سه‌باره‌ت به نه‌خۆشی دڕكه‌ومێكوته، د.پشده‌ر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك چه‌ندین ڕوونكردنه‌وه‌ی داوه‌و هه‌روه‌ها گرنگیشی داوه به ڕێنماییدان به دایكان و باوكان سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئایا دروسته له‌كاتی توشبوون به دڕكه‌ومێكوته منداڵ بشۆن یاخود نا. له بابه‌ته‌كه‌دا د.پشده‌ر رایگه‌یاندووه: دڕكه‌ومێكوته نه‌خۆشییه‌كی ڤایرۆسیه، زۆر به خێرایی ئه‌گوازرێته‌وه، سه‌ره‌تا به تا، سه‌رئێشه، قوڕگ ئێشه، له‌گه‌ڵ ئازاری گه‌ده ده‌ستپێئه‌كات و بۆ چه‌ند ڕۆژێكی كه‌م به‌وشێوه‌یه ئه‌بێت. دواتر سوربوونه‌وه‌یه‌كی زۆر به خورو هه‌موو گیانی دائه‌پۆشێت و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك ئه‌مێنێته‌وه‌و دواتر كاڵ یان ڕه‌ش ئه‌بێته‌وه‌و نامێنێته‌وه. ڕوونیشیده‌كاته‌وه: نه‌خۆشییه‌كه له یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی تر ئه‌گوازرێته‌وه له ماوه‌ی دوو ڕۆژ پێش ده‌ركه‌وتنی سوربوونه‌وه‌كه تا هه‌موو په‌ڵه سوره‌كانی له‌شی ڕهشئهبێتهوه، بۆیه پێویسته منداڵی توشبوو له ماڵ بمێنێته‌وه‌و پشووبدات تا هه‌موو په‌ڵه سووره‌كانی گیانی ڕهشئهبنهوه. هه‌ربۆیه ئه‌گه‌ر له ماڵێكدا منداڵێكیان توشی دڕكه‌ومێكوته بێت، ئه‌وا منداڵه‌كانی تریشیان توشئهبن، به‌ڵام دوای دوو هه‌فته نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه ده‌رئه‌كه‌وێت له منداڵه‌كه‌ی تر. ئاماژه به‌وه ده‌كات: بۆ ڕێگه‌گرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه، پێویسته منداڵی توشبوو زووزوو ده‌ستی بشوات به‌تایبه‌ت پێش نانخواردن و دوای خۆشۆردن. سه‌باره‌ت به كوتانی ئه‌و نه‌خۆشییه ئه‌و پزیشكه ده‌ڵێت: ئێستا كوتان دژی دڕكه‌ومێكوته هه‌یه كه ئه‌بێته هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی توشبوون، خۆ ئه‌گه‌ر توشی دڕكهومێكوتهش بێت ئه‌وا زۆر به‌سوكی ئه‌یگرێت. به‌ڵام ژنی سكپڕو منداڵێك كه سیستمی به‌رگری له‌شی لاوازبێت، ئه‌وا توشبوون به دڕكه‌ومێكوته مه‌ترسییه بۆیان. چاره‌سه‌ر: *ئه‌گه‌ر تاو خورانی زۆر بوو، ئه‌وا ئه‌توانیت زوو زوو به ئاوێكی فێنك فێنكی بكه‌یته‌وه. *هه‌وڵبده خواردنه‌كانی زیاتر شله‌مه‌نی و فێنك بن. له چ كاتێكدا سه‌ردانی پزیشكی منداڵانی پێئه‌كه‌یت؟ *ئه‌گه‌ر تاكه‌ی بۆ ماوه‌ی ٤ ڕۆژ یان زیاتر به‌رده‌وام بوو یان به‌رزتر بوو له ۳۸.۸ c°. *ئه‌گه‌ر كۆكه‌یه‌كی توند‌و زۆری هه‌بوو، كێشه‌ی بۆ هه‌ناسه‌دانی كردبوو. *ئه‌گه‌ر هه‌ستتكرد په‌ڵه سوربوونهوهكانی توشی هه‌وكردن ببوون. *ئه‌گه‌ر سه‌رئێشه‌یه‌كی زۆری هه‌بوو. *ئه‌گه‌ر هۆشی باش نه‌بوو. *ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی سه‌یری ڕووناكی بكات. *ئه‌گه‌ر كێشه‌ی له ڕۆیشتندا هه‌بوو. *ئه‌گه‌ر ڕشانه‌وه‌ی هه‌بوو. *ئه‌گه‌ر هه‌ستتكرد ڕه‌قبوونی ملی هه‌بوو. سه‌باره‌ت به شۆردنی منداڵی توشبوو به دڕكه‌ومێكوته، ئه‌و پزیشكه ده‌ڵێت: نه‌ك خراپ نییه، به‌ڵكو زۆریش باشه، به‌ڵام ئه‌بێت به شامپۆی منداڵی بچووك بشۆرێت و نابێت سابوون و شامپۆی گه‌وره‌و بۆندارو لفكه‌ی بۆ به‌كاربهێنیت، دوای شۆردنیش ئه‌بێت به خاولیه‌كی زۆر نه‌رم وشكبكرێته‌وه. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ده‌رمان هه‌یه كه به‌كاردێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی خورانه‌كه‌ی، به‌ڵام باشتره پزیشكی پسپۆڕی منداڵان بینوسێت. خاك - ئا/ لانه كاشان
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure