2/2/2020 12:24 PM

داهێنەرترین وڵاتانی جیهان

بەپێی نوێترین راپۆرتی "ناوەندیی پێوانی رادەی داهێنان"ـی بلۆمبێرگ، دواجار ئەڵمانیا پاش شەش ساڵ پلەی یەکەمی لەکۆریای باشوور وەرگرت و ناوی خۆی وەکوو "داهێنەرترین وڵاتی جیهان" تۆمار کرد. لەم ریزبەندییەدا ئەمریکا لەپلەی دەیەم و چین لەپلەی شانزەهەمدا جێگیر بوون. لەم توێژینەوەیەدا بارودۆخی 60 وڵات تاوتوێ کرا. مەرجەکان بریتین لە: خەرج کردنی پارە بۆ لێکۆڵینەوە و پەرەسەندن، توانستی بەرهەمهێنان و زۆربوونی کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆژیا.
لەدرێژەدا لەگەڵ چەند وڵاتی یەکەمی ئەم لیستە ئاشنا ئەبین.

ئەڵمانیا
ئەندازیاریی میکانیک و پیشەی ئۆتۆمبێلسازی ئەڵمانیا رۆڵێکی گرنگیان لەسەرکەوتنی ئەم وڵاتە و دەستەبەرکردنی پلەی یەکەمی ئەم ریزبەنییەدا هەبووە. ئەگەرچی ئەم وڵاتە لەزۆرینەی بەشەکاندا خاڵێکی زۆری تۆمار کردووە بەڵام ئەبێ ئەوە بزانین کە ئەڵمانیا هێشتاش لەبواری پەروەردە و راهێناندا لەوڵاتانی دیکە لەدوایە.

کۆریای باشوور
کۆریای باشوور ئەمساڵ پلەی یەکەم لەدەستدا. پێشکەوتوویی ئەم وڵاتە گرێدراوی کۆمپانیا گەورەکانی بواری تەکنەلۆژیایە، بۆ نموونه: سامسۆنگ، هیۆندای و LG. "چانگ سۆک گۆن"، مامۆستای بەشی بەڕێوەبەرایەتی پیشە لەزانکۆی "هانیانگ"ـی سێئوول بە بلۆمبێرگی گوتووە: ئێمه هیچ سەرچاوەیەکی سروشتیمان نییە، تەنها شتێک کە کەڵکی لێ وەردەگرین مێشکمانه.

سەنگافوور

سەنگافوور پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆیەوە بینیەوە و توانیویەتی لەپلەی شەشەمەوە خۆی بگەیەنێتە پلەی سێهەمی ئەم ریزبەندییە. ئەم پێشکەوتنه زیاتر پەیوەندی بە کەرتی وەبەرهێنانەوە هەیە.

سویسڕا
سویسڕا بەردەوام یەکێک لە 20 پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان بووە لەبواری داهێناندا. لەم وڵاتەدا کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاح چالاکیان هەیە، بۆ نموونه: کۆمپانیا دەرمانسازیی "نواریتس"، کۆمپانیای دەرمانسازیی "هۆفمان-لا رۆش". ئەم کۆمپانیانە لەگەڵ کۆمەڵێک کۆمپانیای دیکە لەبواری تەکەنەلۆژیادا توانیویانه سویسڕا لەپلەی چوارەمی داهێنەرترین وڵاتانی جیهاندا جێگیر بکەن.

 

سەرچاوە: businessinsider

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved