27/1/2020 03:45 PM

رێکەوتی بڵاوکردنەوەی فیلمی "ئانچارد" دووبارە دواخرا

تا ئێستا رێکەوتگەلێکی زۆر بۆ بڵاوبوونەوەی فیلمی "ئانچارد" راگەیەنراوە. ستۆدیۆی "کۆلۆمبیا پیکێرز سۆنی" لەنوێترین هەواڵی خۆیدا رایگەیاندووە کە ئەم فیلمە لە رێکەوتی 5ـی مارسی 2021ـدا بڵاو ئەکرێتەوە.
فیلمی Uncharted لەڕاستیدا لەڕووی کایەیەکی کۆمپیتەرییەوە بەرهەم هاتووە و ستایل و شێوازەکەی هاوشێوەی فیلمەکانی "ئیندیا جۆنز"ـە. کۆمپانیای "ناتی داگ" وەکو بەرهەمهێنەری ئەم کایەیە، یەکێک لە لقەکانی گەورە کۆمپانیای ژاپۆنی واته "سۆنی"ـیە. چیرۆکی "ئانچارد" سەبارەت بە کارەکتەرێکی زۆر جوان و شیرینە  بەناوی "نیتین" کە حەزی لە دۆزینەوەی ئاڵتوونه.
ئەم کارەکتەرە لەگەڵ راهێنەرە قژ سپییەکەی خۆی واتە "ڤیکتۆر سالیوان" سەردانی ناوچە سێحراوییەکان ئەکەن بۆ ئەوەی "گەنج و ئاڵتوون" بدۆزنەوە کە لەم گەشتەدا تووشی رووداوی جۆراوجۆر ئەبن. فیلمی "ئانچارد" زیاتر باسی ژیانی "نیتین"ـی گەنج و چیرۆکەکانی ئەوە و لەوانەیە دەسپێکەری زنجیرە فیلمێکی نوێ بێت بۆ کۆمپانیای سۆنی. لەلایەکی دیکەوە سۆنی هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئەم دواخستنە زۆرانه نەداوە، بەڵام ئەتوانین بڵێین یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم کێشەیە، جیابوونەوەی دەرهێنەری ئەم فیلمە واتە "تراویس نایت" لە پرۆژەی "ئانچارد"ـە. گۆیا سۆنی هێشتا کەسێکی شیاوی بۆ ئەم مەبەستە نەدۆزیوەتەوە کە جێگای "نایت" بگرێتەوە و بەرهەمهێنانی فیلمەکە لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا بەکۆتایی بگەیەنێت. ئەم پرۆژەیە ئەوەندە دوور و درێژ بۆتەوە کە "مارک والبرگ" کە کاتی خۆی بۆ رۆڵی نیتین هەڵبژێردرابوو، ئێستا بڕیارە رۆڵی سالیوان بگێڕێت!
هەڵبەت دەبێ ئەوەش بزانین کە هەندێک پێشکەوتن لەم پرۆژەیەدا هاتۆتە ئاراوە. بەپێی راپۆرتی Deadline، پێدەچێ کە دەرهێنەری فیلمی "Zombielan/ وڵاتی زامبییەکان" باشترین بژاردە بێت کە ئەرکی دەرهێنەریی ئەم فیلمەی پێ بسپێردرێت. ئەوە لەحاڵێکدایە کە ئەکتەرە سەرەکییەکانی ئەم فیلمە بۆ نموونە: "مارک وابرگ" و "تام هالند" لەجیگای خۆیاندا ماونەتەوە. سێناریۆی ئەم فیلمە لەلایەن "ریف جادکینز" و "ئارت مارکۆم" و "مەت هالۆوی"ـیەوە نووسراوە.

 

سەرچاوە: engadget

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved