12/1/2020 09:21 PM

ناسا بە پڕۆژەی نوێوە دەگەڕێتەوە سەر مانگ

ئاژانسی ناسای ئەمریكا بەنیازە لەڕێگەی پرۆژەی (ئارتمیس)ەوە جارێكی دیكە بگەڕێتەوە بۆ سەر مانگ.

پاش تێپەڕبوونی پەنجا ساڵ بەسەر نیشتنەوەی یەكەمین كەشتی فەزایی و دابەزینی یەكەمین مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ، ئێستا ئاژانسی ناسا بەنیازە جارێكیتر ئەوكارە دووبارەبكاتەوە، بەڵام ئەو ئاژانسە ڕێگەیەكی دوورودرێژ و ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە بۆ تیپەڕاندنیان.

پرۆژەی (ئارتمیس) چییە؟
پرۆگرامێكی گەورەی ئامانجداری ئاژانسی فەزایی (ناسا)یە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ كە بڕیارە لە ساڵی (٢٠٢٤) ڕێكبخرێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ یادی (٥٠) ساڵەی گەیشتنی یەكەمین مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ناسا پلانی داناوە بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی فەزایی لە خوڵگەی مانگدا بۆ ئەوەی ببێتە بنكەیەك و تا ساڵی (٢٠٢٤) فەزاوانان بگوازێتەوە بۆ سەر ڕووی مانگ و لەوێشەوە مانگ بكرێتە بنكەیەك بۆ ڕەوانەكردنی تیمە نێردەكان بۆ هەسارەی مەریخ.

لەمبارەیەشەوە (مایك بنس)ی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كارەكانی دروستكردنی كەشتی ئۆریۆنی سەر بە ئاژانسی ناسا تەواوبووە كە تایبەتە بە ئەركی (ئارتمیس-1-).

ناساش دەڵێت: ئارتمیس-1- كەشتی فەزایی ئۆریۆن و موشەكێكی سیستمی هەڵدانی فەزایی بەدەوری مانگدا هەڵدەدات بۆ تاقیكردنەوەی سیستمەكەو ڕێگە خۆشكردن بۆ نیشتنەوە لەسەر ڕووی مانگ.

ناسا ئەوەشی ڕاگەیاند: بەپێی پرۆگرامی ئارتمیس لە سەرەتای (٢٠٢٤)دا یەكەمجار ژنێك دەنێردرێت بۆ سەر ڕووی مانگ و دواتریش پیاوێك دەنێردرێت و لە ساڵی (٢٠٢٨)یشدا بنكەیەكی هەمیشەیی مرۆیی لەسەر ڕووی مانگ دروستدەكرێت.

ئاڵنگارییەكانی بەردەم پرۆژەی ئارتمیس لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕەخنەی لە ئاژانسی ناسا گرت، سەبارەت بەو ئامانجەی كە بریتيیە لە دووبارەكردنەوەی ڕەوانەكردنی مرۆڤ بۆ سەر ڕووی مانگ.

ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرای كردووە كە پێویستە ئاژانسی ناسا ئامانجەكەی بگۆڕێت و پێویست ناكات دووبارە مرۆڤ بنێرێتەوە بۆ سەر مانگ، بەڵكو دەبێت ئامانجی زۆر لەوە گەورەتری هەبێت، چونكە ئەمریكا بەر لە 50 ساڵ چوونە سەرمانگی تاقیكردووەتەوە.

ئەم قسانەی ترامپیش وا لێكدەدرێتەوە كە ڕەنگە ئەو سەرۆكە پشتیوانییەكانی بۆ پرۆژەی چوونەوە سەر مانگ كەمبكاتەوە.

یەكێكیتر لە ئاڵنگارییەكان ئەوەیە كە ئێستا ناسا ڕوبەڕووی كێشەیەك بووەتەوە سەبارە بە سیستمی هەڵدانی موشەكی تا ساڵی داهاتوو، ئەو سیستمەش بەپێی ڕێككەوتنێك دەبێت كۆمپانیای بۆینگ بۆی ئامادەبكات، بەڵام بەپێی هەندێك سەرچاوە، خەرجی ئەو سیستمە بە چەندین ملیۆن دۆلار زیاترە لەو بودجەیەی كە بۆ بەرنامە فەزاییەكانی ئەمریكا دانراوە، هەروەها دروستكردنی كەشتی ئۆریۆنیش هەمان كێشەی هەیە.

لەلایەكی ترەوە، ئاژانسی ناسا پلانی داناوە بۆ دروستكردنی پێگەیەكی فەزایی لە خولگەی مانگدا بۆ ئاسانكردنی پرۆسەی چوونە سەر مانگ، بەڵام تائێستا هیچ بەشێكی ئەو وێستگەیە نەنێردراوەو ئەمەش ئاماژەیە بۆ دواكەوتنی خشتەی كاتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە.

لە كۆتایشدا تائێستا ڕوون نییە كە كۆنگرێس پشتیوانی پرۆژەی ئارتمیس دەكات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مانگ یاخود نا؟

پێویستە بوترێت ناوی ئارتمیس ناوێكی گریكییەو لە ئەفسانەی گریكییەكاندا خواوەندی مانگ بووەو ئۆریۆنیش یەكێكبووە لە شوێنكەوتووەكانی ئەو خواوەندە.

خاك - س: ڕۆیتەرز




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved