17/2/2020 08:36 PM

چین دراوەکانی پاکدەکاتەوە لە کۆرۆنا

بانکەکانی چین هەوڵی پاککردنەوەی دراوەکانی دەدات بە مەبەستی خۆپاراستن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو بەپێی نوێترین ئاماریش تائێستا ژمارەی توشبووان زیاتر لە ٧١ هەزارو ژمارەی ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە زیاترە لە هەزارو ٧٠٠ کەس.

بانكی ناوەندی چین لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە: رێگەی داوەتە سەرجەم بانكەكانی وڵاتەكەی كە تیشكی سەرو بنەوشەیی یاخود پلەی گەرمی بەرز بۆ پاككردنەوەی دراوی نەختی لیوان بەكاربهێنن‌و دواتر مۆر بكرێن‌و بۆ ماوەی ٧ تا ١٤ رۆژ یەدەگ بكرێن پاشان بەكاربهێنرێن، تاوەكو بتوانن رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بکەن بەهۆی دەستاودەستكردنی پارەوە.

ئاماژەی بەوەش كردووە: لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسەوە بانكی ناوەندی چین بە شێوەیەكی خێرا ٤ ملیار لیوانی نوێی بە شێوەی كاغەز چاپكردووە‌و ناردویەتی بۆ وۆهان.

بانكی ناوەندی چین ئەوەشی خستۆتەڕوو: رێنماییمان داوەتە سەرجەم بانكەكان تا دەتوانن دراوی نوێ‌و پاكژكراوە بدەنە هاووڵاتیان بۆ ئەوەی دووربن لە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا.

بەپێی نوێترین ئاماری ماڵپەڕی بۆلۆمبێرگی ئەمریکی لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە ٧١ هەزارو ٤٣٥ کەسەو تائێستاش هەزارو ٧٧٥ کەس گیانیان لەدەستداوەو ١٠ هەزارو ٦٤٤ کەسیش تەندروستییان خراپەو مەترسی مردنیان لەسەرەو تائێستاش ١٠ هەزارو ٨٤٤ چاکبوونەتەوەو نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.


خاك - ئاژانسه‌كان




زۆرترین خوێندراوە



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 khaktv all rights reserved