16/2/2020 08:01 PM

مه‌ڵاشوو چیه‌؟ ئایا مه‌ڵاشوو كه‌وتن هه‌یه‌؟

د.پشده‌ر عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل پزیشكی پسپۆڕی نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان بابه‌تێكی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌ڵاشوو، تێیدا وه‌ڵامی زۆرینه‌ی هاووڵاتیانی داوه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت دایكان له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا مه‌ڵاشوو كه‌وتن ڕاستییه‌؟

له‌ بابه‌ته‌كه‌یدا د.پشده‌ر ڕوونیكردووه‌ته‌وه‌، له‌كاتی له‌دایكبوونی منداڵدا كۆمه‌ڵێك كون له‌ ئێسقانی سه‌ردا هه‌ن كه‌ دیارترین و گه‌وره‌ترینیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ به‌شی پێشه‌وه‌ی سه‌ردا هه‌یه‌و پێیده‌ڵێن مه‌ڵاشوو.

ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت: مه‌ڵاشوو قه‌باره‌یه‌كی دیاریكراوی هه‌یه‌و له‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا دائه‌خرێت (9 تا 18) مانگ، پێویسته‌ مه‌ڵاشوو ته‌خت بێت و نیمچه‌ نه‌رم بێت، هه‌ندێكجار لێدانی هه‌یه‌ وه‌ك لێدانی خوێنبه‌ر.

سووده‌كانی مه‌ڵاشوو
1-له‌كاتی له‌دایكبووندا یارمه‌تیده‌ر ئه‌بێت بۆ تێپه‌ڕبوونی كۆرپه‌له‌ به‌ناو له‌شی ئافره‌تدا، چونكه‌ ئێسقانه‌كانی سه‌ر ئه‌چنه‌ سه‌ریه‌ك به‌هۆی بوونی ئه‌و كونانه‌ له‌ سه‌ردا.
2-یارمه‌تیده‌ر ئه‌بن بۆ گه‌وره‌بوون و گه‌شه‌ی مێشك، واته‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م كونه‌ زوو دابخرێت و ئێسقانه‌كان یه‌كبگرن، مێشك ناتوانێت له‌وه‌ زیاتر گه‌وره‌ بێت و گه‌شه‌بكات.
3-له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كونه‌وه‌ زانیاری له‌سه‌ر مێشك له‌ڕێگه‌ی سۆنه‌رو ئامێری تری دیاریكردنی نه‌خۆشی به‌ ئاسانی وه‌رئه‌گیرێت.
4-پزیشك له‌ڕێگه‌ی ده‌ستلێدانی ئه‌توانێت زانیاری ده‌ستبكه‌وێت له‌سه‌ر په‌ستانی ناو مێشك، بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر چاڵبووبێت واتا نه‌خۆشه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ وشك بووبێته‌وه‌، یان ئه‌گه‌ر ده‌رچووبێت له‌وانه‌یه‌ په‌ستانی ناو مێشك زیادی كردبێت.
5-ئاگاداربن له‌كاتی گریان و پاڵكه‌وتن و ڕشانه‌وه‌ مه‌ڵاشوو بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌رئه‌چێت.

ئه‌و پزیشكه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ندێك كه‌س له‌كاتێكدا كه‌ مه‌ڵاشوو ئه‌چێت به‌ ناوه‌وه‌و چاڵ ئه‌بێت له‌كاتی وشكبوونه‌وه‌دا په‌ستان ئه‌خه‌نه‌ سه‌ر به‌شی سه‌ره‌وه‌ی ناو ده‌م، وائه‌زانن مه‌ڵاشووی منداڵه‌كه‌یان كه‌وتووه‌و به‌وه‌ ئه‌یهێننه‌وه‌، به‌ڵام نازانن كه‌ ئێسقانێكی زۆر پته‌و له‌نێوان ده‌م و مێشكدا هه‌یه‌ كه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و په‌ستانه‌ كاریگه‌ری نیه‌، به‌ڵكو ته‌نها ئازاری منداڵه‌كه‌ ئه‌دات.

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌و پرسیاره‌ی كه‌ ده‌وترێت مه‌ڵاشوو ده‌كه‌وێت؟ ئه‌و پزیشكه‌ ده‌ڵێت: مه‌ڵاشوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكه‌وێت.

خاك - ئا/ لانه‌ كاشان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved