29/1/2020 01:09 PM

ماندووبوون مەترسیی پشێویی لێدانی دڵ زیاتر دەكات


توێژەرانی ئەمریكا ئاماژە بەوەدەدەن ئەو فەرمانبەرانەی زۆر ماندوو دەبن لەسەر كارەكانیان زیاتر ڕووبەڕووی ناڕێكیی لێدانی دڵ دەبنەوە.
تیمێكی توێژەرەوەی ئەمریكا لە زانكۆی باشوری كالیفۆرنیا ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەو فەرمانبەرانەی كاتی زیاتر لەسەر كار دەمێننەوە و زۆر ماندوو دەبن لە هەموو كەس زیاتر ڕووبەڕووی مەترسییەكانی ناڕێكی لە لێدانی دڵیان دەبنەوە.
ئەو توێژەرەوانە بۆ ماوەی 25 ساڵ چاودێریی باری تەندروستی (11) هەزار كەسیان كردبوو كە ماندوو و شەكەت بوون لە كارەكانیان و بۆیان دەركەوت نزیكەی (%20)یان تووشی لەرزینی گویچكۆڵەكانی دڵیان بوون.
توێژەرەوەكان وتیان»ئەگەر ئەو دۆخەیان بەردەوام بێت ڕەنگە ئەو كەسانە دواتر ڕووبەڕووی مەترسیی جەڵتەی دڵ و نۆرە دڵێ ببن، ئەوانەش ئەو دوو حاڵەتەن كە ئەنجامەكەیان مردنە».
توێژەرەوەكان دەشڵێن» ئێستا (ڕیكخراوی تەندروستیی جیهانیی) ماندوێتی ئیشیی وەك نەخۆشییەك لە نەخۆشییەكانی سەردەم ناساندووە، بە شێوەیەكیش پێناسەی دەكات كە دەبێتە ماندوبوونێكی درێژخایەن ئەگەر كەسەكە بەسەریدا زاڵ نەبێت».
هەروەها ئەو توێژەرەوانە لەبەر رۆشنایی ئەو پێناسەیەدا دەڵێن» ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە درێژخایەنە دەبن لە بارێكی لە دەستدانی وزە و نائومێدیی لە كارەكەیان دا دەژین».
توێژەرەوەكان ئاماژەیان بەوەش داوە كە ماندووبوونی زۆر دەبێت هۆی سەرهەڵدانی هەوكردن و زیادبوونی هەستەوەریی، ئەوانەش دوو فاكتەرن كە بەهۆیانەوە دڵ ناتوانێت خوێن بنێرێت بۆ بەشەكانی تری جەستە، ئەمەش لە دواجاردا كەسەكە تووشی لەرزینی گوێچكۆڵە دەكات و دواتریش دەبێتە هۆی ئەوەی ماسوولكەی دڵ بە خێرایی لێبدات.

سەرچاوە: elaph




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved