21/1/2020 09:20 PM

چارەنووسی گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی دیاریدەكرێت

بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پاراستنی خانوو و گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی، بەتایبەت گەڕەكی شێخان، هەردوو لیژنەی شارەوانی و ڕۆشنبیری پەرلەمانی كوردستان سەردانی قائیمقامیەتی سلێمانیان كردو لەگەڵ قائیمقام و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوبەری شوێنەوارو لیژنەی شوێنەوارو چەند كەسایەتییەكی بواری پاراستنی شوێنەوار كۆبوونەوە.

ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی باسی لەو هەوڵانە كرد كە لە ماوەی رابردوودا لەرێگەی لیژنەیەكەوە كە نوێنەری فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی تێدایە داویانە بۆ پاراستنی تەواوی خانو‌و گەڕەكە كەلەپورییەكانی سلێمانی و ئاماژەی بەوە كرد كە مەبەستیانە ئەو گەڕەك و خانووانە بە شێوازە كەلەپورییەكەی بمێننەوەو لەسەر شێوازە كۆنەكەی لەرێگەی وەبەرهێنەوە نۆژەنبكرێنەوەو ببن بە شوێنی چالاكی هونەری و بازرگانی.

هەر لە كۆبونەوەكەدا توانا كەمال سەرۆكی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد كە وەكو شارەوانی و حكومەتیش مەبەستمانە سیمای گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی بپارێزین بەجۆرێك بچێتە خزمەتی شارەكەو هاووڵاتیانیشەوه. وتیشی: بەپێی ماستەرپلانی شارەوانی كاری خۆمان دەكەین و مەبەستیشمانە خزمەت بە شارەكەمان بكەین.

دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەرۆكی كۆبونەوەكە خرایەروو، لو‌قمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد كە وردەكارو پێشنیاری زۆریان خراوەتە بەردەست لەبارەی گەڕەكە كۆنەكانی سلێمانی بەتایبەت گەڕەكی شێخان، وتیشی: بۆچوونی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكەوە نزیكەو هەموو لایەك مەبەستێتی ئەو گەڕەكە كۆنانە وەكو خۆیان نۆژەنبكرێنەوە بۆ ئەوەی بچنە خزمەتی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانییەوە.

دواتر ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی باسی لەوە كرد كە كێشەی گەورەی بەردەم لیژنەی شوێنەوارو فەرمانگە حكومییەكان بۆ كاركردن لە پاراستنی ئەو سیماو سامانە گەورەیەی شارەكەمان نەبوونی یاسای تایبەتە بە بواری شوێنەوار، بۆیە پێویستە پەرلەمانی كوردستان كاری جدی بكات بۆ دەركردنی یاسایەكی تایبەتمەند لە بواری پاراستنی شوێنەوارو خانووە كەلەپورییەكان.

خاك - راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved