16/1/2020 02:36 PM

ئاشنابوون لەگەڵ چوار خانمه شاعیری ئێرانی

رێژەی ژنانی شاعیر لە مێژووی ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێراندا ژومارەیەکی ئەوتۆ نییە. لەمپەری فەرهەنگی پیاوساڵار، ئیزنی خۆدەرخستنی بەژنان نەداوە لەبواری فەرهەنگ و ئەدەبیاتدا. بەڵام بەم حاڵەشەوە ژومارەیەکی کەم لەژنان ئەم لەمپەرانەیان تێکشکاندووە و کۆمەڵێک بەرهەمی ناوەزەشیان بۆ داهاتووان جێهێشتووە. لەدرێژەدا لەگەڵ چەند کەس لەم ژنە بوێر و ئازایانە ئاشنا ئەبین.

رابیعەی بەلخی
رابیعەی بەلخی کۆنترین ژنە شاعیری ئێرانیە کە لەسەدەی چواری کۆچیدا لەدایکبووە. باوکی رابیعە عەرەبێکی کۆچەری بووە و پاشان بۆتە حاکمی بەلخ، سیستان و قەندەهار. ئەم شاعیرە لەسەردەمی "سامانییەکان"ـدا ژیاوە و لەگەڵ شاعیری بەناوبانگی ئەو کات واته "روودەکی" هاتوچۆی بووە. رابیعە عاشقی یەکێک لە بندەستەکانی براکەی بەناوی "بەکتاش" ئەبێت و کۆمەڵێک شێعری سۆزدارانه بۆ خۆشەویستەی ئەهۆنێتەوە.

تاهیرەی قوڕەتولعەین
ئەم ژنه شاعیر و رۆشنبیرە لە 1330ـی کۆچی و لەسەردەمی پاشایەتی ناسرەدین شای قاجاردا لەدایکبووە. دایک و باوکی تاهیرە هەردوکیان مسوڵمان بوون، بەڵام خۆی پەیوەست ئەبێ بە بزووتنەوەی "بابیە" و لەنزیکانی "سەید محەمەدعەلی باب" بووە. تاهیرەی قورەتولعەین بە یەکێک لە سەرنموون و هێماکانی بزووتنەوەی ژنان دێتە ئەژمار و دەگوترێ لەفەزای چەقبەستووی ئەو کاتەی ئێراندا حیجابی لاداوە. لەپاش تیرۆری ناسرەدین شا، تاهیرە بەتۆمەتی کۆشتنی مامه گەورەکەی و هەروەها بەتاوانی "فساد فی‌الارض" لە سێدارە ئەدرێت.

پەروین ئیعتسامی
ئەم ژنە شاعیرە ساڵی 1907ـی هەتاوی لە تەبرێز لەدایکبووە. باوکی پەروین نووسەر و وەرگێڕ بووە و ساڵی 1910 ئەبێتە نوێنەری خەڵکی تەبرێز لەپەرلەمانی ئێران، هەر بۆیە لەتاران نیشتەجێ ئەبن. پەروین لەم ماوەیەدا لەگەڵ لووتکەکانی ئەدەبیاتی فارسی لەپەیوەندیدا ئەبێت، بۆ نموونه: محەمەدتەقی بەهار-شاعیر و چالاکی سیاسی، عەلی ئەکبەری دێهخودا- ئەدیب و فەرهەنگنووسی بەناوبانگی ئێرانی. یەکەم دیوانه شێعری ئەم شاعیرە ساڵی 1935 بڵاوئەبێتەوە.

فرووغ فەروخزاد
فرووغ ساڵی 1934 لەدایکبووە. وەکوو یەکەم ژنی رەوتی نوێبوونەوەی شێعری فارسی دێتە ئەژمار و کاریگەرییەکی زۆریشی لەسەر بزووتنەی ژنان بووە لەئێران. شێعری فرووغ سادە و لەهەمان کاتدا قووڵ و پڕناوەرۆکە و گوزارشتێکە لەدۆخی ژنانی هاوسەردەمی خۆی. ئەم ژنە شاعیرە ساڵی 1961 لەڕووداوێکی هاتوچۆدا گیانی لەدەست ئەدات.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved