چاوەڕێم بکەن

هەینی رابردوو میدیاکانی ئیسپانیا باسیان لە دانوستانەکانی بەرشەلۆنە لەگەڵ "ژاوی" کرد سەبارەت بە جێگربوونی لە پۆستی راهێنەری ئەم یانەیەدا لەجیاتی راهێنەرەکەی ئێستا واتە " ئەرنێستۆ والوەردە". ئەم هەواڵە زۆر کەسی شۆک کرد. پاش دۆڕانی بەرشەلۆنە لەبەرامبەر یانەی "تەتلێتیکۆ" لە نیوەی کۆتایی سوپەرکاپدا، بەرپرسانی بەرشەلۆنه ئیتر تەحەمولی "والوەردە" ناکەن و بەتەما نین لەگەڵی بەردەوام بن.
ئەم بەرپرسانه جەختیان خستۆته سەر ژاوی و لەسەر ئەو بڕوایەن کە درێژەدەری رێگای "پێپ گواردیۆلا"ـیە. دانوستانەکان لەگەڵ ژاوی رۆژی رابردووش بەردەوام بوو و هەردوو لایەن بەماوی دوو کاتژمێر سەرقاڵی گفتوگۆ بوون. لەم دانیشتنەدا براکەی ژاویش بەشدار بوو. راهێنەری ئێستای یانەی "ئەلسەد"ـی قەتەر بڕیار بوو ئەمرۆ وڵامی کۆتایی خۆی ئاراستە بکات بەڵام گۆیا  ژاوی گوتوویەتی یەک رۆژی دیکەش چاوەڕێ بکەن.
بەپێی ئەم دانوستانانەی ئەنجام دراوە، لایەنی ناڕوونی بابەتەکە ئەوەیە کە ئایا ژاوی لەم کاتەدا ئەبێتە جێگرەوەی "والوەردە" یان ئەوەیکە تا کۆتایی وەرزەکە چاوەڕێ ئەکات و لەهاوینەوە ئەگەڕێتەوە بۆ یانە دڵخوازەکەی؟ پارێزەرەکانی ژاوی لە قەتەر سەرقاڵی تاوتوێ کردنی گرێبەستەکەی بەرشەلۆنەن. ئەم گرێبەستە هێشتا بەفەرمی نەنووسراوە و بەرشەلۆنە چاوەڕێی وڵامی ژاوییە بۆ ئەوەیکە روون ببێتە لە چ کاتێکەوە ئەتوانێ رێبەرایەتی ئەم یانەیە بگرێتە ئەستۆ. هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە ئەکەن کە ئەستێرەکانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ نموونە "لیۆنەل میسی" پەیوەندییان بە ژاوییەوە کردووە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved