27/1/2020 08:40 PM

کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر مێژووی سینەمای کورد

خوسره‌و سینا

ئەمڕۆکە ڕەوتێکی سینەمایی کە خەریکی بەرهەمهینان و پێشکەشکردنی فیلمە بە زمانی کوردی و تەرکیز دەکاتە سەر تەوەرگەلێکی تایبەت بە کوردەوە لە جوگرافیای وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا و هەروەها بەرهەمهێنانی بەربڵاو لە شوێنەکانی دیکەی ئەم گۆی زەوییە بەتایبەت ئەورووپا، بە «سینەمای کورد» ناوزەد دەکرێت.

یەکەمین فیلم لە مێژووی سینەمادا کە لە چوارچێوەی فیلمی چیرۆکیدا، دیمەنێکی بەڵگەمەند و «مرۆڤناسانە»ی لە کوردە ئێزدییەکانی دانیشتووی ئەرمەنستان خستەڕوو، فیلمی «زارە» بەرهەمی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووە لە ساڵی ١٩٢٦دا و لە دەرهێنانی فیلمسازی ئەرمەنی «هامۆ بێکنازاریان» بوو؛ چیرۆکی فیلمەکە باس لە ئەوینی نێوان کچێکی کورد «زارە» و شوانێکی لاو بەنێوی «سیدۆ» دەکات کە لەژێر سەرکوت و چەوساندنەوەی دەسەڵاتداراندا بۆ ژیان دەجەنگن.

لە مەودای نیوان ساڵەکانی ١٩٣٣بۆ ١٩٦٧چەندین فیلمی دیکە لەلایەن دەرهێنەرە ئەرمەنی، ئیتاڵی و ئەڵمانییەکانەوە سەبارەت بە کوردەکان بەرهەمهات کە زۆربەیان دیمەنێکی خراپیان لە کورد پیشان دەدا.

لەوانەیە بکرێت هەوڵی ناسەرکەوتووی «فەرهاد جیهان» و «کوردخان» لە نیوەی دووهەمی دەیەی پەنجای زایینی لە تورکیادا بە یەکەمین هەوڵی کوردەکان بۆ پیشاندانی «خود لەلایەن خودەوە» بزانرێت کە بە هۆکارگەلێک ئەم دوو دەرهێنەرە نەیانتوانی فیلمەکەیان تەواو بکەن.

بەڵام دەکرێت بەرهەمە سینەماییەکانی یەڵماز گونای فیلمسازی باکووری کوردستان، مێگەل، ١٩٨٧؛ دیوار، ١٩٨٣ و بەتایبەت فیلمە سەرکەوتووەکەی واتە «ڕێگا»،١٩٨٢کە توانی خەڵاتی دارخورمای زێڕینی فستیڤاڵی کان بەدەست بهێنێت بە جیددیترین هەنگاو بۆ پێکهاتنی ڕوانگەیەکی نوێی سینەمایی بزانرێت.

گونای لە وێنەی فیلمسازێکی کورد بە ڕوانگەیەکی شوناسخوازانەوە (خود لە ڕوانگەی خودەوە) بۆ یەکەمین جار لە سینەمادا شێوازی ژیانی کوردەکان و کێشەکانیانی لە دوو پانتایی گرنگی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەی تورکیا، لە دووتوێی دیمەندا بەرجەستە کردەوە و بەکردەوە بوو بە دامەزرێنەری سینەمایەکی «شوناستەوەر» کە دوای کۆچی دواییەکەی چرای ئەم سینەمایە بەرەو کوژاندنەوە دەچوو.

یەکەمین هەنگاو بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی سینەمایی بە زمانی کوردی لە باشووری کوردستاندا لە ساڵی ١٩٨٩و بە بەرهەمهێنانی فیلمی «مەم و زین» لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدامدا دەستی پێکرد. بەڵام ئەم فیلمە لە لایەکەوە بە هۆی تێچووی زۆر و گوشاری حکوومی و چاوەدێری لە بەرهەمهیناندا و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی دەستپێڕانگەیشتن بە کەسانی لێزان لە بواری تەکنیکی سینەمادا و هەروەها دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی شەڕی کوێت ناتەواو مایەوە.

لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٩٩٠دا هاوکات لەگەڵ شەڕی کوێت، پڕۆژەی فیلمی «نێرگز بووکی کوردستان» لە دەرهێنانی جەعفەر عەلی و لە بەرهەمهێنانی مەکی عەبدوڵا دەستی پێکرد و دوایین دیمەنەکانی لە ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستاندا ڕێکۆرد کراو و کۆتایی پێهات. ساڵێک دواتر بە بەرهەمهێنانی فیلمی «گۆرانییەک بۆ بەکۆ» لەلایەن «نیزامەدین ئاریچ»ـەوە، بەکردەوە زمانی کوردی (ئەگەرچی سنوورداریش) هاتە نێو بازنەی سینەماوە، دەکرێ ئەم فیلمە بە یەکەمین فیلم بە زمانی کوردی بزانین.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٩٩فیلمی «کاتێک بۆ سەرخۆشیی ئەسپەکان» وەک یەکەمین فیلم بە زمانی کوردی و بە چیرۆک و پاڵەوانە خۆجێییەکانەوە لە جوگرافیای کوردستاندا، توانیی سنووری وڵاتەکان بشکێنێت و لە یەکەمین سەرکەوتنی جیهانیدا وەک باشترین فیلمی یەکەمی دەرهێنەرێک، لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵی هونەرییدنیا، واتە «فێستیڤاڵی کان»ی فەڕانسە، خەڵاتی کامێرای زێڕینی وەدەست هێنا و بەکردەوە بووە فیلمێکی بەرچاو و سەرکەوتووی فێستیڤاڵە بەناوبانگە جیهانییەکان.

ئەم فیلمە لە هەمان ساڵدا بووە نوێنەری ئێران بۆ کێبەرکێ لە خەڵاتی ئۆسکاردا و بە دەرکەوتنە سەرکەوتووەکانی لە پانتایی جیهانیدا، دەرفەتێکی پێکهێنا تاکوو سەرنجی فیلمسازانی دیکە ڕابکێشێت بۆ بەرهەمهێنانی فیلم بە کەڵکوەرگرتن لە تایبەتمەندییە گرنگەکان وەک شوناس و تەرکیزکردنە سەر زمانی کوردی.

لە ساڵی 2000 بەدواوە تەوەرێکی گشتی و سەرەکیی هاوبەش لە ژێر سەردێڕی «سینەمای کورد» سەریهەڵدا؛ بە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی فیلمسازانی ئەم ڕەوتە سینەماییە لە فسیڤاڵە جیهانییەکاندا و سەقامگیربوون و یەکگرتنی ڕەوتە پرژ و بڵاوەکانی بەرهەمهێنانی فیلم لەوێنەی گۆڕەپانێکی ناوچەیی هاوبەش بۆ بەرهەمهێنانی فیلم بە زمانی کوردی و سەبارەت بە کوردەکان، ئەم ڕەوتە گەشەی زۆرتری بەخۆیەوە بینی.

دەرهێنەرانی ناسراو و بەناوبانگ وەک «هونەر سەلیم، هشام زەمان، مانۆ خەلیل و حوسێن تاباک» لە ئەورووپادا، «کازم ئوێز، ئۆمید ئەلچی، نیزامەدین ئاریچ، ماحسوون قیرمیزیگول، بوولەنت ئوێزتورک و میراز بێزار» لە باکووری کوردستان، «شەوکەت ئەمین کۆرکی، کارزان قادر، مەهدی ئومێد، هەڵکەوت مستەفا، جانۆ ڕۆژبەیانی و شاخەوان ئیدریس» لە باشووری کوردستان، «بەهمەن قوبادی، ئیبراهیم سەعیدی، شەهرام عەلیدی، سالم سەڵەواتی، تەها کەریمی، بەتین قوبادی، ستار چە مە نی گوڵ» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و هەروەها زۆرێک لە فیلمسازانی دیکە کە کەمتر ناسراون، بە بەرهەمهێنانی فیلمگەلێکی جیاواز دەستیان دایە ئەزموونە نوێیەکان لە ژانرە جیاوازەکاندا.

چیتر دوایین فیلمەکانی ئەم بزووتنەوەیە نابەسترێتەوە بە سینەمای تراژیک و میلۆدرامەوە و ئەزموونگەلێکش لە بواری کومێدیا و تەنانەت لە ڕوانگەی پۆست مودێرنەوە لە سینەمادا ئەنجام دراوە.

ئەم فیلمە نوێیانە تاڕادەیەکی زۆر خۆیان لە کەش و هەوای گوندیی و بەرچاوگەی سروشتییەوە دوور کردوەتەوە و جۆرێک لە سینەمای شارییان پێکهێناوە. بە سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێ و پڕۆفشناڵی بریتی لە هۆکارە تەکنیکییەکانی فیلم بە لێزانیگەلی جیاوازەوە وەک کامێرامانی، مۆنتاژ، دەنگهەڵگری، نواندن، هۆکارەکانی بەرهەمهێنان و تەنانەت سەرمایەدانەر و بەرهەمهێنەرە ناحکوومییەکان، بووە هۆی ئەوەی هەوڵە خۆڕسکە سەرەتاییەکان جێگای خۆیان بدەن بە سیستەمێکی بەرنامەبۆداڕێژراو. ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریشی لە سەر حەز و سەلیقەی بینەرانیش داناوە و گرووپێک لە بینەرە پڕۆفشناڵەکانی فیلم پێکهاتوون کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ ڕەوتی گۆڕانکارییە نوێیەکان دەکەن و ڕخنەی لێدەگرن. 

 

خاك - زاموا زاهیر




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved