27/1/2020 03:56 PM

سێ یانەی گەورە چاوەڕوانی "کاڤانی" ئەکەن!

ئیدینسۆن کاڤانی هێرشبەری ئۆرۆگوایی، کۆتایی بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان هێناوە و چاوەڕوانی ڕێکەوتنی لێپرسراوی کارەکانیەتی لەگەڵ یەکێک لە سێ یانە داواکارەکەی.
بەبڕیارێکی هونەری ئیدینسۆن کاڤانی لە پێکهاتەی یانەی پاریس سانت جێرمان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی یانەی لیل دوورخرایەوە، لەم بارەیەوە "تۆماس توخێل"ـی ڕاهێنەری ئەڵمانی ڕایگەیاند: دوورخستنەوەی هێرشبەرەکە لەبەرئەوەیە چەند یانەیەک لەسەرهێڵن بۆ گواستنەوەیی و داهاتووی نادیارە.
لەم بارەیەوە ڕۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی ئاشکرای کردووە، هەریەک لە یانەکانی مانچستەر یونایتد و چێڵسی لە خولی ئینگلتەرا و ئەتلەتیکۆ مەدرید لە ئیسپانیاوە داواکاری جەنگاوەرە سیلیستیەکەی ئۆرۆگوای بوون، لەهەمووشیان نزیکتر بۆ گواستنەوەی یانەی ئەتلەتیکۆی ئیسپانییە.

لەئێستادا هەر سێ یانە گەورەکە لەچاوەڕوانی وەڵامی هێرشبەرە 32 ساڵەکەدان و ئامادەییان دەربڕیوە تەواوی مەرج و داواکاریەکانی بۆ جێبەجێ بکەن، هەندێک لەشارەزایانی بواری گواستنەوەی یاریزانانیش پێیان وایە کەیسی کاڤانی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید بەبڕی 10 بۆ 15 ملیۆن کۆتایی پێهاتووە و لایەنەکان چاوەڕوانی واژووکردنی وردەکاریەکانی ناو گرێبەستەکەی دەکەن.
گرێبەستی کاڤانی لە هاوینی 2020 لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان کۆتایی دێت و لەدوای کڕینی "ماورۆ ئیکاردی" لەلایەن سەرمایەدارانی قەتەرەوە، هێرشبەرە ئۆرۆگواییەکە ڕەتیکردەوە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و هەر بۆیە لەسەرەتای ساڵی نوێوە تائێستا تەنها یەک ڕووبەڕوبونەوەی ئەنجامداوە.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved