22/1/2020 08:44 PM

ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی داده‌خرێن

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری داخستن و ڕاگرتنی كارو چالاكییه‌كانی 33 كۆمپانیای ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی دا.

دوای چه‌ندین مانگ له‌ ره‌خساندنی هه‌ل بۆ نوێكردنه‌وه‌و باپه‌ندبوونی كۆمپانیاكان به‌ ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ئاگاداركردنه‌وه‌یان. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ دووه‌مین قۆناغی چاكسازی له‌ بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی، له‌به‌ر باپه‌ندنه‌بوون به‌ رێنماییه‌كان و پێوه‌ری نوێی مۆڵه‌ت نوێكردنه‌وه‌و كۆگاكردن، بڕیاریدا به‌ داخستن و له‌كار ڕاگرتنی كارو چالاكییه‌كانی 33 كۆمپانیای ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌م بڕیاره‌ پاڵپشته‌ به‌ بڕیاره‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران تایبه‌ت به‌ چاكسازی له‌ بواری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی و هه‌روه‌ها نوسراوی سه‌رۆكایه‌تی داواكاری گشتی.

له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كوالێكتی كۆنترۆڵی جۆری ده‌رمان و پێداویستی پزیشكی، سه‌ندیكای ده‌مانسازان، داموده‌زگاكانی ته‌ندروستی له‌ كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت) ئاگادارده‌كاته‌وه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م بڕیاره‌ له‌ ڕۆژی ده‌رچوونیه‌وه‌، پاڵپشت به‌م بڕیاره‌ هیچ كارو چالاكییه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئه‌نجامنادرێت.


خاك - ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved