5/2/2020 12:06 PM

مێژوو-شەڕی ڕیگای هەمپتۆن

"شەڕی ڕێگای هەمپتۆن" کە هەروەها بە ناوەکانی "شەڕی نێوان مۆنیتۆر و ماریماک" یان "شەڕی ئایرۆنکلادس" ناوئەبرێت یەکێک لە گرنگترین و جێگای مشتومڕترین شەڕی دەریاییە لەناو شەڕەکانی ناوخۆی "ئەمریکا"دا. ئەم شەڕە پترلەدوو ڕۆژ واتە رۆژەکانی هەشت و نۆی مانگی ئازاری ساڵی 1862 لە رێگای هەمپتۆن درێژەی خایاند. ئەم ڕێگایە شوێنێکە لە "ڤیرجینیا" کە رووباری "ئەلیزابێت" و رووباری " نانسیمۆند" تێکەڵ بە رووباری "جەیمز" ئەبن رێک بەر لەوەی کە بڕۆنە ناو "کەنداوی چیساپیک"ـەوە کە لە قەراخی شاری "نۆرفۆلک"ـەوەیە. ئەم شەڕە بەشێک بوو لەهەوڵی "کۆنفێدراسیۆن"ـەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەربەستەی کە یەکیەتی دایمەزراندبوو و ببووە هۆی ئەوەی گەورەترین شارەکانی "ڤیرجینیا" کە هاوکات ناوەندی شارەکانی پیشەیی بوون واتە شارەکانی "نۆرفۆلک" و "ریچمۆند" نەتوانن لە بازرگانی ناونەتەوەیی‌دا بەشداربن. بەرچاوترین بەشی ئەم شەڕانە بریتی بوو لەم ڕووداوە کە ئەمە یەکەم جار بوو کە پاپۆڕە نیزامییەکانی "یو ئێس ئێس"ـی "مۆنیتۆر" و "سی ئێس ئێس"ـی "ڤیرجینیا" دژ بەیەک رادەوەستان. سوپای "کۆنفێدراسیۆن"ـەکان پێکهاتبوو لەهێزی ئاسنینی "ڤیرجینیا" و چەندین پاپۆڕی پشتیوانی‌ دیکە. لە یەکەمین رۆژی شەڕدا ئەمانە لەگەڵ چەندین پاپۆڕی داری هێزی دەریایی یەکیەتییەکان ڕووبەڕوو بوونەوە. لەم رۆژەدا "کۆنفێدراسیۆن"ـەکان توانییان دوو دانە لە پاپۆڕەکانی "فێدراڵ فلۆتیلا" واتە "یو ئێس ئێس کۆنگرێس" و " یو ئێس ئێس کامبرلەند" تێکبشکێنن و لەوانە بوو پاپۆڕی سێهەمیش نوقم کەن کە پاپۆڕی "یو ئێس ئێس مینیسۆتا" بوو بەڵام ئەمیان توانی خۆی دەرباز بکات.

 

سەرچاوە: artsandculture

خاک _ پشکۆ کامەران




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved