د.مەدیحە سۆفی ئێران، وڵاتێکی زیندووی له ئێستادا داخراوه، کهوتووهته نێوان کۆمەڵێ کولتووری جیاوازهوه، عەرەبی، کوردی، تورکی، قەوقازی و هیندیهوه، خاوەن ڕێژەیەکی زۆرە لە هاوڵاتی گەنج، خاوەن کولتوور و ئهدهبێکی دەوڵەمەندە، یەکەم دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە دەرهێنانی نەوت و خۆماڵیکردنی، یەکەم دەوڵەتی شیعەیە لە حوکمڕانیدا، پاشان ئێران خاوەن وزەیەکی زۆر و بڕێکی باشی کان و کانزایە و دەروازەی بەرەو دەریا و دهریاچه ههیه، کە هەناردە و هاوردەی بازرگانی وزه و کاڵا ئاسانتر دەکات، ئەگەر گەمارۆی ئابووری بواری بدات. لەدوای شۆڕشی ئیسلامیەوە، ئەمریکا بەردەوام سزای ئابووری خستووەتە سەر ئێران، لە ساڵی 1980 دا هەرچی داهاتی ئێران هەبوو لە ئەمریکا سڕ کرا، لە ساڵی 1984 دا گەمارۆی ئابووری خستە سەر کڕینی چەك، لە ساڵی 1995 گەمارۆی وزەی بەسەردا سەپاند، دواجار لە ساڵی 2004 دا، لەبەر ئەوەی گومانی، لە پیتاندنی یوڕانیۆمی بۆ بواری بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، لێدەکرد نەك تەنها بۆ بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمی، کارکردنی لە بواری زانستیدا لەگەڵدا ڕەت کردەوە، بە پێچەوانەوە ئێران پەرەسەندنی هەژموونی خۆی لە سوریا و عیڕاق و لوبناندا ئەوەندەیتر واڵا کردەوە، جگە لەوەی ئەوەندەی ئێران لەو دەڤەرە جێگای دڵەڕاوکێی ئیسرائیلە، ئەوەندە بوونی فەڵەستین کاریگەری نیە بۆ ئەوان. وزە بۆ ئێران بڕبڕەی پشتی ئابووریەکەیەتی، نزیکەی %35 داهاتی دەوڵەت، لە داهاتی وزەوە سەرچاوە دەگرێ، بەڵام بە هۆی گەمارۆ ئابووریەکەی سەر هەناردەکردنی وزەوە، زۆربەی شانە و لوولەی گوازتنەوەی نەوت کۆن و بێ کەڵك بوونە، جگە لەوەی ئێران بە هیوا بوو لە ڕێی تورکیاوە گاز هەناردەی ئەوروپا بکات، لێ بە هۆی دۆزینەوەی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست، کە بۆ ئەوروپا نزیکتر و لەبارترە، پلانەکەی ئیران دەپوکێتەوە. بۆ گوازتنەوەی نەوتیش، ڕۆحانی لەساڵی 2019 دا سەردانی بەغدادی کرد، کە یەکەمین سەردانی لێپرسراوێکی لەو ئاستەیە بۆ عیڕاق پاش شەڕی ئێران و عیڕاق، تا بتوانێ ڕەزامەندی گوازتنەوەی نەوت لە ڕێی عیراقەوە وەربگرێت، بەڵام هەژموونی گەمارۆ سەپێنراوەکەی سەری لەلایەن ئەمریکاوە، ڕێگەی بە ڕەزامەندی عیڕاق نەدا. ئەوەی لێرەدا هەلەکە دەقۆزێتەوە وڵاتی چینە، کە ئێران بتوانێ لاسەنگی ئابووریەکەی پێ ئاسایی بکاتەوە، لە ئێستادا چین یەکەم هەڵبژاردەی کاری هاوبەشە لە بواری ئابووریدا و بە تایبەت لە بواری وزەدا. تەنگەی هورمز ڕێگای دەریایی، یەکێکە لەو ڕێڕەوانەی گرنگیەکی ئابووری تایبەتی هەیە، چ بۆ گوازتنەوەی کاڵا و چ بۆ سەرجەم پەیوەندیە ئابووری و سیاسی و دیپلۆماتیەکان لە جیهاندا، وەلەبەر ئەوەی زۆربەی وزەی جیهان دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بۆیە گوازتنەوەی بە ڕێگای دەریا و ئوقیانوسەکانەوە کۆڵەکەی گەشەسەندن و پەرەسەندنی ئابووری، دیپلۆماسی، سیاسیە، لێرەدا تەنگە و گەرووی ئاویش که وڵاتان به دهوروبهری خۆیهوه دهبهستێتهوه، ڕۆڵی سەرەکی لەو پەیوەندیانەدا دەگێڕن وەکو تەنگەی هورمز و تەنگەی باب المندب لە یەمەن بەتایبەت لهو ناوچهیهدا. تەنگەی هورمز له ڕووی جوگرافیهوه شوێنێکی ستراتیژی زۆر گرنگی هەیە، ڕێژەی %40 ی هەموو وزەی جیهان لەو گەرووەوە تێپەڕ دەبێت، ڕێژهیهکی زۆری ئەو وزەیەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ئەمریکا هەناردە دەکرێت لەو گەرووەوە تێدەپەڕێت؛ کە کەنداوی عومان لە دەریای عەرەبی جیادەکاتەوە، زۆربەی هەناردەکانی عیڕاق و سعودیە و ئیماڕات و کوێت و ئێران و نزیکەی هەموو هەناردەکانی قەتەر هەر لەو تەنگەی ئەو گەرووەوە ئاودیو دەبێت، ئەم گەرووە شوێنێکی ستراتیژی زۆر گرنگە بەتایبەت بۆ عیڕاق، کوێت، ئیمارات، قەتەر و عومان، ئەم تەنگەیە کەنداوی عومان بە کەنداوی عەرەبی و دەریای عەرب و ئۆقیانوسی هیندی دەبەستێتەوە. ئێران لە بەندەرعەباسەوە کۆنتڕۆڵی ئەم گەرووە دەکات، ناوی گەرووی هورمز لە ناوی پاشایهکی سهردهمی مەملەکەتی هورمزەوە هاتووە، کە یەکێك لە مەملەکەتەکانی ئەو سەردەمەی وڵاتی فارس بووە. یاسای دەریایی نێودەوڵەتی، ئەم تەنگەیە بە بەشێك لە جوگرافیای دەریا دەژمێرێ بۆ تێپەڕبوونی هەموو کەشتیە بازرگانیەکانی جیهان بەبێ جیاوازی و نابێ جوڵەی بازرگانی تێدا بوەستێنرێ، بە مەرجێ نەبێتە مایەی تێکدانی ئاسایش و ئارامی ناوچەکانی کەنار و جێنشینەکان و دەستدرێژی نەکاتە سەر ئاسایش و حورمەتی ئەو دەوڵەتانەی دەکەونە سەر ئەو تەنگەیە. ئەم تەنگەیە، لە باکورەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانە و لە باشورەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی شاهەنشاهی عومانە، پانتاییهکهی پەنجا کیلۆمەترە، بەڵام لە نێوان دوو خاڵی وشکاییدا کەمترین پانتایی دەبێتە سی و چوار کیلۆمەتر، قوڵایی ئەم تەنگەیە لە قووڵترین شوێنی دەگاتە شەست مەتر، ئەم قووڵاییە لە هەموو شوێنێکی وەکو یەك نییە، بەڵکو زیاتر لە ناوەڕاستی پانتاییەکەیە، ڕۆژانە لە نێوان 20-30 کەشتی بارهەڵگری وزەی پێدا تێپەڕدەبێت، کە دەکاتە %40 ی پێداویستی وزەی جیهان و %90 ی بەرهەمی هەناردەی ئەو دەوڵەتانەی کەنداو وەکو کوێت، عیڕاق، قەتەر، ئێران و ئیماڕات، له ساڵی 2018 دا نزیکهی سێ یهکی نهوتی ههموو جیهان و چارهکی غازی شلی ههموو جیهان لهو تهنگهیهوه گوازراوهتهوه. هەرچی گرژیەك لە باری سیاسی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو بدات، ڕەنگدانەوەی لەسەر سیاسەتی وزەی جیهانیدا دەبێ، بوونی وزەش تەنها فاکتەری هاوبەشە، کە بەرژەوەندیەکانی ئەو دەسەڵاتدارانە پێکەوە گرێ دەدا، دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەسەڵاتە بەسەر کۆنتڕۆڵکردنی وزه و پاشان کێبڕکێی ئاوبووری لە جیهاندا، لە ئیستاشدا بوونی هێزێکی ئابووری ڕکابەر وەکو چین و بوژانەوەی هێزی ئابووری هیندستان، ئەوەندەیتر بلۆکی ڕۆژئاوا لهمهڕ ئهو کێبڕکێیه نائارام دهکات. گرنگی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە، هێزە دژ بەیەکەکانی لەوێدا کۆکردووەتەوە، ئهو گژیهی له نیوان ئێران و ئهمریکاشدا هەیە، ههمیشه دهبێته دهرئهنجامێك بۆ ههڕهشهکردن له پهکخستنی گهرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە. تەنها سزاش، کە شکستی زیاتر بە ههنگاوهکانی ئێران بهێنێ، سزادانه ئابووریەکەیەتی، یا بهردهوامیدان به سزا ئابووریهکهی، یا گهمهکردن به نرخی نهوت و خستنهئارای ڕێژهیهکی زۆری فرۆشتنی نهوت لهلایهن مهملهکهتی سعودیهوه و داڕمانی نرخهکهی و زیانبهخشین به داهاتی ئێران. هەڕەشەکانی ئێرانیش وەکو دەسەڵات لەسەر تەنگەی هورمز، کاریگەری تەواوی لەسەر گرانبوونی نرخی نەوت و دواجار شێواندنی تەواوی وڵاتە پیشەسازیەکانی جیهان دەبێ. *هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure