30/1/2020 03:01 PM

باسێکی کورت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا"

ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرزبوونەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. پسپۆڕانی تەندروستی لەسەرانسەری جیهان هەوڵ ئەدەن پێکهاتەی ئەم ڤایرۆسە بەباشی بناسن و کۆنتڕۆڵی بکەن. سەرهەڵدانی ئەم ڤایرۆسە سەرەتا لە شاری Whhanـی چین و لەمانگی دیسامبەردا دەستی پێکرد و تا ئێستا ژومارەیەکی زۆر تووشی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بوون.
زۆرینەی قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە خەڵکی شاری "Whhan"ـی چینن، بەڵام بەپێی راپۆرتەکان ئەم ڤایرۆسە گەیشتۆتە کۆریای باشوور، ژاپۆن، تایلەند، ماکائۆ، هۆنگ کۆنگ و ئەمریکا.
سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە نادیارە و نیشانەکانی هاوشێوەی هەڵامەتە. خێرایی گواستنەوەی ئەم ڤایرۆسە یەکجار زۆرە. ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێوان ئاژەڵاندا هاوبەشە و هەندێک جار ئەتوانێ وەشانێک لەم ڤایرۆسە بگوازرێتەوە بۆ جەستەی مرۆڤ. لەسەرەتای سەدەی نوێوە دوو وەشانی ئەم ڤایرۆسە لەمرۆڤدا بیندراوە. ئەم ڤایرۆسە یەکەم جار لە 2002ـدا بووە هۆی نەخۆشی "سارس/ SARS" و لە 2012ـدا بووە هۆی نەخۆشیی MERS یان کۆنیشانەی کێشەی هەناسەدان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
زانایان لایان وایه وەشانی نوێی ئەم ڤایرۆسە لەسەرەتای مانگی دیسامبەری ساڵی رابردوودا توانیویەتی خۆی لەگەڵ جەستەی مرۆڤ رێک بخات. لەئێستادا کەس نازانێ ئەم ڤایرۆسە نوێیە بە چ خێراییەک لەکەسی تووشبووەوە ئەگوازرێتەوە بۆ کەسی تەندروست. بەڵام لەوە دڵنیاین کە ئەم ڤایرۆسە بەشێوەی فیزیکی ئەگوازرێتەوە، بۆ نموونە لەڕێگای: تەوقەکردن، ماچکردن، پژمین و کۆکە و شتی لەم چەشنە.
ئەم ڤایرۆسە ئەتوانێ بەدروستکردنی کێشە لەسیستەمی هەناسەداندا، کۆمەڵێک نیشانەی هاوشێوەی هەڵامەت بەدی بهێنێت، بۆ نموونه: ئاوی لووت، کۆکە، ئێشی قوڕگ، ژانەسەر و تا. ئەو کەسانەی وا سیستەمی بەرگری جەستەیان لاوازه بۆ نموونه کەسانی بەساڵاچوو یان مناڵان، زیاتر لەمترسیدان.
خۆدوورخستنەوە لەکەسانی تووشبوو تا رادەیەک ئەتوانێ مەترسی ئەم ڤایرۆسە کەم بکاتەوە. شۆردنی دەست بە سابوون بەماوەی لانیکەم 20 چرکە خاڵێکی زۆر گرنگە بۆ پارێزراوبوون لەبەرانبەر ئەم ڤایرۆسەدا. ئەگەر هەست ئەکەن نیشانەکانی تووشبوون بەم ڤایرۆسەتان هەیە، ئەبێ بەخێرایی سەردانی بنکەکانی تەندروستی بکەن و ئەو شوێنانەی وا دەستتان لێی ئەکەوێت بەباشی پاک بکەنەوە. ئەگەر بڕیارە بڕۆن بۆ چین زانیاری ورد لەسەر ئەم ڤایرۆسە کۆ بکەنەوە و لەوێش سەردانی بازاڕی ئاژەڵان مەکەن.

 

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved