17/2/2020 02:52 PM

هەڵاتنی پاڵەوان لەدەق!

 

نوسینی: محەممەد رەتییان
وەرگێڕانی: فەرەیدون ئەحمەد پێنجوێنی


(1)
...، ئیتر لە لاپەڕە (127)دا بڕیارمدا لە ڕۆمانەكە ڕابكەم! دەزانم من ئەو "ڕۆماننوسە" شێتەم لە تەنگژەیەكی گەورەدا جێهێشت، بەڵام كێ پێیوت لەناو زیاتر لە بیست ملیۆن هاووڵاتیدا بەتایبەتی من هەڵبژێرێت تا ببمە پاڵەوانی ڕۆمانە لەناوچووەكەی؟
من ئەمزانی ڕووداوەكان بەرەو كۆتاییهاتنی من دەچوون و گرێی ڕۆمانەكە پێویستی دەكرد من بمرم.
ئاخۆ بەوە دەیكوشتم كە ئۆتۆمبێلێكی خێرا بمكات بەژێرەوە كە كاراكتەرێكی نەدیو و نەناسی "كۆمبارس" لێیدەخوڕێت، كە تاكە ڕۆڵی ئەوەبێت كە من بكات بەژێرەوە؟... یان عەقڵە ڕۆماننوسییە نەخۆشەكەی پاڵم دەنێت بۆ خۆكوشتن؟...
نازانم... ئەوەی دەیزانم ئەوەیە من بڕیارم دا لەلاپەڕەكانی كتێبەكە هەڵێم و ڕابكەم بۆ شەقامەكانی ژیان...
بە گومانەوە لە شەقامەكان دەپەڕیمەوە.. بە ترسەوە  سەیری گشت ئۆتۆمبێلەكانم دەكرد.. "نەوەك ئۆتۆمبێلێكیان تێدابێت ڕۆماننووسەكە ناردبێتی تا بمكات بەژێرەوە"..
تا ئەم ساتەش باوەڕناكەم لە دەقەكە هەڵاتبم..!
لای ئێوارە، میوانخانەیەكی بچووك و هەرزانم هەڵبژارد تا ئەوشەوەی تێدا بەسەربەرم.
بۆ بەیانی، بەدەنگی لێدانی دەرگای ژوورەكە خەبەرم بوویەوە.. دەرگاكەم كردەوە.. "ڕۆماننووسەكە" لەبەردەممدا وەستابوو... ڕەنگوڕووی خەمبار و ماندوو بوو، چاوەكانی شڵەژاو و لەرزیو دیاربوو..
 پێیوتم:
ـ دوێنێ نەخەوتووم..
ـ ......!
قسەی زۆری بۆكردم لەبارەی بەهای ئەوەی كە لەناو "دەق"دا بژیم... نەك لە دەرەوەی.
وتیشی: بەڕاستی ژیان درۆیە... "دەق" حەقیقەتە..
قەناعەتی پێكردم كە: ئەگەر لەناو "دەق"دا بمرم، ئەوە من نامرم..!
بەلارەملێوە درێژەی بەقسەكانی دا: دەرچەیەك دەدۆزینەوە بۆ ڕزگاركردنت لە مردن...
منیش پێموت: كەواتە، لەسەر هەندێك وردەكارییش ڕێكدەكەوین..
ئەویش بە بێ بیرلێكردنەوە وتی: ڕازیم..

(2)
لە لاپەڕە (128)دا... كوشتمی...!!




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved