25/1/2020 02:58 PM

تابلێتی M10 FHD REL بەفەرمی ناسێندرا

لەحاڵێکدا کە کۆمپانیای لێنۆڤۆ لەوڵاتی هیند مۆبایلی زیرەکی رەوانەی بازاڕ نەکردووە، بەردەوام خەریکی فرۆشتنی تابلێتە لەبازاڕەکانی ئەم وڵاتە. لەم دواییانەدا ئەم کۆمپانییە چینییە پەردەی لەسەر نوێترین تابلێتی خۆی بەناوی M10 FHD REL لاداوە. هەر ئەو جۆرەی کە ئەتوانین لە رووی ناوەکەیەوە بزانین، ئەم تابلێتە خاوەنی شاشەیەکی 10.1 ئینچە و کواڵیتییەکەی فوول HDـیە. دەوروبەری شاشەی ئەم تابلێتە پەراوێزێکی زۆری هەیە.
لەبەشی سەرەوەی ئەم تابلێتە کامێرایەکی 5 مێگاپیکسڵی تایبەت بە سێڵفی جێگیر بووە و هەروەها کامێرای سەرەکی ئەم تابلێتە بە توانستی 8 مێگاپیکسڵەوە وێنه و ڤیدیۆ تۆمار ئەکات. هێزی ئەم تابلێتە لەلایەن چیپسێت سنەپدراگۆنی 450ـوە دابی ئەبێت کە تواناییەکی کەمە.
لێنۆڤۆ M10 FHD REL خاوەنی 3 گێگابایت رام و 32 گێگابایت بیرگەیە. هەڵبەت بەکارهێنەران ئەتوانن بیرگەی دەرەکی/ microSDـش بەکار بهێنن. ئەم بەرهەمە نوێیەی لێنۆڤۆ لە سیستەمی ئەندرویدی وەشانی 9 سوود وەردەگرێت و ئەرکی دابین کردنی وزە لەئەستۆی پیلێکی 7000 میلی ئەمپێرەوە دابین ئەبێت.
وای فای Dual Band، جەکی 3.5  میلیمەتری هێدفۆن و رادیۆی FM بەشێکن لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم تابلێتە. ئەم بەرهەمەی کۆمپانیای لێنۆڤۆ هەر ئێستا بە نرخی 196 دۆلار لەبازاڕەکانی وڵاتی هیند دەست ئەکەوێت.

 

سەرچاوە: gsmarena

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved