له‌سه‌ر به‌رگی پشته‌وه‌ی رۆمانه‌كه دیالۆگێكی كورت ده‌بینین، ئه‌م دیالۆگه گوزارشته له ناوه‌ڕۆكی رۆمانه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، كه رۆمانه‌كه چیرۆكی رۆح و دوناودوون و ئه‌ویندارییه‌كی رۆحی و عارفانه له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌و بابه‌ته له ناونیشانی رۆمانه‌كه‌شدا هه‌ست پێ ده‌كه‌ین، كه نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له تایتڵی سه‌ره‌كیدا وێنه‌یه‌كی خێرامان نیشان بدات له ته‌ناسوخ، ئه‌ویش دووباره له‌دایك بوونه‌وه‌یه، فه‌زای ئه‌م رۆمانه بارگاوییه به‌دنیای عیرفانی له‌سه‌رده‌مێكی مۆدێرندا، كه مرۆڤه‌كان مژوڵی دنیایه‌كی تازه‌ی جه‌نجاڵن، دنیایه‌ك كه سه‌رمایه‌داری ژیان و وجودی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی وێران كردووه، گێڕانه‌وه له‌م رۆمانه‌دا له نێو دنیا جه‌نجاڵیدا به ئاڕاسته‌ی ئه‌وینێكی رۆحی و بێگه‌رد ده‌ڕوات. چیرۆكی مه‌رگی فیزیكی و له دایكبوونه‌وه‌ی رۆحه له‌سه‌رده‌مێكی فیزیكیدا كه هه‌موو شتێك بووه به ماده، نووسه‌ر به‌م رۆمانه دنیای گێڕانه‌وه له سه‌رمایه‌دارییه‌وه ده‌بات بۆ نێو ئه‌وینێكی عارفانه به فه‌رامۆشكردنی جه‌سته، ئه‌وین له‌م رۆمانه‌دا دووره له‌و جۆره عه‌شقه‌ی كه غه‌ریزه‌ی سێكسی له‌پاڵیدا خۆی مه‌ڵاسداوه. ته‌كنیكی ئه‌م رۆمانه به‌و شێوه‌یه‌یه كه زه‌مه‌ن تێكه‌ڵ ده‌كات، به ته‌وزیفكردنی نامه‌یه‌كی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ كه ناوبه‌ناو دێته‌وه ناو زه‌مه‌نی ئێستایی رۆمانه كه چیرۆكی ئه‌ویندارییه‌كی رۆحییه له سه‌رده‌می سه‌رمایه‌داری، كاك ئه‌حمه‌دی شێخ كه كه‌سایه‌تییه‌كی ئاینییه پتر له سه‌ده‌یه‌كه ژیانه فیزیكییه‌كه‌ی كۆتایی هاتووه. ته‌ونی گێڕانه‌وه و پلۆتی رۆمانه‌كه به‌شێویه‌كه نووسه‌ر له‌رێگای ته‌ناسوخه‌وه سیحری گێڕانه‌وه‌ی درێژه پێداوه، ته‌ناسوخ وه‌كو ته‌كنیك یاریییه‌كی خه‌یاڵییه له نێوان مه‌ئلوف و نامه‌ئلوفدا. هاوكات خاڵێكی دیكه‌ی رۆمانه‌كه عه‌شقه، عه‌شق به‌مانا فراونه‌كه‌ی، پایان ئه‌و كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌ی رۆمانه‌كه‌یه و گێڕانه‌وه له ئه‌وینداریی بۆ دنیای عیرفان ده‌بات. كۆی كاره‌كه كاركردنه له‌دنیای ئه‌وینداریی، ئه‌وینێك دواجار بونیادی كاره‌كته‌ر ده‌كات و دروستی ده‌كاته‌وه، به‌جۆرێك رایه‌ڵی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه به‌سه‌ر هێڵێكی ئاسانینی تیژی ته‌كنه‌لۆژیادا ده‌ڕوات و به‌دنیای رۆحانیه‌تدا ده‌گه‌ڕێ، ئه‌م رۆمانه چیرۆكی سه‌رله‌نوێ گه‌ڕانه‌وه‌ی مرۆڤه، ئه‌ویندارێك له‌پاڵ وه‌سیه‌تی زاتێكی ئاینی و رۆحانی كه كه‌سایه‌تی كاك ئه‌حمه‌دی شێخه، ئه‌و كه‌سایه‌تییه واقیعه‌ی كه پانتاییه‌كی فراوانی له مێژووی سلێمانی گرتووه سێبه‌ره‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه‌دا زاڵه، به‌ڵام ئه‌و كاكه ئه‌حمه‌ده‌ی له‌نێو رۆمانه‌كه‌دا رۆڵی هه‌یه دروستكراو و زاده‌ی خه‌یاڵی نووسه‌ره، راسته كه‌سایه‌تییه‌كه وه‌كو خۆی وه‌رگیراوه و له چوارچێوه‌ی گێڕانه‌وه‌دا له‌م رۆمانه‌دا جێگای بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌میشه كاره‌كته‌ری رۆماننووس جیاوازه له واقیع، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ر رێك و راست له واقیعه‌وه وه‌ریگرتبێ دیسانه‌وه ئه‌و كاره‌كته‌ره ده‌ستكردی خه‌یاڵه‌كانی نووسه‌ره. له‌م رۆمانه‌شدا پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵا باس له كه‌سایه‌تی كاك ئه‌حمه‌دی شێخ ده‌كات و چیرۆكێكی بۆ داتاشیوه، بۆ ئه‌مه‌ش نووسه‌ر خه‌یاڵی خۆی هه‌یه، ده‌شێ ئه‌و كاكه ئه‌حمه‌دی شێخه فریادڕه‌سێك بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی رۆحانییه‌ت بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه بێتامه كه هه‌موو شتێك له‌نێو تۆڕی ئینته‌رنێت و دنیای تازه‌دا ونبووه، مرۆڤی ئه‌مڕۆیی به‌جۆرێك گیرۆده‌ی دنیای تازه‌ی خۆی بووه كه ئاگای له رۆحی خۆی نه‌ماوه. ئه‌م رۆمانه له دایكبوونی دووه‌م یه‌كه‌م ئه‌زموونی نووسه‌ر پێشڕه‌و عه‌بدوڵڵایه وه‌ك رۆمان، كه ئێمه پێشتر نووسه‌رمان وه‌ك لێكۆڵه‌ر و ره‌خنه‌گر ناسیوه، به‌رهه‌مه‌كانی زۆرتر لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و ره‌خنه و شیكاری بوون و چه‌ند به‌رهه‌مێكی نووسیوه، به‌ڵام له دواین كاری‌دا ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیوه كه به قه‌باره‌یه‌كی بچووك و له دووتوێی 368 لاپه‌ڕه‌دا چاپ بووه. له بڵاوكراوه‌كانی كتێبخانه‌ی مه‌م و زینه. خاك- ئه‌ده‌ب و هونه‌ر
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure