2/2/2020 09:22 PM

تەندروستی سلێمانی بۆ كۆرۆنا ژووری عەمەلیات پێكدێنێت

تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ژوورێكی عەمەلیاتی پێكهێناو بڕیاریشیدا رێگری بكرێت لە گەشتكردن بۆ وڵاتی چین و نەهێشتنی گەڕاندنەوەی گەشتیاران لە چینەوە بۆ سلێمانی تا كاتی تەواوبوونی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە.

تەندروستی سلێمانی بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناو رێگرییەكان و پێكهێنانی ژوورێكی عەمەلیات كۆبوویەوەو تاووتوێی رەوشی تەندروستی بەگشتی و بڵاوبونەوەی  ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین و وڵاتانی جیهان كراو پلان و بەرنامەو كاری نوێ بۆ چۆنێتی روبەڕووبونەوەی ئەو ڤایرۆسە لە شاری سلێمانی دانرا.

لەوبارەیەوە، د.هێرش سەلیم جێگری بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند: كۆبونەوەكە گرنگبوو و تێیدا بڕیاردرا بە دروستكردنی ژوورێكی عەمەلیاتی بەردەوام بۆ پرسی خۆپارێزی و گرتنەبەری رێوشوێنی  پێویست بۆ ئەگەری حاڵەتی  توشبوونی هەركەسێك بە ڤایرۆسی كۆرۆناو رێگرتن لە نەخۆشیيەكە.

لەو كۆبوونەوەیەدا بریاردرا:
- رێوشوێنی خۆپارێزی لەسەر سنوورو فڕۆكەخانەكان بگیرێتەبەرو شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران بەتایبەتی ئەوانەی لە چینەوە دێن دروستبكرێت، مانەوەیان بۆ ماوەی 15 رۆژ تا دڵنیابوون لە سەلامەتیان.

- پێدانی رێنمایی لە شێوەی نامیلكە بە گەشتیارانی ناو فڕۆكەخانەكان و كردنەوەی خولی خێرا بۆ كارمەندانی فڕۆكەخانەكان.

- رێگرتن لە گەشتكردن بۆ وڵاتی چین و نەهێشتنی گەڕاندنەوەی گەشتیاران لە چینەوە بۆ سلێمانی تا كاتی تەواوبوونی مەترسییەكانی ڤایرۆسەكە.

- دروستكردنی هێلێكی گەرمی تەلەفونی 24 سەعاتی كە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەكرێتەوەو سەرپەرشتی دەكرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتیان راستەوخۆ پەیوەندی بكەن لە بوونی هەر گومانێك و رەواندنەوەی گومانەكانیان لە مەترسی توشبوون بە حاڵەتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناو هاوشێوەكانی.

خاك - راگەیاندنی تەندروستی سلێمانی 






زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved